شنروێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-13
تیپێکی مۆسیقایە. لە ٢٦ی ٤ی ١٩٧٣ لەلایەن (ئازاد ساڵح مەلا سابیر، ئومێد نووری، محەممەدی نانەوا، حیکمەت تۆفیق و مستەفای کەمال خەفاف)وە، (تیپی مۆسیقای هەڵەبجە) دامەزراوه، کە دواتر ناوەکەی بووە بە (تیپی مۆسیقای شنروێ). هەریەک لە (مستەفا کەمال) تا ساڵی ١٩٧٦ و (ئومێد نوورى) تا ساڵی ١٩٨٠ و (حيکمەت تۆفيق) تا ساڵی ١٩٨٠ پچڕپچڕ بەردەوامبوون و دواتر هەریەک لە موزیکژەنان (فوئاد محەممەد مەحموود، شازاد کەریم، عەزیز بابان) پەیوەندییان بە تیپەکەوە کردووە. یەکەمین چالاکیی هونەریيان لە ١٤ى ٧ى ١٩٧٣ بووە، کە گۆرانيبێژان (بورهان عەبدولڕەحمان، سەرکۆ ئەحمەد، سەربەست ڕەئوف، بەختیار وەستا هاشم و وشيارى ئامەی زەریف) بەشدارييان تێدا کردووە و هەمان چالاکیيان بردووەتە (تەوێڵە، خورماڵ و پێنجوێن). هاوکات شانۆگەرییەکیشیان بەناوی (وزەی بیروبازوو) لە نوسینی (محەممەد غەفور شەریف) و دەرهێنانی (جەمالی مەلا قادر) پێشکەشکردووە. تیپەکە بە ئامادەبوونی چەندین گۆرانیبێژی وەک (عەلی سەعید جەواهیر، سیروان عەلی ڕەزا و ئازاد مەحموود سەراج) چالاکیکردووە و لە کارەکانی بەردەوامبووە. لە ساڵی ١٩٧٤ کچانی هەڵەبجە بەشداری گۆرانی و کۆرس و موزیکیان لەگەڵ تیپەکەدا کردووە، لەوانە (ئاواز جەمال عەلی، ڤیان حەمە پایدەر، بەهار حەمەسەعید و بژار داراى ئیسعاف، پەروین وەستا هاشم، دڵشاد حەسەن گەڵاڵی، پەیمان حەسەن گەڵاڵی و گۆنا محەممەد). ساڵی ١٩٧٩ ناوی تیپەکە گۆڕراوە بۆ (تیپی مۆسیقای شنروێ). لە ساڵی ١٩٨٠ بەدواوە، جگە لە چەند چالاکییەک، تیپەکە بەشداری چەندین فیستیڤاڵی لە شارەکانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کۆیە و موسڵ) کردووه. ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ مامۆستا (هەڵکەوت محەممەد) (تیپی مۆسیقای مندڵانی ماملێ)یان دامەزراندووە و جگە لەوەی چەندین منداڵیان فێری مۆسیقا کردووە، چوار گۆرانییان بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک و دوو گۆرانییان بۆ (عوسمان کەیمنەیی) و دوو گۆرانییان بۆ (محەممەد ئیبراهیم عەبدول) تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٨٣ (ئۆپەرێتی سەوزە) و ساڵی ١٩٨٤ (ئۆپەرێتی ڕێوییە و لە پێستی شێردایە)یان بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکردووە. لە ١٤ی ٢ی ١٩٨٨ لەگەڵ (تیپی پێشرەوی شانۆی کوردی) بەرهەمی (ماسیيە ڕەشە بچکۆلەکە)یان پێشکەشکردووە. دوای ڕاپەڕین چەند (گۆرانی/ کلیپ)ێکیان بۆ هونەرمەندان (ئازادە ڕەش، وشیار حەمەفەرج، نەجم محەممەد و ئایار حسین عەزیز) تۆمارکردووە. ساڵانە لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەشدارییانکردووە. هەروەها دواتريش لەگەڵ هونەرمەندانی شارەکانی تردا کاریانکردووە، لەوانە (محەممەد ڕەئوف کەرکوکی، تارا ڕەسول، شیلان عوسمان، نیان عەبدوڵڵا، لوقمان سەلیم، سابیر کوردستانی، بەهرۆز بەڵخەیی، ئاریان کەریم، ئەکرەم حەمەڕەشید). لە زۆربەی کەناڵەکاندا بەرنامە و دیداريان پێشکەشکردووە. ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن (گۆران هەڵەبجەی)یەوە بانگهێشتی (ئازاد ساڵح مەلا سابیر) کراوە بۆ وڵاتی (دانیمارک) و (سوید) و لە شارەکانی (کۆبنهاگن، ئۆدیسە) لە دانیمارک و (ستکهۆڵم، یۆتۆبۆری)، چالاکییان لەگەڵ هونەرمەندان (وشیار حەمەفەرەج، مەریوان سەفادین) ئەنجامداوە. ڕێکخراوی (گۆتە)ی ئەڵمانی لەڕێی دۆستێکی تیپەکەوە بەناوی (ئادەم)ەوه بە دابینکردنی چەند ئامێری مۆزیک بۆ تیپەکە هاوکارییانکردووە دوو چالاکییان لە (باخی گشتی)ی هەڵەبجە پێشکەشکردووە.
سەرچاوەکان:
- نامەیەکی ئازاد ساڵح مەلا سابیر، بۆ ڕێبوار حەمەتۆفیق،١٨ی ١٠ی ٢٠٢٢.
- ئەرشیفی چالاکییەکانی تیپی مۆسیقای شنروێ کە هونەرمەند (عەزیز حەمەکەریم)، لەدایکبوو: ١٩٦٣، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: فەرمانبەر، بۆ (همايون ساحيب)ی ناردووە، لە ٢٤ی ٣ی ٢٠٢٣.
- هەڵەبجە و مۆزیک، بیرەوەری و یاد، ئازاد ساڵح (شنروێ)، چاپی یەکەم، لەبڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەتۆفیق