بیارە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
سەنتەری ناحیەی بیارەیە. لە شارۆچکە دێرینەکانی هەورامانی لهۆنە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە ساڵی ١٩٧١ کراوەتە ناحیە، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٦ەوە شارەوانیی بیارە دورستبووە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە و بە دووریی (١٨کم) لە سەنتەری پارێزگاکەوە دوورە. سنوری جوگرافیی شارەدێکە لە باکور ھاوسنورە لەگەڵ گوندی گەچێنە و لە باشور لەگەڵ گوندی دەگاشێخان و لە خۆرئاوا لەگەڵ گوندی دەرەقەیسەر و لە باشوری خۆرئاوا لەگەڵ گوندی ھانەنەوتێ هاوسنورە و لە خۆرهەڵاتیشەوە گوندەکانی (کەیمنە و بێرواس و هانەگەرمڵە) سنورەکەی لە خۆرهەڵاتی کوردستان جیادەکەنەوە و لەگەڵ گوندی هانەگەرمڵە باخەکانیان تێکەڵن و تەنها جۆگەیەک سنوری جیاکەرەوەیانە. خانووەکانی لەسەر یەک دروستکراون و لە گەڕەکەکانی (پشت جۆگە، ملەی چنار، کاوات، وەرانوەر و فەرمانبەران) پێکهاتووە. بیارە بە ناوچەیەکی گەشتیاری و بازرگانی و باخداری بەناوبانگە. بۆچوونەکان پێیانوایە لەسەردەمی لۆلۆییەکاندا (بیر) شارێک بووە لە مەملەکەتی زاموا، ناوی بیارەش لەو شارەوە وەرگیراوە، بۆچونێکی دیکەش پێیوایە (بیارە واتە بوێرە) و مەلا عەبدولکەریمی مودەریسیش بە پیادەڕێ لێکی داوەتەوە. لوتکەی کڵاوەی ئاشور لە بەشی خۆرئاوا بۆ سەردەمی ئاشورییەکان دەگەڕێتەوە. چەمی بیارە بە ناوەڕاستی شارۆچکەکەدا تێپەڕدەبێت، کە لەشاخەکانی هەورامانەوە سەرچاوەدەگرن و سێ پردی سەرەکی لەسەر دروستکراوە. چەمی بیارە بە بەرهەمی میوەی هەمەجۆر و گوێز و توو بەناوبانگە. لە جۆگە ئاودێرییە گرنگەکانی: جۆگەی (کۆی، ئاساوە بەرزە، قوڵە، بێڵەخێ (بێڵەخا) خواجای موسایان، جۆگەی ئاشی شیخ عومەر و...هتد). لە مزگەوتە دێرینەکانی مزگەوتی ئەڵڵاهۆمەرا و خانەقان، مەدرەسەی بیارە لەسەردەمی شێخ عومەر و نەجمەدین و شێخ عەلادیندا لە ناوەندە زانستییە گرنگەکان بووە و چەندین زانا ڕوویانتێکردووە و لێیەوە دەرچوون. بە ئەزهەری کوردستان ناسراوە. شێخ عوسمانی دووەم بە کەعبەی حاجات ناوی بردووە. بەهۆی بوونی محاسنی شەریف (ڕیشی پێغەمبەر) بە بیارەی شەریفە ناسراوە. نەوەکانی پیر محەممەد بە ٢٥ پشت لە بیارەدا مەلابوون، لە ناودارانی: مەلا ئیبراهیم و و مەلا بەها و مەلا حەسەنی قازی و شێخ حەمەئەمینی بێوەی و ئەحمەدی نازدارێ و حەمەئەمین هەورامانی و... هتد. تیرە و بنەماڵە دیارەکانی (گەلان و سمێڵ و مەلایان و بەگان و شێخان و مکێڵ و شێخ عەولێ و مەلا عەبە و لەیلێ و حەمە شارەزووری)ن. سەیرانگاکانی هارەگلان، تەپی ئەحل، کەمەر سەلارە، ئاسنەوەرد ، ئاڵیاوا، کاوات، هانە نەوتێ، وەیوڵێ، گەناوڵێ...هتد. زەوییەکانی لە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە ٢٠ـە. لە ساڵی ١٩٣٣ قوتابخانە و لە ١٩٣٤ جادە و ١٩٣٦ پۆلیسخانە و ١٩٤٢ کارەبا و ١٩٥٦ شارەوانی و تەندروستی و دادی تێداکراوەتەوە و لە ئێستاشدا فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی تێدایە. لە ئەنجامی سکاڵانامەیەکەوە بڕیاری ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨دا، بیارەی نەگرتووەتەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە چۆڵکراوە؛ دوای ڕاپەڕین ئاوەدانکراوەتەوە. سەنتەری شارۆچکەکە ١١٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. کۆی گشتیی دانیشتوانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ٦٠٢ خێزان و ٣٠١٤ کەس پێکهاتووە. لە ساڵی ١٩٤٧، کە گوندێک بووە سەر بە ناحیەی خورماڵ، لە ١٤٣٢ کەس و لە ساڵی ١٩٥٧ لە ١٤٧٢ کەس پێکهاتووە. دانیشتوانەکەی بە گشتی بە کاری باخداری و پیشەی دەستی و بازرگانییەوە خەریکن. لەڕووی کارگێڕییەوە شارەوانیی شارۆچکەکە پلە چوارە و کۆی گشتیی ڕووبەری شارۆچکەکە نزیکەی ٢٧٨ دۆنمە. نەخشەی بۆ کراوە، بەڵام پەسەندنەکراوە.
سەرچاوەکان:
- داتا و زانیاری دەستەی ئاماری هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی، بەشی ئاماری هەڵەبجە، شیکاری دانیشتوان، داتای بڵاونەکراوە، ٢٠٢٣.
- مێژووی هەورامان، د. محمد امین هورامانی، چاپی یەکەم، بەرگی دووەم، چوارچراة سلێمانی، ٢٠١٦، ل٥٢٨-٥٣٥.
- جوگرافیاو مێژووی هەرەدێرینی هەورامان لە ئاڤێستادا، پشکنین و توێژینەوەی: د. محمەد ئەمین هەورامانی، چاپی یەکەم، چاپخانەی چوارچرا، ٢٠١٠، ل٣٦٤-٣٧٤.
- الجمهورية العراقية، وزارة الداخلية، مديرية النفوس العامة، المجموعة الأحصائية لتسجيل عام (١٩٥٧) لوائى کرکوک و السليمانية، مطبعة العاني، بغداد، جدول ٨، ص ٢١-٢٤.
- الجمهورية العراقية، وزارة التخطيط، الجهاز المرکزي للأحصاء، قسم الاحصاء و النشر، المجموعة الأحصائية السنوية العامة (١٩٧٧) مطبعة الحکومة، بغداد، ١٩٧٨، جدول (١-٤)، ص٢٧.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم,کارزان عەدنان حەمەسەعید