زەردی گڵی
کەوتووەتە باشوری گوندی نارنجڵە و باکوری گوندی (بنجەودڕەی). (٩٧٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تەنها (٣٢٠م) لە ڕێگای گوندی دەرەوکێ بۆ نارنجڵە دوورە و لە بەهاراندا دیمەنێکی جوانی هەیە و خەڵکی بۆ سەیران و کات بەسەربردن سەردانیدەکەن. لەوەڕگایەکی سروشتین بۆ ئاژەڵدارەکانی گوندەکانی چواردەوریان.
تەپو ئەحلی
کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی (بیارە)، لە سەر ڕێگای بیارە_دەگاشێخان. (١١٢٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر ناحیەی (بیارە)دا دەڕوانێت. لە باشورەوە دۆڵی کاوات و لە باکورەوە شارۆچکەی (بیارە) و لە خۆرهەڵاتەوە شوێنەواری کەلارێ گاورا و لە خۆرئاواوە دۆڵی بیارە و قەڵا، دەورەیانداوە. چەند دامودەستگایەکی حکومی تێدایە، لەوانە پۆلیسی بیارە و پۆلیسی هاتوچۆی بیارە و خانوی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانیشی تێدایە.
خاتوو ئامینە
کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە) و لە ملەگای چنار، بەرانبەر نەخۆشخانەی هەورامان- بیارەیە. (١٠٣٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکیی خورماڵ - بیارە و لە بەهاراندا دیمەنێکی جوانی هەیە و خەڵکی بۆ سەیران و کات بەسەربردن سەردانیدەکەن، هەروەها لە ئێواراندا بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، دانیشتوانی بیارە سەردانیدەکەن. دەڕوانێتە سەر گوندەکانی هانە نەوتێ و دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ و بنجەودڕەی.