شەقامەکانی شارەدێی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12
١- ئاوێسەر: شەقامێکی کۆنکرێتە. کەوتووەتە ناوبازاڕی شارەدێی (تەوێڵە)، بەهۆی ئەوەی لەوێوە بەرەو چەمی ئاوێسەر دەڕوات ئەو ناوەی لێنراوە. لە ناوبازأرەوە دەستپێدەکات و بە هانەسوسودا تێپەڕ دەبێت. لە باخەکانەوە هەتا سەرچاوەی ئاوێسەر قیرتاوکراوە. شاری یاری و چەند خانویەکی گەشتیاری و مزگەوتی مەلانەزیری لەسەرە.
دزاوەر: لە گۆڕەپانی ناوبازاڕی تەوێڵە و بەردەمی مزگەوتەوە دەستپێدەکات، بە دەستی ڕاست بەرەو پشتی حەوز و چەمی دزاوەری ڕۆژهەڵات دەڕوات. جاران چەمی زاوەر بووە و بە چەند پردێک وەراوەر و مالێدەری بەیەکەوە بەستووە. دوای ڕاپەڕین چەمەکە کرایە سندوقی و سەرەکەی بە قیر و کۆنکرێت گیراو بوو بە شەقام. مەڵبەندی تەندورستی و قوتابخانە و فەرمانگەی کارەبا و سەنتەری منداڵانی تەوێڵە و قوتابخانە و چەند هۆڵێکی کەوتووەتە سەر.
٢- گەڕیات: شەقامی سەرەکیی چوونە ناو شارەدێی (تەویڵە)یە. بەناوی باخ و چەمی گەڕیاتەوە ناونراوە. لەسەرەتاوە بۆ خۆرهەڵات، پردی گەڕیاتی دەکەوێتە سەر، کە ڕێگەی گەڕیات بۆ مەرزی شۆشمێی لێدەبێتەوە. درێژییەکەی لە گەڕیاتەوە بۆ ناو تەوێڵە نزیکە یەک کیلۆمەترە. جاران لە ناو بازاڕەوە یەک سایدی تەسک بووە. پاشان بەسەر گرتنی چەمی تەویڵە، شەقامەکە فراوانکراوه. ساڵی ٢٠٢٣ شارەوانی زیاتر فراوانیکردووە، قیرتاوە. خانەقای تەوێڵە، فەرمانگەی نشینگە، بنکەی پۆلیس و قوتابخانەی تەوێڵە، دەکەونە سەر ئەم شەقامە.
سەرچاوەکان:
- سەردانیکردنی ئامادەکار هومایون ساحیب کریم بۆ شارەدێی تەوێڵە ٩ی١ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (گەردوون ڕۆستەم مستەفا)ی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی تەوێڵە، لەدایکبوو: ١٩٨٢، بڕوانامە: بکالۆریۆس لە ٩ی ١ی ٢٠٢٤.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ ئەندازیار (عیماد محەممەد خالد)، لە دایکبوو: ١٩٧٩، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: سەرۆکی شارەوانیی تەوێڵە، لە ٩ی ١ی ٢٠٢٤ .
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم