ئامیان
لە بەرنامەکانی سەتەلایتی گەلی کوردستانە، تایبەتە بە زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتیی ناوچەی هەورامان و قەڵەمڕەوی قوتابخانە شیعری و مۆسیقییەکەی و بازنەی ماچۆگۆیان. بە زمانی هەورامی پێشکەشکراوە. بیرۆکەی بووە، کە پێشتر بەرنامەی سۆزی هەورامانی بۆ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان ئامادە و پێشکەشکردووە. هەر خۆیشی ئامادە و پێشکەشکردنی ئەم بەرنامەیەی گرتووەتەئەستۆ. یەکەم ئەڵقەی ١٠ی ٥ی ٢٠٠٧ تۆمارکراوە و پەخشکراوە. دواتر ئەیوب کوێخا ڕۆستەم تا تا ساڵی ٢٠٢٢ ئامادەی کردووە شاناو کۆساڵان پێشکەشیکردووە و ساڵێکیش شاناو کۆسالان بووەتە ئامادەکار و پێشکەشکاری و تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوامبووە و چەندین کامێرامانی هەبووە. لەوانە: سامان مەجید، زانیار فەتاح، ئالان عوسمان و هێرش عبدالرحمان. کۆتاجار دیار خەسرەو مۆنتێری بووە. ٣٩٨ ئەڵقەی پێشەکەشکراوە. چەندین تەوەری گرنگی خستووەتە بەرباس.
جە هۆرامانۆ
بەرنامەیەکی هەورامی سەتەلایتی کوردستانە، لە ڕێگەی نوسینگەی هەڵەبجەوە، تایبەتە بە ژیانی فەرهەنگی و هونەری و ئەدەبی و مێژووی ژیانی هەورامان. بە شێوەزاری هەورامی پێشکەشکراوە. ئامادەکردنی هومایون ساحیب و پێشکەشکردنی فەرهەنگ دارا. کامێرا، حەمزە شوکر. دەرهێنانی حسێن محەمەد. لە نوسینگەی سلیمانی کاری مۆنتاژی بۆکراوە. یەکەم بەرنامەی لە ٢٠ی١٢ی ٢٠٠٥ لە تەوێڵە تۆمار و پەخشکراوە و ٥٠ ئەڵقەی بە دوو هەفتە جارێک لێ پەخشکراوە. لە هەردوو هەورامانی باشور و ڕۆژهەڵات، بەرنامەی تۆمارکردووە. تا ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوامبووە.
دادگای هەڵەبجە
بەرنامەیەکی دیجیتاڵی کەناڵی هەڵەبجەیە بە شێوەی ئۆنلاین و لایڤ لە شێوەی دادگا و شکڵی یاسایی پەخشکراوە. لە هەناوی کارەساتی کیمیابارانی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ەوە سەرچاوەی گرتووە. ئامادە و پێشکەشکردن: دانا هەڵەبجەیی، سەرپەرشتیکار: ڕێبوار حەمەفەرەج. وەرگرتنی پەیوەندییەکان: کامەران حەمەنووری کوردستانی. دواندنی کەسانی بەرکەوتوو، بریندار و خاوەن قوربانییانی کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە. لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٢ تا ٣ی ٦ی ٢٠٢٢، ٩١ زنجیرەی لێ پەخشکراوە و ٧٢ قوربانی قسەیانکردووە.
دیداری تەمەن
بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاریی تەلەفزیۆنییە. لە کەناڵی لۆکاڵیی هەڵەبجه تیڤی پەخشکراوە. چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسایەتی و شاعیران و نوسەرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا کردووە. مێژووی زارەکی تێدا تۆمارکراوە. لە ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ میوانداری ١٥ کەس کراوە. پێشکەشکار: سەرچڵ یونس عەبدولکەریم. کامێرامان: ڕێبین، شنروێ، سەرخێڵ، سیروان، پێشڕەو. دەرهێنان: ڕێبین محەممەد، هێمن، بەمۆ. میوانەکان (ع. ع. شەونم، مەلا لەتیفی بامۆکی، عەلی شەمعە، خاڵۆ سەید نەجیبی هانەسوورە، مامۆستا جەمال بێدار، حەکیمی مەلا ساڵح، ئازاد ساڵح شنروێ، حەمەی حاجی شەریف، مەلا تایەری یاروەیس، حەمەومین هەورامی، د. فایەق گوڵپی، مام وریا هاواری براخاس، مامۆستا ڕەئوف دەورێش فەرەج، محەممەدی حاجی مشیری تەپی سەفا).
ڕۆجیار
بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییە. ماوەی بیست و دوو ساڵە بەردەوامە و یەکەم بەرنامەی لە ساڵی ٢٠٠١ لە کەناڵی (ميزۆپۆتامیا) و ماوەیەکیش لە کەناڵى (ڕۆژ تی ڤى) پەخشراوە. سەرەتا بەناوی (هانە ڕەنگینە)بووە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٢ ناوی بەرنامەکە گۆڕاوە بۆ (ڕۆجیار) لە (ستێرک تی ڤى). زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ بەرنامەی لێ پەخش کراوە. هەریەک لە (ئازاد نەقشبەندی و موختار کەریمی و ژاڵانە نەقشبەندی)، وەک پێشکەشکاری بەرنامەکە کاریانکردووە. بەرنامەکە تایبەتە بە ناوچەی هەورامان و لەسەر زمان و کلتور و جوگرافیا و مێژوو و ئەدەب و کەسایەتییەکانی هەورامانی خۆرهەڵات و باشور کاردەکات، تا ئێستا بەردەوامە و هەفتەی دووجار پێشکەشدەکرێت.