پڕۆژەی ئاوی شارەدێی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-10
خزمەتگوزارییەکە، ئاوی خاوێن بۆ دانیشتوانی شارەدێی تەوێڵە دابیندەکات. خۆی لەسێ پڕۆژەدا دەبینێتەوە و بە گوێرەی مێژووی جێبەجیکردنیان بەم جۆرە ئەنجامدراون:
١- پڕۆژەی ئاوی مالێدەر: یەکەم پڕۆژەیە. بریتییە لە ڕاکێشانی ئاوی هانەکڵە لە چەمی ئاوێسەرەوە بۆ نێو خەزانێکی ئاو لە سەردەگای پشتی مالێدەرەوە، کە بە قازان ناسراوە. دوای سەردانیکردنی وەسی عەبدلئیلای کەسی دوەمی ڕژێمی پاشایەتیی عێراق لە ٢٦ی ٩ی ١٩٥٦ بۆ تەوێڵە و داوکاردنی محەمەد سان ئەحمەدی سەرۆکی شارەوانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دوای دوو مانگ ڕەزامەندی بۆ دەرچووەو ساڵێکی خایاندووە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٧دا ئاوی ماڵەکانی گەڕەکی مالێدەر لەم پڕۆژەیەوە بە بۆری بە پێی خشتەیەکی فەرمانگەی ئاو دابەشدەکرێت بەسەر ماڵاندا، میراو و پاسەوانی هەیەو ئێستاش لە کاردایە.
٢- پڕۆژەی ئاوی وەراوەر: دووەم پڕۆژەیە. دانانی خەزانێکی گەورەی ئاوە لەبەشی سەرەوەی وەراوەر و لە تەواوی ماڵەکان بەرزترە. ساڵی ١٩٧٦ دانراوە. ئاوی کانیی پشتی حەوزی لە ڕێگەی ترومپای بەهێزەوە بۆ هەڵدەدرێت و پڕدەکرێت. لە ڕێگەی لوولەکێشیەوە گوازراوەتەوە بۆ ماڵەکان. بە پێی خشتەیەکی فەرمانگەی ئاوی تەوێڵە، دابەشی ماڵەکانی وەراوەر دەکرێت. میراو و پاسەوانی هەیە و لە ئێستاشدا لەکاردایە.
٣-پڕۆژەی ئاوی چلانە: پڕۆژەی دابەشکردنی ئاوە بۆ گەڕەکی چلانەی شارەدێی تەوێڵە. لەچاو پڕۆژەکانی تردا نوێیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ڕوخانی ڕژێم بڕیاریلێداوە. ساڵی ٢٠٠٦دەستیپێکردووە و ساڵی ٢٠٠٧ تەواوبووە. لەڕێگەی مقاولاتەوە جێبەجێکراوە. (مەعروف عومەر و مەعروف عەبدوڵا) جێبەجێیانکردووە. دانانی خەزانێکی گەرەی ئاوە لە پشتی گەڕەکی چلانە و لە ئاستی ماڵەکان بەرزترە. بە بۆری لە سەرچاوەی ئاوێسەرەوە لە هانەکڵە، ئاوی بۆ ڕاکێشراوە و بە پێی خشتەیەکی فەرمانگەی ئاو، عەمبارەکە پڕ ئاو دەکرێت. لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی مالێدەر بە نۆرە پڕدەکرێن و لە ڕێگەی لولەکێشییەوە بە شەبەکەی ماڵانی چلانەوە بەسراوە.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە. عبدالرزاق عبدالرحمن محمد چاپی یەکەم ٢٠٠٥ تاران ل ٤١٥.
- چاوپێکەوتن لە گەڵ شەمیان نەزمی حەمەساڵح. لەدایکبووی ١٩٧٧ دەرچووی ناوەندی.بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی تەوێڵە ١٠ی ١ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (هومایون ساحیب کەریم) لەگەڵ (مەعروف عومەر کەریم)، لەدایکبوو: ١٩٧١، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، لە ١١ی ١ی ٢٠٢٤، لە تەوێڵە.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم,د. ڕێباز لوقمان مستەفا