وەرزشەوانانی هەڵەبجەیی لە ئۆردوگای کەنگاوەر
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
ئەو وەرزشەوانانەن، کە پاش کیمیابارانی هەڵەبجە ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشان ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە بوون، هەروەها هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهیدانی هەڵەبجە لە خولەکانی شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەریاندا، کە ڕێکیاندەخست، بەشدارییاندەکرد. بە هۆی بەشداریکردنێکی تیپی هەڵبژاردەی ئۆردوگا، هەمیشە خولەکان تام و چێژی تایبەتیان هەبوو، چونکە ململانێ و کێبرکێی وەرزشی لە نێوان تیپی ئۆردوگا و تیپەکانی تر دروستدەبوو، پەیوەندیی وەرزشی ئەم ئۆردوگایە لەگەڵ ئۆردوگاکانی تردا هەبوو، بە شێوەی هاتن یان ڕۆشتن یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا. لەم ئۆردوگایەدا ئەم تیپانە هەبوون:
١ - تیپی هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهیدانی هەڵەبجە (ئۆردوگای گەلیارانی کەنگاوەر)
٢ - تیپی وەرزشی مەولەوی.
٣ - تیپی وەرزی نەوڕەسی.
٤ - تیپی وەرزشی برایەتی.
٥ - تیپی وەرزشی شنروێ.
٦ - تیپی وەرزشی هیجرەت.
٧ - تیپی وەرزشی زەورا.
٨ - تیپی وەرزشی پەرلەمان.
تیپی ئۆردوگا لەگەڵ ژمارەیەک تیپی بەهێزی گوندەکان و شاری کەنگاوەر یاریکردووە. نمونەی تیپەکانی شاری کەنگاوەر ئەمانەن: ئاناهیتا، هیلال ئەحمەر، فەرمانداری، عوقاب. تیپی گوندەکان وەک: حسێن ئاباد، تاهیر ئاباد، کوچە، گۆدین، دوم بادام، سەراوفەرش. یاریی تۆپیپێی و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێز، یاریی سەرەکیبوون لەم ئۆردوگایەدا. هەندێک لەو وەرزشدۆست و وەرزشەوان، یان یاریزانانەی، کە سەرەڕای ئەوەی خۆیان یاریزان بوون، وەک سەرپەرشتیار، یان ڕێکخەر و هەڵسوڕێنەر بوون، لە وەرزشی ئۆردوگادا، لەوانە: عەلی سەعید ئەحمەد (عەلی مامە سەعید)، عوسمان حەمەئەمین، لوقمان عەبدوڵا سادق، سۆران عەبدوڵا سادق، ئەحمەد حەمەئەمین مستەفا، مەحموود حەمەئەمین مستەفا، حەمید عەبدولقادر، قارەمان عەبدوڵا، ئەمجەد حەمە تۆفیق ئەبوبەکر، بەهجەت تۆفیق ئەبوبەکر، ڕزگار ڕەشید، حەسەن حەمەمین ناوخاس، حەمید حەمە ڕەشید عەبدوڵا، فازیل ئیبراهیم، عەتا حەمە شەریف، ئەرسەلان کاکەبرا. ئەوانەی، کە دەبوونە ناوبژیوان بۆ بەڕێوبردنی یارییەکان لە ئۆردوگا، چەند کەسێک بوون، لەوانە: حەسەن حەمەئەمین، غالب حەمەساڵح، شوان ئەفراسیاب عەلی.
سەرچاوەکان:
- وەرزش و یاریزانانی هەڵەبجەیی لە تاراوگە، مافناس: شوان ئەفراسیاب عەلی، (بەرهەمی بڵاونەکراوە)، ٢٠١٥.
- ئەرشیفی وەرزشی ئۆردوگای کەنگاوەر، شوان افراسیاب عەلی، هەڵەبجە، ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: شوان ئەفراسیاب عەلی