ڕاهێزان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-13


بڵاوکراوەیەکی خوێندکارییە، لەلایەن خوێندنگای (شەهید ئازاد هەورامی)ی کچانەوە لە وەرزی خوێندندا مانگانە دەردەکرێت. ژمارەی یەکەمی لە کانونی یەکەمی ٢٠١٩ دەرچووە و ناوەڕۆکی ئەم بڵاوکراوەیە زانستی و پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی گشتیی بووە و بابەتەکانی بۆ ئاست و تەمەنی خوێندکاران بڵاودەکاتەوە. مامۆستایان و خوێندکاران بابەتی بۆ دەنوسن. لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی سنوری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بڵاودەکرێتەوە. قەبارەی لاپەڕەکانی (A٣) یە و ژمارەی لاپەڕەکانی ٤ لاپەڕەیە و تیراژەکەی ٣٧٥ دانەی بە شێوەی ڕەنگاوڕەنگ لێچاپدەکرێت. خاوەن ئیمتیاز سەرەتا خوێندنگای شەهید ئازاد هەورامی بووە، بەڵام دواتر کراوە بە (هەوار مستەفا) بەڕێوەبەری خوێندنگاکە و سەرنوسەرەکەیشی زەهرا محەمەدە. بەهۆی کێشەی داراییەوە هەموو مانگێک دەرنەکراوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ژمارە ٧ەوە کراوە بە وەرزی و هەتا ئێستا(واتە ساڵی نوسین و ئامادەکردن و دەرچوونی ئەم زانیارینامەیە)، ٩ ژمارەی لێدەرچووە و بەردەوامە.

سەرچاوەکان:

  1. مێژووی ڕۆژنامەگەری لە هەڵەبجە (بەراییەکان تا ئایاری ٢٠٢٣)، نزار کریم ئەحمەد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٢٣، ل٧٥.
  2. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (هەوار مستەفا حەمەعەلی)ی خاوەنی ئیمتیازی بڵاوکراوەکە، لەدایکبوو: ١٩٨٥، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٢ى ٩ى ٢٠٢٣، لە هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

17

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

الجماهیر

پاشکۆیەکی عەرەبی گۆڤاری جەماوەر بووە. بابەتی ئایینی و سیاسی و ڕۆشنبیری و هەواڵی بڵاوکردووەتەوە. مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی خاوەنی ئیمتیازی بووە. ساڵی ١٩٩٨ز یەک ژمارەی لێدەرچووە. کامل مەحمود سەرنوسەری بووە. ژمارەی لاپەڕەکانی ٥٠ بۆ ٧٥ و بە قەبارەی ئەیفۆڕ و تیراژی ٥٠٠ دانە بڵاوکراوەتەوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوە

ئاسۆی کەمئەندامان

بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ڕۆشنبیریی گشتییە. لقی هەڵەبجەی (کۆمەڵەی ڕۆژ) بە هاوکاریی ڕێکخراوی هاندیکاپی جیهانی دەریکردووە. ژمارە سفری ساڵی ٢٠٠٢ بە ناوی کۆمەڵەی ڕۆژەوە دەرچووە. بایەخی بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و هۆشیاریی هاووڵاتیان لە هەڵسوکەوتکردن بەرامبەریان داوە. ڕێکخراوی کوردستان بۆ ڕاهێنانەوەی کەمئەندامان، هاوکاریی دارایی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەکە و ڕۆژنامەکەی کردووە. لە سلێمانی و هەڵەبجە لە دامودەستگاکانی حکومی و ڕێکخراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە. سەرپەرشتیار: مەریوان وەهبی. دەستەی نوسەران (ئەحمەد حسێن، ڤیان حەمە باقی، حسێن مەحموود)، ١٣٦ ژمارەی بە ١٢ لاپەڕە لێدەرچووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ بووە. بە هۆی نەبونی پاڵپشتی داراییەوە لە مانگی ١٢ى ٢٠١٣دا ڕاگیراوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوە

ئاسۆی هەڵەبجە

بڵاوکراوەیەکی ساڵانەی تایبەت بە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. مەڵبەندی یەکی بزوتنەوەی ئیسلامی بە هاوکاری مەکتەبی ڕاگەیاندن بەشی ڕۆژنامەگەریی بڵاوکردنەوە لە ڕۆژی ١٦ى ٣ بڵاویکردووەتەوە. هەر ساڵە و سەرنوسەرێکی هەبووە. یەکەم ژمارەی ١٦ى ٣ى ١٩٩٤ز دەرچووە. بابەتەکانی باس لە قوربانی و تراژیدیا و دۆخی ژیانی خەڵکی هەڵەبجە دەکات. ١٨ ژمارەی لێدەرچووە. ژمارەی لاپەڕەکانی ١٢-٥٠ لاپەڕە بووە و گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. ١٦ى ٣ى ٢٠٢١ کۆتا ژمارەی دەرچووە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوە

ئاشکرا

بڵاوکراوەیەکی هەشت لاپەڕەییە. ساڵی ١٩٦٢ بۆ ١٩٦٣ دوو هەفتە جارێک نووری مەلا ئەحمەدی خەرامان دەریکردووە. ئاشکرا نازناوی نووری مەلا خەرامان بووە. بە ماوەیى دراوەتە خوێنەران و وەرگیراوەتەوە و دەستاودەستی پێکراوە. کەمال حەمەساڵح لولو، لە کتێبخانەی ماڵی پاشاوە سەرچاوە و کتێبی بۆ هەفتەنامەکە هێناوە. قوتابیان و کاسبکاران خوێنەری بوون و بابەتەکانی بریتیبوون لە هەواڵە گرنگەکانی ڕادیۆ، زانیاریی گشتی و... هتد، لە ڕادیۆکەی تۆفیقی مەلا محەممەدی باشکاتبەوە بابەت بۆ ڕۆژنامەکە وەرگیراوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوە

ئاڵای شۆڕش

بڵاوکراوەیەکی فکری ڕۆشنبیری دەستەیەک سەرکردەی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەو یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بوە. ژمارە یەکی بە نهێنی نهێنی لە شاخ دەرچووەو ئەستێرەیەکی سووری لە سەربووەو لە قوتابخانەی گریانە چاپکراوەو ئامێری چاپەکەی لە ئەشکەوتی بەڕوار شاردراوەتەوە. لە دوای دروستبوونی مەفرەزەسەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ و دروستبوونی پێشمەرگە، گریانە دەبێتە بنکەو شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەو خاڵی بەیەکگەشتنەوەی مەفرەزەکان، ئازاد هەورامی دێتە گریانەو بڕیاری کردنەوەی بنکەیەکی ڕۆشنبیری بۆ پێشمەرگە دەکاتەوە. یەکەمین خول و دەوری کادران لە کوردستان لە گریانە دەستپێدەکات، وانەکانی ڕۆشنبیری و هوشیاری و مێژوویێ تێدا وتراوەتەوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوە

ئەحمەدئاوا

بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. قوتابخانەی ناوەندی ئەحمەدئاوای تێکەڵ لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٦دا دەریکردووە. حەوت ژمارەی لێدەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز: ئیبراهیم حاجی زەڵمی (بەڕێوەبەری قوتابحانەکە) بووە، سەرنوسەرەکەی: محەممەد شەریف (حەمەئەوین) بووە. دەستەی نوسەرانی لە مامۆستا و قوتابییان (نوعمان تاهیر، مەولوود محەممەد، ڕابەر ئیبراهیم، سەباح سدیق) بوون. بێبەرامبەر بەسەر خوێندکاراندا دابەشکراوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوە