وەزەرا
کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو چیای کەمانجەڕ لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و دەربەند دزڵی و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم، ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی دەوڵەمەندە. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانی دەکەن.
وەزەنێ
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەگاشێخان و باکوری ناوچەی گەشتیاریی وەزەنێ. (٢١١٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی دەگاشێخان و دۆڵی وەزەنێ و گوندی بەڵخە و هانە گەرمەڵە و کێمنە و بێرواس. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باڵندە و ئاژەڵی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئای کانیاوەکانی دەگاشێخان و بەڵخە و وەزەنێ، ڕێگایەکی خۆڵ لە بەڵخەوە دەڕواتە چیای تەوەنێ و بە دامێنی ئەم لوتکەیەدا تێپەڕە دەبێت بە شێوەیەک تەنها (١٩٠م) لێیەوە دوورە، ئەم ڕێگایە دەچێتە ناوچەی گەشتیاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە).
قوڵتا
کەوتووەتە باکوری گوندی (نارنجڵە) و خۆرهەڵاتی گوندی (گوڵپ). (١٢٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی ڕووتەنە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دەڕوانێتە سەر گوندی نارنجڵە و گوڵپ.
قۆڵی بلچ
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن و گەچێنە. (١٧٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی چڕە بە دارستانی سروشتیی بەڕوو و گۆیژ. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە.
کەرەسی
کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەمانجەڕ و نێو چیای کەرەس لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم. ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.
کەلایی کوژیاو
کەوتووەتە سنوری زنجیرە چیای سورێنەوە لە خۆرهەڵاتی گوندی کانی ئاسکان. لەبەردەم لوتکەی هەیان هەڵکەوتووە و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا.