مەحموودخانی دزڵی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
ڕێکخراوی کلتوری (یانەوسیاچەمانە)، بۆ بەرزڕاگرتنی خەبات و قوربانیدانی (مەحموودخانی دزڵی)، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ١٩ی ٥ و له ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری سلێمانی لە دەستی ئینگلیزەکان و لەلایەن میر مەحموودخانی دزڵی، ئەنجامیدەدات. تا ئێستا سێ دیداری کردووە و هەردوو بنەماڵەی (مەحموودخانی دزڵی) و بنەماڵەی (شێخ مەحموودی حەفید) و چەندین نوسەر و توێژەر کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەت و جەماوەرێکی زۆری کوردستان ئامادەیبوون:
١- یەکەم دیداری مەحموودخانی دزڵی: ساڵی ٢٠١٩ لەسەر مەزاری ناوبراو لە گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، لەژێر ناونیشانی: (مەحموودخانی دزڵی سیمبولی پشتیوانی و هاوکاری بووە) ئەنجامدراوە. چەند نوسەر و توێژەرێک بابەتیان پێشکەشکردووە، لەوانە: (د. ماجید خەلیل، مامۆستا ئەیوب ڕۆستەم).
٢- دووەمین دیداری مەحموودخانی دزڵى: ساڵی ٢٠٢٢ بەسپۆنسەری (دامەرزاوەی کەریمی عەلەکە) لەسەر مەزاری (مەحموودخانی دزڵی) لە گوندی (هانەی قوڵ)ی سەربە شارۆچکەی (خورماڵ) بەڕێوەچووە، بە هاوکاریی بەڕێوبەرایەتیی ناحیەی (خورماڵ)، لەژێر ناونیشانی (مەحموودخانی دزڵی شوناسی بەرخۆدان و پێشەنگی شۆڕشی نەتەوەی کورد) بووە. چەند نوسەر و توێژەرێک بابەتیان پێشکەشکردووە. لەوانە: (د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، د. هەردی مەهدی مەیکە، عەبدولقادر شکاک).
٣- سێیەم دیداری مەحموودخانی دزڵی: ساڵی ٢٠٢٤ به هاوکاریی بەڕێوبەرایەتیی (ناحیەی خورماڵ)، لە هۆڵی شەهید (سامانی حاجی قادر)، لە شارۆچکەی (خورماڵ) ئەنجامدراوە. لەژێر ناونیشانی: (مەحموودخانی دزڵی سیمبولی بەرخۆدان)ـە. چەند نوسەر و توێژەر بابەتیان پێشکەشکردووە. ئەوانیش: (پ. د. ڕەنجدەر محەممەد عەزیز، مامۆستا ئیبراهیم مەیکە عەلی و شێخ ئازاد نەقشبەندی).
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی تیمی مەیدانی لەگەڵ (سوبحان فەیروز یەعقوب)، لەدایکبوو: ١٩٧٩، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: بەرپرسی ڕێکخراوی کلتوریی یانەو سیاچەمانە، لە ٢٩ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (محەممەد ئەحمەد عەزیز)، لەدایکبوو: ١٩٧١، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: بەڕێوبەری ڕۆشنبیریی خورماڵ، لە ٢٦ی ٥ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
ئامادەکردنی: تیمی مەیدانی/ شارۆچکەی خورماڵ