باڵانبۆ
ساڵی ٢٠٢١ لەسەر دەستی کۆمەڵێک گەنج، کە پێشتر لە تیپی مۆسیقای هەڵەبجەدا کاریانکردووە، دامەزراوە. دامەزرێنەرانی: (خالید عومەر عەزیز: سەرۆکی تیپ و ژەنیاری ساز و کیبۆرد. ئیمان قادر عەبدوڵا: کارگێڕی، ژەنیاری دایرە و دەف. بەرهەم بورهان فەتاح: دارایی، دیجەی. باکۆ ئەفراسیاب سەعید: ژەنیاری قانون. جەلال فەرەج عەبدوڵا: کەمان. محەممەد سوبحان محەممەد: عود. شادومان جەلال محەممەد: زەڕب و دەف). بارەگای تیپەکە کەوتووەتە گەڕەکی سەرا، تەنیشت باخی گشتی، لە کرێدان. ڕووبەرەکەی (١٥٠م)ە و یەک نهۆمە. لە ژوورەکانی: ستۆدیۆ، ئامێرەکان، کافتریا، کارگێڕی پێکهاتووە. لە چالاکییەکانیان: بەشداری خەڵاتی زێڕینی جەمال نەبەز لەگەڵ هونەرمەند هوشیار حەمەفەرەج، بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، بەچەند بەرهەمێک بەشداری فیستیڤاڵی شانۆی گۆران. لە ئێستادا بووەتە فێرگەیەکی هونەری و خزمەت بە بواری میوزیکی شار دەکات.
شنروێ
تیپێکی مۆسیقایە. لە ٢٦ی ٤ی ١٩٧٣ لەلایەن (ئازاد ساڵح مەلا سابیر، ئومێد نووری، محەممەدی نانەوا، حیکمەت تۆفیق و مستەفای کەمال خەفاف)وە، (تیپی مۆسیقای هەڵەبجە) دامەزراوه، کە دواتر ناوەکەی بووە بە (تیپی مۆسیقای شنروێ). هەریەک لە (مستەفا کەمال) تا ساڵی ١٩٧٦ و (ئومێد نوورى) تا ساڵی ١٩٨٠ و (حيکمەت تۆفيق) تا ساڵی ١٩٨٠ پچڕپچڕ بەردەوامبوون و دواتر هەریەک لە موزیکژەنان (فوئاد محەممەد مەحموود، شازاد کەریم، عەزیز بابان) پەیوەندییان بە تیپەکەوە کردووە. یەکەمین چالاکیی هونەریيان لە ١٤ى ٧ى ١٩٧٣ بووە، کە گۆرانيبێژان (بورهان عەبدولڕەحمان، سەرکۆ ئەحمەد، سەربەست ڕەئوف، بەختیار وەستا هاشم و وشيارى ئامەی زەریف) بەشدارييان تێدا کردووە و هەمان چالاکیيان بردووەتە (تەوێڵە، خورماڵ و پێنجوێن). هاوکات شانۆگەرییەکیشیان بەناوی (وزەی بیروبازوو) لە نوسینی (محەممەد غەفور شەریف) و دەرهێنانی (جەمالی مەلا قادر) پێشکەشکردووە. تیپەکە بە ئامادەبوونی چەندین گۆرانیبێژی وەک (عەلی سەعید جەواهیر، سیروان عەلی ڕەزا و ئازاد مەحموود سەراج) چالاکیکردووە و لە کارەکانی بەردەوامبووە. لە ساڵی ١٩٧٤ کچانی هەڵەبجە بەشداری گۆرانی و کۆرس و موزیکیان لەگەڵ تیپەکەدا کردووە، لەوانە (ئاواز جەمال عەلی، ڤیان حەمە پایدەر، بەهار حەمەسەعید و بژار داراى ئیسعاف، پەروین وەستا هاشم، دڵشاد حەسەن گەڵاڵی، پەیمان حەسەن گەڵاڵی و گۆنا محەممەد). ساڵی ١٩٧٩ ناوی تیپەکە گۆڕراوە بۆ (تیپی مۆسیقای شنروێ). لە ساڵی ١٩٨٠ بەدواوە، جگە لە چەند چالاکییەک، تیپەکە بەشداری چەندین فیستیڤاڵی لە شارەکانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کۆیە و موسڵ) کردووه. ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ مامۆستا (هەڵکەوت محەممەد) (تیپی مۆسیقای مندڵانی ماملێ)یان دامەزراندووە و جگە لەوەی چەندین منداڵیان فێری مۆسیقا کردووە، چوار گۆرانییان بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک و دوو گۆرانییان بۆ (عوسمان کەیمنەیی) و دوو گۆرانییان بۆ (محەممەد ئیبراهیم عەبدول) تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٨٣ (ئۆپەرێتی سەوزە) و ساڵی ١٩٨٤ (ئۆپەرێتی ڕێوییە و لە پێستی شێردایە)یان بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکردووە. لە ١٤ی ٢ی ١٩٨٨ لەگەڵ (تیپی پێشرەوی شانۆی کوردی) بەرهەمی (ماسیيە ڕەشە بچکۆلەکە)یان پێشکەشکردووە. دوای ڕاپەڕین چەند (گۆرانی/ کلیپ)ێکیان بۆ هونەرمەندان (ئازادە ڕەش، وشیار حەمەفەرج، نەجم محەممەد و ئایار حسین عەزیز) تۆمارکردووە. ساڵانە لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەشدارییانکردووە. هەروەها دواتريش لەگەڵ هونەرمەندانی شارەکانی تردا کاریانکردووە، لەوانە (محەممەد ڕەئوف کەرکوکی، تارا ڕەسول، شیلان عوسمان، نیان عەبدوڵڵا، لوقمان سەلیم، سابیر کوردستانی، بەهرۆز بەڵخەیی، ئاریان کەریم، ئەکرەم حەمەڕەشید). لە زۆربەی کەناڵەکاندا بەرنامە و دیداريان پێشکەشکردووە. ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن (گۆران هەڵەبجەی)یەوە بانگهێشتی (ئازاد ساڵح مەلا سابیر) کراوە بۆ وڵاتی (دانیمارک) و (سوید) و لە شارەکانی (کۆبنهاگن، ئۆدیسە) لە دانیمارک و (ستکهۆڵم، یۆتۆبۆری)، چالاکییان لەگەڵ هونەرمەندان (وشیار حەمەفەرەج، مەریوان سەفادین) ئەنجامداوە. ڕێکخراوی (گۆتە)ی ئەڵمانی لەڕێی دۆستێکی تیپەکەوە بەناوی (ئادەم)ەوه بە دابینکردنی چەند ئامێری مۆزیک بۆ تیپەکە هاوکارییانکردووە دوو چالاکییان لە (باخی گشتی)ی هەڵەبجە پێشکەشکردووە.
ماملێ
تیپێکی مۆسیقیی منداڵانی هەڵەبجەیە. لە مانگ ٢ی ١٩٨٠ لەلایەن تیپی مۆسیقای شنروێوە دروستکراوە. لەگەڵ چەند ئەندامێکی مۆسیقای شنروێدا، لە ڕۆژانی (١٤، ١٥ی ٤ی ١٩٨٠ لە هۆڵی کارگەی جگەرەی سلێمانی، بەشداریی فیستیڤاڵی هونەریی مەڵبەندەکانی لاوانی کوردستانیان کردووە. ئەم بەرهەمانەیان پێشکەشکردووە: (مۆسیقای یادی هەوار. دانانی: ئازاد ساڵح، گۆرانی خاڵداری. ئامادەکردنی: وتنی: گۆنا محەممەد، ڕزگار سەلیم، بەتۆری کرد. وتنی: گۆنا محەممەد. وتنی: بەهار حەمەسەعید. شەماڵ بیشەنێ. ئاوازی ئازاد ساڵح. بەرهەمەکان ئازاد ساڵح ئامادەیکردوون. تیپی ماملێ پلەی دوەمی بەدەستهێناوە، لیژنەی دادوەری (ئەنوەر قەرەداغی، خالد سەرکا، فرەنسیس داود)بوون.
مەشخەڵی کچان
تیپێکی هونەریی موزیکیی تایبەت بە کچانە. بایەخ بە موزیک و سروود دەدات. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٣ لە هەڵەبجە دامەزراوە. دەستەی دامەزرێنەری بریتیبووە لە: (ئیمان عەلی، پەخشان حسێن، ژیان عەلی، پەروین ئیبراهیم، نەرمین ئیبراهیم، زوهرە ئیبراهیم.) سەبیحە تۆفیق: سەرپەرشتیار. فریشتە محەممەد: بەڕێوەبەری بووە. بارەگای سەرەکییان کەوتووەتە گەڕەکی گوڵان. زیاد لە ٤٠ ئەندامیان هەبووە. لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکاندا بەشداریانکردووە. تا ساڵی ٢٠٠٢ لە بەرهەم بەردەوامبوون. سروودەکانیان لە تەلەفزیۆنەکانی ئەو کات و ناوبەناو لە ئـێستاشدا وەک یاد پەخشدەکرێت. لە نمونەی کارەکانیان (موسڵمانی وریا، بەخێربێی ئەی محەممەد ئەی ڕابەرم، ان تدخلنی ڕبی الجنە، هاوار گریانم دێ، ئەی هەڵەبجە، تۆمارکردنی کاسێتی یەکەمی تیپەکە لە ١٩٩٥، تۆمارکردنی کاسیتی دووەمی تیپەکە لە ١٩٩٦، ئەی شارەکەم، بە پۆل دێن حۆری مەجازان، سروودی مەرگەسات، تۆمارکردنی کاسێتی سێیەم).