کوێخاکانی شارۆچکەی بیارە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
١- کوێخا قادر: ناوی (قادر عەزیز ئیسماعیل میکایل ئیسحاق)ـەو بە (مامۆ قالە)ش ناسراوە. ساڵی ١٨٧٨ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. کۆمەڵناسی سەردەمی خۆی بووە، جگە لە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبیشی زانیوە. لە گەڵ حکومەتدا وەکیلی میللەت بووە. ساڵی ١٩٠٣ تا ساڵی ١٩٤٠ کوێخا بووە. لە شەڕ و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەدا ڕۆڵی گێراوە و نەخشەی چەند سەرکەوتنێکی بۆ شێخ عەلادین داناوە. تالعخوێن و نوشتەزان و دوعانوس بووە. لە ناو خەڵکیدا وا باوە، کە کتێبێکی خەتی و پڕ لە ڕەمزی فارسی هەبووە و لە ڕووی ئەو کتێبەوە توانیویەتی باران ببارێنێت و خەڵک بەیەک بگەیەنێت و نوشتەی خوێن شیرینی و چاککردنەوەی نەخۆش و دەردەداران بکات. خەڵکی گوندەکانی دەوروپشت و شارەزوور سەردانیانکردووە. ساڵی ١٩٥٩ لە بیارە کۆچیدواییکردووە.
٢- ئەحمەدی مەلاک: ناوی (ئەحمەد حەمەشەریفی کوڕی حەمەشارەزووریی)یە. ساڵی ١٩١٠ لەدایکبووە. ساڵی ١٩٣٤، کە قوتابخانە لە شارۆچکەی بیارە کراوەتەوە، بووە بە کارگوزار و لەوێ خۆی فێری خوێندەواری کردووە. دواتر وازیهێناوە و بووە بە وەرگێڕی بازرگانێکی تورک بە زمانی عەرەبی و لەوێشەوە فێری زمانی تورکی بووە و دواتریش بووە بە وەکیلی بازرگانەکە بۆ کاری بازرگانیی قەدی دارگوێز. لەگەڵ کردنەوەی بنکەی تەندروستی لە بیارە، بووە بە کاگوزار و خۆی فێری دەرزیلێدان و برینپێچی و دانکێشان کردووه، بۆ چارەسەرکردن چووەتە ماڵان. ماوەیەک کراوە بە کوێخای شارۆچکەی بیارە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و تورکیشی زانیوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٨٣ کۆچیدواییکردووە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (تۆفیق قادر عەزیز)، لەدایکبوو: ١٩٤٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: خانەنشین، لە ٢ی ٥ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد ئەمین حەمەوەیس)، لەدایکبوو: ١٩٦١، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٤، لە بیارە.
- وڵاتی کەیانیان و زەردەشت و هەورامان لە ئاڤێستادا، د. محەممەد ئەمین هەورامانی، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆشنبیری هەولێر ٢٠١١، ل٤٤١ – ٤٤٤.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (ناسر ئەحمەد غەفور)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: خانەنشین، لە ٢ی ٥ی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم