گۆڕەپان و مەیدان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
یارییەکی وەرزشییە. مێژووی ئەم یارییە لە هەڵەبجەدا بە شێوەیەکی کلاسیکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکان، ئەو سەردەمە فەقێی حوجرەکان لە بەهاراندا بەتایبەت لە نێو خۆیاندا لە دەشتودەر، یان لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر یان لە گوندەوە بۆ شار، ڕاکردن و ماراسۆنیان کردووە. پاشان لە ساڵانی سەرەتای حەفتاکاندا، ئەم یارییە زیاتر دەرکەوت و گرنگی پێدرا، بەتایبەت بە هۆی فیستیڤاڵی وەرزشی ساڵانەی قوتابخانە و خوێندنگەکانی هەڵەبجەوە، کە تێیدا ژمارەیەک وەرزشەوانی لاوی بە توانا، بۆ ئەم یارییە دەرکەوتن و ئەنجامی باشیان بەدەستدەهێنا، لەوانە: مەولوود عەبدوڕەحمان بیاوێڵە، (کە بە سەعید عویتەی جەزائیری دەناسرا)، کاوە عومەر سەعید، عەلی سەعید ئەحمەد (عەلی مامە سەعید)، محەممەد ئەحمەد فەرەج (محەممەد باڵابەرز)، عومەر حەمەئەمین، ئەحمەد سەید فەرەج، نەجمەدین ڕەشید، حاجی والی، عوسمان حەمەئەمین، ئەحمەد حەمەئەمین، محەممەد حەمەڕەشید. لە ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزار و تا ئێستا، هەریەک لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە و یانەی وەرزشی پەیام و ڕێکخراو و سەنتەرەکان، ناوەناوە یان بە هۆی بۆنە و یادەوەرییەکانەوە، وەک چالاکی وەرزشی، یاریی ماراسۆن و ڕاکردن و گۆڕەپان و مەیدان، ڕێکدەخەن.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (سالار محەممەد ئەحمەد، مەولود عەبدوڕەحمان، عەلی سەعید ئەحمەد)، لە ١٠ی ٦ی ٢٠١٩، لە هەڵەبجە.
- هەڵەبجە و بواری وەرزش، شوان ئەفراسیاب عەلی، (بەرهەمی بڵاونەکراوە)، ٢٠٢٠.
ئامادەکردنی: شوان ئەفراسیاب عەلی