پەڕەگلایدەر

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 159

یاریی وەرزشی

یارییەکی نوێی وەرزشییە. فڕینە بە پەڕەشوت. بەهۆی ئەوەی سنوری پارێزگای هەڵەبجەی شاخاوییه،‌ بۆ ئەم وەرزشە لەبارە. پێداویستییەکانی: باڵ یان پاراگڵایدەر ئەوەی بە ئاسمانەوەیە، هارنس ئەو کورسیەی، کە پایلۆتەکە یان فڕۆکەوانەکە لەناویدا دادەنیشێت و باڵەکەی لێدەبەسترێت، پەڕەشوتی یەدەک لەکاتی حاڵەتی نەخوازراو، کە زۆر بەرز دەکرێتەوە و بەسەلامەتی دەنیشیتەوە، کڵاوی تایبەت، کە زۆر بەزەحمەت تێکدەشکێت و پارێزگاری لەسەری پایلۆتەکە دەکات، ئامێری فلایمەستەر یان ئەو ئامێرەی، کە جی پی ئێس و بەرزیی و خێرایی هەوا و زۆر زانیاری دەدات، دەستکێش و پێڵاوی تایبەت و جلی گونجاو، جیهازێکی بێتەل (بێ سیم)، بۆ ئەوەی ئەگەری نەخوازراو یان شتێکی گرنگ هاتەپێش، کەسی شارەزاتر بتوانێت هاوکاریبکات. یاریزانی یارییەکە پێویستی بەڕاهێنەری شارەزا هەیە و دەبێت دوای ماوەیەک لە فڕین، دەورەیەکی سەلامەتی(siv) ئەنجامبدات، بۆ ئەوەی بتوانێت کاتێک باڵ تێکدەچێت یان خراپ دەبێت، خۆی چاکیبکاتەوە. بەشەکانی: بریتییە لە (پۆینت، کروسکانتری، ئاکرۆ، پەڕەماتۆر).

سەرچاوەکان:

  1. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (سەلمان حەمەشەریف سان ئەحمەد)، لەدایکبوو: ١٩٨٤، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، مامۆستا، یاریزان و ڕاهێنەر، لە ٢٣ی ١٢ی ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

9

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەسپسواری

وەرزشێکی ناوچەکەیە‌. هەر لە کۆنەوە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە پیادەکراوه، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەی لە دانیشتوانی گوندەکان بوون. چەند جۆرێک یاری و نمایشی پێکراوە، وەک: غارغارێن، سوارچاکی، پێشبڕکێ...

زیاتر بزانە
یاریی وەرزشی

باسکە: سەبەتە

یارییەکی وەرزشیی بە کۆمەڵە، لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان ئەم یارییە وەرزشییە لە هەڵەبجەدا لە قوتابخانە و خوێندنگەکان بە شێوەی ڕێکخراو و ڕێکوپێک دەرکەوتووە. لەو سەردەمەدا چەندین وەرزشەوان گرنگیان بەم یارییە دەدا، لەوانە: سەرکەوت شەوکەت، سامان یوسف، بەهرۆز محەممەد ئەڵڵا کەرەم، هیوا حەسەن و... ساڵی نەوەدەکان هەر دوو بەشی باسکەی یانەی هەڵەبجە و یانەی وەرزشی پەیام گرنگیان بەم یارییە داوە و لە پاڵەوانیەتیی خولی کوردستان بۆ یاریی باسکە بەشدارییانکردووە.

زیاتر بزانە
یاریی وەرزشی

بالە

یاریی تۆپی بالە، یەکێک بووە لە یارییە وەرزشییە گرنگەکان، کە لە هەڵەبجەدا ئەنجامدراوە، سەرەتای ئەنجامدانی ئەم یارییە لە شاردا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکان، ئەمەش لەسەر دەستی مامۆستا ساڵح مەلا محەممەد، کە ئەو کات لە ڕێگای دواناوەندیی هەڵەبجەی کچان یاریزانی ئامادەکردووە و مەشق و ڕاهێنانی پێکردوون، پاشان تیپی دامەزراندووە و یاریی تۆپی بالەیان ئەنجامداوە. هەندێک لە یاریزانانی ئەو سەردەمە لە تۆپی بالەی هەڵەبجە، ئەمانەبوون: جەلال عومەر سەعید، فەهمی حاجی محەممەد خڕە، ئەمین حەیدەر، عەلی سەعید ئەحمەد، بەختیار ڕەشید ئەحمەد خورشید، ئەحمەد قادر، لەتیف ئەحمەد، جەزا جەمال، بەختیار عەبدلقادر، و... هتد. ساڵی ١٩٨٠ - ١٩٨٨ ئەم یارییە بەردەوامی هەبوو، لەسەر ئاستی خوێندنگەکان و لە مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە، گرنگی زیاتری پێدەدرا، ئەمەش بە ڕێکخستنی خولی خوێندنگەکان و خولی هەڵبژاردەی قەزاکان لە ڕێگەی مەڵبەندی لاوانەوە. لەم قۆناغەدا پۆلێک لە یاریزانی بەتوانا دەرکەوتن، لەوانە: محەممەد ئەحمەد فەرەج، ئاکۆ عومەر حەمەساڵح، کاوە عەبدوڵا ئەمین، ئارام عومەر عەبدوڵڵا، بەرزان عومەر سەعید، ڕێبوار عوسمان حەمدی، هەڵکەوت عەبدوڵا، سەردار شەوکەت، کاوە عومەر سەعید، عەلی عینایەت، ساجید عوسمان عەلی، عوسمان حەمە‌ئەمین مەحموود، جەلال مەحموود قادر، ئاسۆ محەممەد عەلی، سەرکەت شەوکەت، ناجی عیزەدین محەممەد، نەریمان محەممەد عەبدلکەریم، جەبار حەمەئەمین دەلاک، لوقمان محەممەد عوسمان هانەسوورەی، ئاسۆ حاجی محەممەد، وەستا ئەحمەد، تەها بچکۆل، جەبار عەلی قادر، حەمید عەبدوڵا، جەلال مەحموود، ئازاد عەلی، سورکیو فایەق، دڵشاد محێدین، نەوشیروان بورهان محەممەد، و... هتد. ساڵی نەوەدەکان بە هۆی هەردوو یانەی وەرزشی هەڵەبجە و پەیام و بەهێزیی بەشی تۆپی بالەی هەردوو یانە و بەشداریکردنیان لە خولی تۆپی بالە بۆ یانەکانی کوردستان، کە لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستانەوە ڕێکدەخرا، ئاستی تۆپی بالە زیاتر گەشە و پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی و چەندین یاریزانی بەتوانا لە گۆڕەپانی ئەم یارییەدا دەرکەوتن.

زیاتر بزانە
یاریی وەرزشی

پاسکیلسواری

یارییەکی وەرزشییە، یان بە مەبەستی تەندروستی، یان بەمەبەستی پێشبڕکێ، یان وەک خولیا بۆ پیشە و گەیاندن بەکاردەهێنرێت و ئەنجامدەدرێت. پاسکیلسواری لە هەڵەبجە بۆ هەریەکێک لەم مەبەستانەی سەرەوە بەکارهاتووە. لە ساڵانی پەنجاکانەوە پاسکیل لە شاردا بەکارهێنراوە و لە ساڵانی حەفتاکان زیاتر گرنگی پێدراوە و بەکارهێنراوە. ساڵی ١٩٧٧ - ١٩٧٨ پێشبڕکێی پاسکیلسواری بە سەرپەرشتی محەممەد فەتاح لیرە، لە کانی پانکەوە بۆ هەڵەبجە ڕێکخراوە. ساڵی ١٩٨٥ شاری هەولێر میوانداری پاسکیلسواری مەڵبەندەکانی لاوانی کرد، مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە بە سەرپەرشتی (سالار محەممەد ئەحمەد) و بە بەشداری پاسکیلسواران (ساجد عوسمان عەلی، عومەر مەلا حەسەن و عەلی مەلا حەسەن)، وەک نوێنەری مەڵبەندی هەڵەبجە، بەشدارییانکرد و پلەی دووەمیان بەدەستهێنا. ساڵی ١٩٩٤ یانەی وەرزشی پەیام، پێشبڕکێی پاسکیلسواری لە گوندی گورگەچیاوە بۆ ناو شار بۆ بەردەم بارەگای یانەی وەرزشی پەیام ڕێکخست. ساڵی ٢٠٠٥ پێشبڕکێیەکی پاسکیلسواری بە ڕێکخستنی ناوەندی کاردۆخی کوڕان و بە سەرپەرشتی مامۆستای وانەبێژ شوان ئەفراسیاب عەلی و بە هاوکاری سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان/ئۆفیسی هەڵەبجە، ڕێکخرا. ئەم پێشبڕکێیە لە نزیک ڕووباری سیروانەوە دەستیپێکرد، بۆ بەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە لە زەمەقی. لەم پێشبڕکییەدا پەنجا پاسکیسلوار بەشدارییان تێداکرد.

زیاتر بزانە
یاریی وەرزشی

تۆپی دەست

یاریی تۆپی دەست، یارییەکی وەرزشی بە کۆمەڵە، مێژووی سەرهەڵدانی ئەم یارییە بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی هەشتاکان، ساڵی ١٩٨٣ بە ڕاهێنەرایەتی (سالار محەممەد ئەحمەد) مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە بەشداری لە خولێک، کە بۆ مەڵبەندی لاوانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە) لە شاری زاخۆ ڕێکخرابوو، دەکات. ساڵی نەوەدەکان یانەی وەرزشی هەڵەبجە بەشی یاریی تۆپی دەستیان هەبووە و بەشداری خولیان کردووە.

زیاتر بزانە
یاریی وەرزشی

تۆپی سەرمێز

یارییەکی وەرزشییە. مێژووی سەرهەڵدانی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی حەفتاکان، پاشان لە ساڵانی هەشتاکاندا زیاتر گرنگی پێدرا، ئەمەش بە هۆی خوێندنگە و مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجەوە. لە نەوەدەکانیش بە هۆی بەشی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی هەڵەبجە و یانەی وەرزشی پەیام، یان ڕێکخراوە پیشەیی و قوتابییەکانی هەڵەبجە و دەوروبەر، یان بە هۆی بنکەی وەرزشی یاریی تۆپی سەرمێزەوە، گرنگی زیاتری پێدرا و ژمارەیەک یاریزانی بەتوانا لە شاردا دەرکەوتن. لە کۆتایی حەفتاکان و ساڵانی هەشتاکان لە هەڵەبجە ژمارەیەک یاریزانی تۆپی سەرمێز، ئەم یارییەیان ئەنجامدەدا، لەوانە: فەهمی حاجی محەممەد، عومەر عەلی شاکر، عەبدولباست مەلا جەلال، محەممەد ئەمین حەمەفەرەج، شاهۆ حەمەفەرەج، عەبدوڕەحمان مەلا جەلال، ماجد غەریب عەلی. لە ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزاردا ژمارەیەکی تر یاریزانی بەتوانا و لێهاتووی تر لە شاردا دەرکەوتن، کە لە چەندین خولی ناو شار و دەوروبەر و خولی کوردستاندا بەشدارییاندەکرد، نمونەی ئەو یاریزانانە، ئەمانەن: شاخەوان جەمال، فازل محەممەد عەبدولکەریم، جوبڕەئیل عومەر، کارزان لەتیف، ئاری حەمەفەرەج عەلی، کارزان سەید میرە، کاروان سەید میرە، دانیار سەید میرە، ئەرکان ئەحمەد عەلی، سەلام ئەحمەد، دلێر مەهەدی هادی، نەبەرد نەوزاد سادق، محەممەد سدیق حەمە ڕەشید، فازیل ڕەزا، بەهجەت ئەسکەندەر، عەبدوڵا میرزا، سەفین بورهان، ئارمان ماجید، لوقمان عەلی ئەحمەد، سەباح محەممەد ساڵح،... هتد. ژمارەیەک لەم یاریزانانە وێڕای ئەوەی، کە خۆیان یاریزانی زۆر باش بوون لە کوردستان و لەسەر ئاستی نیشتمانی (لەوانە کارزان لەتیف و شاخەوان جەمال)، وەک ڕاهێنەریش چەندین یاریزانیان لە یاریی تۆپی سەرمێزدا پێگەیاندووە.

زیاتر بزانە
یاریی وەرزشی