ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکەکان لە هەڵەبجە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
١- BHHF: (Bring Hope Humanitarian Foundation) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مرۆیی و قازانج_نەویستە. بارەگای سەرەکی لە وڵاتی سویدە. کار بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان، پێشخستنی درێژخایەن و گەشەکردن و چاندنی هەستی هیوا لە سودمەندەکاندا دەکات لە هەموو تەمەن و ڕەگەز و ئایین و نەتەوەکاندا و هەوڵدەدات ببێتە وەڵامدەرەوەی یەکەم لە دۆخی قەیرانی مرۆییدا. ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمەوە مۆڵەتیوەرگرتووە. (پێشڕەو حاجی بەکر) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە. ساڵی ٢٠١٦ پڕۆژە مرۆییەکانی هێناوەتە پارێزگای هەڵەبجە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەبواری کەرتی تەندروستی و هاوکاریکردنی لۆجستی و داوودەرمان بۆ نەخۆشخانەی کیمیاباران ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، هەروەها چالاکییەکانی لە کەرتی خوێندنی باڵا پێداویستی بەشەناوخۆییەکانی کچانی زانکۆی هەڵەبجە و لەبواری پەروەردەشدا خزمەتگوزاری پێشکەشکردووە.
٢- دەستگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام: (HEBAA Foundation for Sustainable Development) لە بواری پێکەوەژیان و چاودێری کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی پزیشکی و پڕۆژەی زانستیدا کاردەکات. بارەگای سەرەکی لە هەرێم لە شاری هەولێرە. ساڵی ٢٠٢٢ کار و چالاکییەکانی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێم لە هەڵەبجە ئەنجامداوە. لەبواری هاوکاریکردنی منداڵانی بێ باوک و دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر هەژاراندا لە مانگی ڕەمەزان. بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە (محەممەد سەلیم محەممەد)ە.
٣- دەستگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ: ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە. بارەگاکەی لە وڵاتی ئەڵمانیایە. لەبواری مافەکانی مرۆڤدا کاردەکات. ساڵی ٢٠١٠ بەشێوەیەکی سەرەکی لە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی کیمایی کار لەسەر چارەسەرکردنی ڕزگاربووانی چەکی کیمیایی کردووە و هەتا ساڵی ٢٠٢٢ بەردەوامبووە. جگە لە پێدانی داودەرمان، ڕاوێژی دەرونی و ئامێری هەناسەدانیان بە نەخۆشەکان داوە و خزمەتی کەرتی تەندروستیان کردووە. هەر لە کردنەوەی خولی هۆشیاری هەتا دەگاتە دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییەکان. هەروەها لە سێکتەری پەروەردەشدا چالاکییان هەبووە و خولی یاسایی و هۆشیارکردنەوەیان بۆ مامۆستایان و قوتابیان کردووەتەوە.
٤- Pui: (Première Urgence Internationale) ڕێکخراوێکی فەڕەنسییە و بەواتای ئاژانسی فریاگوزاری نێودەوڵەتی دێت. ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری هەڵەبجە و لە نێو نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمایی لە ڕووی دەرونی و تەندروستی و دابینکردنی دەرمان خزمەت بە ڕزگاربووان و نەخۆشانی چەکی کیمیایی دەکات. تیمی گەڕۆکیان هەیە و سەردانی نەخۆشەکان دەکەن.
٥- TDH:(Terre Des homes) بارەگای سەرەکی لە شاری میلانە لە ئیتاڵیا. لە هەرێمی کوردستانیش لە شاری هەولێرە. ساڵی ٢٠١١ لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان مۆڵەتی وەرگرتووە. بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە خاتوو (مەریەم ئەمبرۆسین)ە لە کوردستان. ساڵی ٢٠٢١ هەتا ٢٠٢٢ بە هەماهەنگی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە، لەبواری کەرتی پەروەردە و دابەشکردنی پێداویستیی قرتاسیە بەسەر خوێندنگا و قوتابخانەکاندا، چالاکییان هەبووە، هەروەها لەبواری دەروونیش هاوکاری قوتابیانی خاوەنپێداویستیی تایبەتیان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە کردووە، ئەویش لە کردنەوەی خولی هۆشیاری و چالاکیی تایبەتمەند.
٦- BFZ: ڕێکخراوێکی حکومیی ئەڵمانیی قازانج_نەویستە، سەر بە گروپی Bbw، کە لەلایەن وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری سەرپەرشتیدەکرێت. ناوەکەی بەواتای سەنتەری بایەری بۆ ڕاهێنانی پیشەیی دێت. ساڵی ٢٠١٥ هاتووەتە هەرێمی کوردستان. بارەگای عێراقی ڕێکخراوەکە لە شاری هەولێرە. بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە لە عێراق (ئیسماعیل سەعدی بەکر)ە. ساڵی ٢٠٢١ پڕۆژەی سەنتەری ڕاهێنانی پیشەییان لە هەڵەبجە دامەزراندووە، تەواوی پێداویستی و کەلوپەلی باڵەخانەکەیان دابینکردووە. چەندین خولی پیشەیی و ڕاهێنانیان بۆ ئافرەتان، گەنجان و بەهرەمەندان لەبوارەکانی درومانی، خولی قارچک، ئەندازیاری و ڕوپێوی و هتد کردووەتەوە. سەرپەرشتی پڕۆژەکە یەنس قەیسەر بووە. ئەم سەنتەرە لە ئێستادا سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە.
٧- THW: (ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی)، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانییە. بارەگای سەرەکی لە شاری بۆنە لە ئەڵمانیا، لە بابەتی وەڵامدانەوەی قەیران و بارودۆخی لەناکاودا کاردەکات. ساڵی ٢٠١٣ لە هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لقی کردووەتەوە. خاتوو (سابرینا مانتۆیفل) بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکەیە لە هەرێمی کوردستان. بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکاندا کاردەکات. ساڵی ٢٠٢٢ پڕۆژەیان لە شاری هەڵەبجە ئەنجامداوە، وەک کردنەوەی کۆگایەکی گرنگ بۆ فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ قەیرانە سروشتی و مرۆییەکان بەتەواوی پێداویستی و ئامێر و ئۆتۆمبێل، هەروەها دامەزراندنی پڕۆژەی وەڵامدەرەوەی یەکەم و وەڵامدەرەوەی خێرا، کە لە پاش ڕاهێنان بە ستافێک و تەواوی پێداویستیەکانیان لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بۆ دابینکراوە. لە ئێستادا هەردوو پڕۆژەکەیان بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجە لە کاردایە. هەروەها پڕۆژەی ڕاهێنان و پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی تواناکانیان بۆ ستافی قەیرانەکان و وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامداوە.
٨- ASB: (ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئەڵمانییە، کورتکراوەی Arbeiter Samariter Bund Deutschland)یە. لە ٢٠١٥ لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێم و لە ٢٠١٨ لە بەغدا تۆمارکراوە. دانیاڵ نورەدین بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەیە. زیاتر لە ٣٠٠ لقی لە ئەڵمانیا و جیهاندا هەیە. لە بواری هاوکاری زیانلێکەوتوانی جەنگ و کەسانی مەدەنیدا کاردەکات، هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە سروشتی و مرۆییەکاندا چالاکی هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان هەردوو قوتابخانەی سەلاحەدین و ڕازیی بنەڕەتی بە بڕی زیاتر لە ١٣٣ ملیار دیناری عێراقی نۆژەنکردووەتەوە.
٩-GIZ : (Gesellschaft für Internationale Zusammenarbeit). ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجامی یەکگرتنی سێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دامەزراوە. وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری سەرپەرشتی و پارەدانی دەکات. ساڵی ٢٠١٥ بارەگای لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. زۆرترین هاوکاری و پڕۆژەی لە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامداوە، لە بواری تەندروستیدا پێداویستیەکانی سەنتەری پەلی دەستکرد، هۆڵی پێشوازیی نەخۆش لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن و هتد. لە بواری شارەوانی جگە لە ڕاکێشانی ئاو و ئاوەڕۆ، شەقامی ناوبازاڕی هەڵەبجەی نۆژەنکردۆتەوە، لە بواری کارەبا چەندین محاویلەی دابینکردووە، ساڵانە پرۆسەی پاککردنەوە و بڕینی درەختی نێوان شەقامەکانی ئەنجامداوە، لە بواری پەروەردە جگە لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، هۆڵێکی وەرشەی بۆ ئامادەیی پیشەسازی دروستکردووە، هەروەها هەفتە بازاڕی هەڵەبجەی دروستکردووە.
١٠- Reach: (Rehabilitation, Education and Community Health). ڕێکخراوێکی ناحکومی و قازانج_نەویست و سەربەخۆی عێراقییە، ساڵی ١٩٩٥ەوە چالاکە لە وەڵامدانەوەی فریاگوزاری و پەرەپێدانی کۆمەڵگادا. پشتگیری دارایی لە ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەردەگرێت و پڕۆژەکانی پێ ئەنجامدەدات، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە پڕۆژەی ئاودێری بۆ گوندەکانی: عەنەب، جەلیلە، باوەکۆچەک و کۆنکرێتی تەوێڵەی ئەنجامداوە، کەلوپەلی کشتوکاڵی و ئاژەڵی بەسەر ١٢٥ خێزانی ناحیەکاندا دابەشکردووە.
١١- VNGi: ڕێکخراوێکی هۆڵەندیە و بارەگای سەرەکی لە لاهایە. ساڵی ٢٠١٥ بارەگای سەرەکی لە هەرێم و عێراق کردووەتەوە و لە شاری دهۆکە. (ڕەوشەن ئەتروشی) بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەیە لە عێراق. ئامانجی هاوکاریکردنی حکومەتی لۆکاڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی هاوڵاتیانە لە بڕیاردان و پڕۆژەکاندا. ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەمینجار هاتووەتە هەڵەبجە. پلانی پەرەپێدانی شاری هەڵەبجەیان لە ساڵی ٢٠٢٣ بە هاوکاری وەزارەتی شارەوانی و پلاندانان و بە چاودێری پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامداوە، کە تیایدا کۆمەڵگەی ناوخۆیی و سەرجەم دامودەستگاکان بەشداربوون لە دانانی ئەم پلانەدا. نوێنەری ڕێکخراوەکە لە شاری هەڵەبجە (کارزان عەدنان حەمەسەعید) بووە.
سەرچاوەکان:
- داتا و زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە، ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئیسماعیل سەعدی بەکر)، لەدایکبوو: ١٩٦٦، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: ئەندازیار، لە ٢١ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئیبراهیم سادق ساڵح دەباخ)، لەدایکبوو: ١٩٨٧، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: ئەندازیار، لە ٢٢ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (سەمير محەممەد سديق عەبدولڕەحیم عەبدولڕەحمان)، لەدایکبوو: ١٩٧٢، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ٢٢ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (پێشڕەو بەکر حسەین)، لەدایکبوو: ١٩٨٢، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: سەرۆکی ڕێکخراوی BHHF، لە ١٣ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد سلیم محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٨٤، بڕوانامە: دکتۆرا، پیشە: بەڕێوەبەری ڕێکخراوی HEBAA، لە ١٨ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد وەلی عەبدوڵا)، لەدایکبوو: ١٩٨١، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: چارەسەرکاری دەروونی، لە ١٨ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (مەحموود ئیسماعیل نووری ئەحمەد)، لەدایکبوو: ١٩٩٤، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: نوێنەری ڕێکخراوی TDH، لە ٢١ی ٥ی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید