الجماهیر
پاشکۆیەکی عەرەبی گۆڤاری جەماوەر بووە. بابەتی ئایینی و سیاسی و ڕۆشنبیری و هەواڵی بڵاوکردووەتەوە. مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی خاوەنی ئیمتیازی بووە. ساڵی ١٩٩٨ز یەک ژمارەی لێدەرچووە. کامل مەحمود سەرنوسەری بووە. ژمارەی لاپەڕەکانی ٥٠ بۆ ٧٥ و بە قەبارەی ئەیفۆڕ و تیراژی ٥٠٠ دانە بڵاوکراوەتەوە.
ئاسۆی کەمئەندامان
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ڕۆشنبیریی گشتییە. لقی هەڵەبجەی (کۆمەڵەی ڕۆژ) بە هاوکاریی ڕێکخراوی هاندیکاپی جیهانی دەریکردووە. ژمارە سفری ساڵی ٢٠٠٢ بە ناوی کۆمەڵەی ڕۆژەوە دەرچووە. بایەخی بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و هۆشیاریی هاووڵاتیان لە هەڵسوکەوتکردن بەرامبەریان داوە. ڕێکخراوی کوردستان بۆ ڕاهێنانەوەی کەمئەندامان، هاوکاریی دارایی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەکە و ڕۆژنامەکەی کردووە. لە سلێمانی و هەڵەبجە لە دامودەستگاکانی حکومی و ڕێکخراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە. سەرپەرشتیار: مەریوان وەهبی. دەستەی نوسەران (ئەحمەد حسێن، ڤیان حەمە باقی، حسێن مەحموود)، ١٣٦ ژمارەی بە ١٢ لاپەڕە لێدەرچووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ بووە. بە هۆی نەبونی پاڵپشتی داراییەوە لە مانگی ١٢ى ٢٠١٣دا ڕاگیراوە.
ئاسۆی هەڵەبجە
بڵاوکراوەیەکی ساڵانەی تایبەت بە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. مەڵبەندی یەکی بزوتنەوەی ئیسلامی بە هاوکاری مەکتەبی ڕاگەیاندن بەشی ڕۆژنامەگەریی بڵاوکردنەوە لە ڕۆژی ١٦ى ٣ بڵاویکردووەتەوە. هەر ساڵە و سەرنوسەرێکی هەبووە. یەکەم ژمارەی ١٦ى ٣ى ١٩٩٤ز دەرچووە. بابەتەکانی باس لە قوربانی و تراژیدیا و دۆخی ژیانی خەڵکی هەڵەبجە دەکات. ١٨ ژمارەی لێدەرچووە. ژمارەی لاپەڕەکانی ١٢-٥٠ لاپەڕە بووە و گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. ١٦ى ٣ى ٢٠٢١ کۆتا ژمارەی دەرچووە.
ئاشکرا
بڵاوکراوەیەکی هەشت لاپەڕەییە. ساڵی ١٩٦٢ بۆ ١٩٦٣ دوو هەفتە جارێک نووری مەلا ئەحمەدی خەرامان دەریکردووە. ئاشکرا نازناوی نووری مەلا خەرامان بووە. بە ماوەیى دراوەتە خوێنەران و وەرگیراوەتەوە و دەستاودەستی پێکراوە. کەمال حەمەساڵح لولو، لە کتێبخانەی ماڵی پاشاوە سەرچاوە و کتێبی بۆ هەفتەنامەکە هێناوە. قوتابیان و کاسبکاران خوێنەری بوون و بابەتەکانی بریتیبوون لە هەواڵە گرنگەکانی ڕادیۆ، زانیاریی گشتی و... هتد، لە ڕادیۆکەی تۆفیقی مەلا محەممەدی باشکاتبەوە بابەت بۆ ڕۆژنامەکە وەرگیراوە.
ئەحمەدئاوا
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. قوتابخانەی ناوەندی ئەحمەدئاوای تێکەڵ لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٦دا دەریکردووە. حەوت ژمارەی لێدەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز: ئیبراهیم حاجی زەڵمی (بەڕێوەبەری قوتابحانەکە) بووە، سەرنوسەرەکەی: محەممەد شەریف (حەمەئەوین) بووە. دەستەی نوسەرانی لە مامۆستا و قوتابییان (نوعمان تاهیر، مەولوود محەممەد، ڕابەر ئیبراهیم، سەباح سدیق) بوون. بێبەرامبەر بەسەر خوێندکاراندا دابەشکراوە.
بەربانگ
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی هەشتی ڕێکخستنی بزوتنەوەی ئیسلامییە. ساڵی ١٩٩٨ لە شارۆچکەی خورماڵ دەرچووە. بە قەبارەی (١٨بە ٢١سم)، و لە (١٦) لاپەڕەدا بووە. بابەتەکانی بریتیبوون: لە زانیاریی ئایینی و زانیاریی گشتی و ڕێکخستن و وشیاریی سیاسیی.