الإمکانات الجغرافية للتنمية السياحية المستديمة في محافظة حلبجة

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 249

دکتۆرانامه

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (سروە دەشتی وەهاب)ـە. بە زمانی عەرەبی پێشکەش بە بەشی جوگرافیی زانکۆی سەلاحەدین لە ساڵی ٢٠٢٠ کراوە. لێکۆڵینەوەکە (توانستە جوگرافییەکانی گەشەپێدانی گەشتوگوزاری بەردەوام لە پارێزگای هەڵەبجە) خستووەتەڕوو، کە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەمی چوارچێوەی تیۆری و ناساندنی ناوچەی لێکۆڵینەوەیە. بەشی دووەمی توانستە جوگرافییە سروشتیەکان و بەشی سێیەم توانستە جوگرافییە مرۆییەکانی بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار باسکردووە. لە بەشی چوارەمدا لێکۆڵینەوە لە واقیعی ئێستەی گەشتوگوزار و چۆنییەتی ئاڕاستەکردنی بۆ پەرەپێدانێکی بەردەوام باسکراوە. لێکۆڵینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە پارێزگای هەڵەبجە هەرچەندە دەوڵەمەندە بە توانا سروشتی و مرۆییەکان، بەڵام گەشتوگوزار تیایدا لە ئاستی تواناکانیدا نییە و دواکەوتووە. تەنها لایەنی ئەرێنیی ئەم دواکەوتنەش ئەوەیە، کە زەمینەی دانانی پلانێکی گەشتیاریی گونجاو بۆ بوارەکە دابنرێت تاکو پارێزگاکە بگاتە ئاستی پەرەپێدانی بەردەوام لە کەرتی گەشتوگوزاردا.

التحلیل المکاني للأستعمالات الأرض الزراعية في قضاء حلبجة باستخدام نظم المعلومات الجغرافية (ماستەرنامە)

لێکۆڵینەوەی خوێنکار (سەرکەوت ئەفراسیاب جهان)ـە و پێشکەش بە زانکۆی موسڵ لە ساڵی ٢٠١٣دا کراوە. لە شیکردنەوەی شوێن بە سیستمی GIS بۆ بەکارهێنانەکانی زەوی کشتوکاڵی لە قەزای هەڵەبجە دەکۆڵێتەوە. لێکۆڵینەوەکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە. لەبەشی یەکەم و دووەمدا بە جیا باس لە گرنگترین هۆکارە سروشتیە کاریگەرەکان وەک بەرزی و نزمیی ڕووی زەوی، ئاوهەوا، دەرامەتی ئاو، خاک دەکرێت. هەروەها هۆکارە مرۆییە گرنگەکانی وەک هێزی کار و کرێکاری کشتوکاڵی، ئامێر و پەیینی کیمیایی و هتد لەسەر کشتوکاڵ لە ناوچەی لێکۆڵینەوەدا کاریانلەسەرکراوە. لە بەشی سێیەمدا ئەو هۆکارە بایۆلۆژییانەی، کە کاریگەرییان لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی نەخۆشی و پەتاکان و شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا باسکراوە. بەشی چوارەمی لە دوو تەوەرە پێکهاتووە، تەوەرەی یەکەمی باس لە چەمکی بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و پۆلێنکردنیان و ناوچە کشتوکاڵی و بەرهەمدارەکان و دواتر دابەشبوونی جوگرافییان دەکات. تەوەرەی دووەم باس لە شیکاریی گۆڕانی شوێنی لە بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە بەکارهێنانی سیستەمی زانیاریی جوگرافی و شێوازە ئامارییەکان دەکات. لێکۆڵینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە کارلێکێکی بەهێز هەیە لەنێوان هۆکارە سروشتی و مرۆییەکاندا سەبارەت بە فراوانیی بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی. سەرەڕای بوونی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بەشێوەیەک (٣٥.١٩%) ڕووبەری ناوچەی لێکۆڵینەوەکە، کە زەوی بەردەڵان بوون بۆ بەرژەوەندیی گشتی بەکاردەهێنرێن، ٦٤.٨١% بە ڕێژەیی دابەشکراوە، بەشێوەیەک ٢٧.٩٩% ڕووبەری کشتوکاڵییە، ١٩.٣% ڕووبەری لەوەڕگە سروشتییەکانە و ١٧.٠٣% ڕووبەری دارستانە سروشتییەکانە، ٠.٤٩% ڕووبەری دارستانە دەستکردەکانە. هەروەها توێژینەوەکە بە چەندین ئەنجامی دیکەیش گەیشتووە، لەوانە بوونی ناوچەی دەشتایی لە ناحیەی سیروان و کەمیی ئەم ناوچەیە لە ناحیەی بیارە. هەروەها دابەشبوونی دەستیکار و بیرە ئیرتیوازییەکان بەپێی ناوچە کشتوکاڵییەکان، کە هەموو ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر ڕادەی بەکارهێنانی زەوی بۆ بواری کشتوکاڵی هەیە.

المدارس الدينية الکردية و دورها في مواجهة التطرف العقدي - مدارس الحلبجة في القرن العشرين أنموذجا (ماستەرنامە)

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (جەلال عەبدولڕەحمان یوسف)ـە. ساڵی ٢٠٢٤ وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە شەریعەتی ئیسلامیدا، پێشکەش بە بەشى بنەماکانی ئایینی زانکۆی هەڵەبجە کراوە. بەشێوەیەکی گشتی لێکۆڵینەوەکە باس لە ڕۆڵی خوێندنگە ئاینییەکان – حوجرەکان-ى سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەکات، تاوەکو چەندە ئەم خوێندنگە ئاینییانە ڕۆڵیان لە ڕووبەڕووبوونەوە و سەرهەڵنەدانی هزری پەڕگیریدا هەبووە. بەشێوەیەکی گشتی لێکۆڵینەوەکە لە سێ بەشى سەرەکى پێکهاتووە: بەشى یەکەمى لە پێناسەی زاراوە سەرەکییەکانى توێژینەوەکە لەگەڵ کورتەیەک لە مێژووی خوێندنگە ئایینییەکان واتە حوجرەکان پێکدێت. بەشی دووەمی تەرخانکراوە بۆ باسکردن لە خوێندنگە ئایینیە دیارەکانى دەوروبەری هەڵەبجە لە سەدەى بیستەمدا. بەشی سێیەم تایبەتە بە قسەکردن لەسەر خوێندنگە ئایینییە کوردییەکان و ڕۆڵیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پەڕگیریدا. لە کۆتایدا لێکۆڵینەوەکە بەو ئەنجامە گەشتووە، کە خوێندنگە ئاینییە کوردییەکان لە سەدەى بیستەمدا لە ڕێگەى پڕۆگرامى خوێندنەوە ڕۆڵێکى گرنگیان لە ڕووبەڕووبوونەوە و وشککردنى سەرچاوەکانى پەڕگیری و توندوتیژیدا هەبووە.

المعالجات التخطيطية لآثار الکارثة البيئية في مدينة حلبجة منطقة الدراسة - مرکز قضاء حلبجة (ماستەرنامە)

لێکۆڵینەوەی (بشرى عبدالرحيم ياس)ـە و لە ساڵی ٢٠٠٦، پێشکەشی (المعهد العالي للتخطيط الحضري و الاقليمي / جامعة بغداد) کراوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئاماژە بە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ کراوە، ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی کێشەی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەری، جۆری ئەو چەکە کۆمەڵکوژانەی بەکارهاتوون و کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک و ژینگە، لێکۆڵینەوەیە لە کاریگەرییەکانی پاشماوەی کیمیاباران و ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن لایەنە ناوخۆیی و دەرەکیەکانەوە گیراونەتەبەر. ئایا ناوچەکە لە پاشماوەی کیمیایی ڕزگاریبووە، دانانی پلانێکی گشتگیر بۆ ئایندەی شار و ئاوەدانکردنەوەی شاری هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

4

هاوبەشی پێبکە