ئاراستە
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. قوتابیانی یەکگرتوو ساڵی ٢٠٠٤ لە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ) بە قەبارەی (A٤)و بە چوار لاپەڕە دەریانکردووە. بابەتەکانی گشتی بوون و بێبەرامبەر دابەشکراوە. پاش دەرکردنی شەش ژمارە. گۆڕانکاری لە ستاف و دەستەی نوسەرانیدا کراوە و ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکەش گۆڕاوە.
پێزان
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. کۆمەڵێک لە خوێندکارانی پێنجەمی زانستی دواناوەندی خورماڵی کوڕان دەریدەکەن. مەبەست لە دەرکردنی خزمەتکردنی خوێندکاران و هوشیارکردنەوەیانە لە بوارە گشتییەکانی (کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، سیاسی...هتد). هەوڵیداوە کێشە و گرفتەکانی خوێندن لە هەوراماندا بخاتەڕوو. بە قەبارەی ( A٤) و بە (١٢) لاپەڕەی ڕەشوسپی دەرچووە. لەلایەن ستافێکی کارای خوێندکاران و مامۆستایانەوە سەرپەرشتیکراوە. سەرپەرشتیی گشتی (ڕێبوار حەمەلاو) و لیژنەی ڕۆشنبیری خاوەن ئیمتیازی بووە. بابەتی ئەدەبی و وتار و دیمانە و کاریکاتێری لەخۆگرتووە. لە یەک وەرزی خوێندنی (٢٠٠٤-٢٠٠٥)چوار ژمارەی لێدەرچوەو ڕاگیراوە.
خامە
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی مانگانەیە. لیژنەی ڕۆشنبیریی دواناوەندی خورماڵی کوڕان بەقەبارەی (A٤)و بەهەشت لاپەڕە دەریکردووە. سەرنوسەری (کامیل ئەحمەد)بووە و ژمارە سفری لە ١٨ى ١٢ى ٢٠٠١ دەرچووە. ناوەڕۆکی بابەتەکانی هەمەلایەن بوون، وەک (ئایینی، ئەدەبی، وەرزشی، زانستی و کۆمەڵایەتی). جگە لە بەرهەمی خوێندکارانی دواناوەندییەکە، هەندێکجار بەرهەمی قوتابیی قوتابخانەکانی تریشی بڵاوکردووەتەوە. ئامانجی دەستگرتن و هاندانی قوتابی و خوێندکاربووە بۆ بەهرە و تواناکانی نوسین و وەرگێڕان. لە ناو قوتابخانەکانی خورماڵ و چەند شوێنێکی تری گشتیدا بڵاوکراوەتەوە.
خانەی شیعر
بڵاوکراوەیەکی شیعریی مانگانەیە. خانەی شیعری خورماڵ دەریدەکات. لەلایەن ستافێکی گەنجەوە، کە پێکهاتوون لە (ڕایان عوسمان، عەفان ئەحمەد، سامان کەریم)ەوە دەرکراوە. سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، ئۆفیسی خورماڵ خاوەنی ئیمتیاز و موئمن یاسین زەڵمی (ڕاویار زەڵمی) سەرپەرشتیاری بڵاوکراوەکە بووە. ناوەڕۆکی بابەتەکانی بە گشتی ئەدەبی بوون، بێجگە لە ستافی بڵاوکراوەکە، کەسانی تریش بابەتیان بۆ ناردووە. سودیش لە سەرچاوە نوسراوەکان و دیوانی شاعیران وەرگیراوە. ئامانج لە دەرکردنی بڵاوکراوەکە، دروستکردنی شەپۆلێکی ئەدەبی و دەرخستن و پێگەیاندنی نوسەرانی لاوی ناوچەکە بووە. بڵاوکراوەکە بە قەبارەی (A٤) و بە هەشت لاپەڕەی ڕەشوسپی، چوار ژمارەی لێدەرچووە و بە هۆی سەرقاڵیی ستافەکە بە خوێندنەوە، ڕاگیراوە.
خەرمان
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتی بووە. لەساڵی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨، کە گوندەکانی هەورامان داگیرابوون، لەلایەن کۆمەڵێک گەنج و ڕۆشنبیری ناوچەکەوە بەدەست نوسراوەتەوە و سێ ژمارەی لێبڵاوکراوەتەوە. بیرۆکەکە هی (ئازاد محێدین(کۆچەر) بووە. دواتر بووەتە زمانحاڵی هەر یەکە لە (بارام حەمەعەلی و دیاری دێکۆنی و ڕەحیم وەیلان و...) دەستەیەکی نوسەرانیشی هەبووە. هەوڵێک بووە بۆ خستەڕووی تواناکانی گەنجان و سەکۆیەکی باشی ئەو سەردەمە بووە. بە هۆی ئاڵۆزیی شەڕی هەشت ساڵە و تیکچوونی ناوچەکەوە، ڕۆژنامەکەش وەک زۆرێک لە بوارە ڕۆشنبیرییەکانی دیکە، لەکارکەوتووە.
دەرەی مەڕ
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی سەربەخۆیە. کۆمەڵێک قوتابی، ناوبەناو بەهاوکاری ناوەندی ڕوناکبیریی (خورماڵ) دەریانکردووە. پاش دەرچوونی ژمارە (سفر)ی، کە وەک بڵاوکراوەیەکی دیواریی لەلایەن چەند خوێندکارێکەوە ١ى ١ى ٢٠٠٨ز ستافی بڵاوکراوەکە بڕیاریدا بەشێوەی بڵاوکراوەی لاپەڕەیی دەریبکات و بگاتە زۆر شوێنی هەورامان. ناوەڕۆکی بابەتەکانی جیاواز و جۆراوجۆر بوون، هەوڵدراوە زانیاری بۆ خوێندکاران بخاتەڕوو. ستافێکی گەنج سەرپەرشتی بڵاوکراوەکەیان کردووە. پاش دەرچوونی سێ ژمارە بڵاوکراوەکە وەستاوە.