بیارە
سەنتەری ناحیەی بیارەیە. لە شارۆچکە دێرینەکانی هەورامانی لهۆنە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە ساڵی ١٩٧١ کراوەتە ناحیە، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٦ەوە شارەوانیی بیارە دورستبووە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە و بە دووریی (١٨کم) لە سەنتەری پارێزگاکەوە دوورە. سنوری جوگرافیی شارەدێکە لە باکور ھاوسنورە لەگەڵ گوندی گەچێنە و لە باشور لەگەڵ گوندی دەگاشێخان و لە خۆرئاوا لەگەڵ گوندی دەرەقەیسەر و لە باشوری خۆرئاوا لەگەڵ گوندی ھانەنەوتێ هاوسنورە و لە خۆرهەڵاتیشەوە گوندەکانی (کەیمنە و بێرواس و هانەگەرمڵە) سنورەکەی لە خۆرهەڵاتی کوردستان جیادەکەنەوە و لەگەڵ گوندی هانەگەرمڵە باخەکانیان تێکەڵن و تەنها جۆگەیەک سنوری جیاکەرەوەیانە. خانووەکانی لەسەر یەک دروستکراون و لە گەڕەکەکانی (پشت جۆگە، ملەی چنار، کاوات، وەرانوەر و فەرمانبەران) پێکهاتووە. بیارە بە ناوچەیەکی گەشتیاری و بازرگانی و باخداری بەناوبانگە. بۆچوونەکان پێیانوایە لەسەردەمی لۆلۆییەکاندا (بیر) شارێک بووە لە مەملەکەتی زاموا، ناوی بیارەش لەو شارەوە وەرگیراوە، بۆچونێکی دیکەش پێیوایە (بیارە واتە بوێرە) و مەلا عەبدولکەریمی مودەریسیش بە پیادەڕێ لێکی داوەتەوە. لوتکەی کڵاوەی ئاشور لە بەشی خۆرئاوا بۆ سەردەمی ئاشورییەکان دەگەڕێتەوە. چەمی بیارە بە ناوەڕاستی شارۆچکەکەدا تێپەڕدەبێت، کە لەشاخەکانی هەورامانەوە سەرچاوەدەگرن و سێ پردی سەرەکی لەسەر دروستکراوە. چەمی بیارە بە بەرهەمی میوەی هەمەجۆر و گوێز و توو بەناوبانگە. لە جۆگە ئاودێرییە گرنگەکانی: جۆگەی (کۆی، ئاساوە بەرزە، قوڵە، بێڵەخێ (بێڵەخا) خواجای موسایان، جۆگەی ئاشی شیخ عومەر و...هتد). لە مزگەوتە دێرینەکانی مزگەوتی ئەڵڵاهۆمەرا و خانەقان، مەدرەسەی بیارە لەسەردەمی شێخ عومەر و نەجمەدین و شێخ عەلادیندا لە ناوەندە زانستییە گرنگەکان بووە و چەندین زانا ڕوویانتێکردووە و لێیەوە دەرچوون. بە ئەزهەری کوردستان ناسراوە. شێخ عوسمانی دووەم بە کەعبەی حاجات ناوی بردووە. بەهۆی بوونی محاسنی شەریف (ڕیشی پێغەمبەر) بە بیارەی شەریفە ناسراوە. نەوەکانی پیر محەممەد بە ٢٥ پشت لە بیارەدا مەلابوون، لە ناودارانی: مەلا ئیبراهیم و و مەلا بەها و مەلا حەسەنی قازی و شێخ حەمەئەمینی بێوەی و ئەحمەدی نازدارێ و حەمەئەمین هەورامانی و... هتد. تیرە و بنەماڵە دیارەکانی (گەلان و سمێڵ و مەلایان و بەگان و شێخان و مکێڵ و شێخ عەولێ و مەلا عەبە و لەیلێ و حەمە شارەزووری)ن. سەیرانگاکانی هارەگلان، تەپی ئەحل، کەمەر سەلارە، ئاسنەوەرد ، ئاڵیاوا، کاوات، هانە نەوتێ، وەیوڵێ، گەناوڵێ...هتد. زەوییەکانی لە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە ٢٠ـە. لە ساڵی ١٩٣٣ قوتابخانە و لە ١٩٣٤ جادە و ١٩٣٦ پۆلیسخانە و ١٩٤٢ کارەبا و ١٩٥٦ شارەوانی و تەندروستی و دادی تێداکراوەتەوە و لە ئێستاشدا فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی تێدایە. لە ئەنجامی سکاڵانامەیەکەوە بڕیاری ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨دا، بیارەی نەگرتووەتەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە چۆڵکراوە؛ دوای ڕاپەڕین ئاوەدانکراوەتەوە. سەنتەری شارۆچکەکە ١١٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. کۆی گشتیی دانیشتوانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ٦٠٢ خێزان و ٣٠١٤ کەس پێکهاتووە. لە ساڵی ١٩٤٧، کە گوندێک بووە سەر بە ناحیەی خورماڵ، لە ١٤٣٢ کەس و لە ساڵی ١٩٥٧ لە ١٤٧٢ کەس پێکهاتووە. دانیشتوانەکەی بە گشتی بە کاری باخداری و پیشەی دەستی و بازرگانییەوە خەریکن. لەڕووی کارگێڕییەوە شارەوانیی شارۆچکەکە پلە چوارە و کۆی گشتیی ڕووبەری شارۆچکەکە نزیکەی ٢٧٨ دۆنمە. نەخشەی بۆ کراوە، بەڵام پەسەندنەکراوە.
خورماڵ
لە باکورەوە لەگەڵ ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن، لە خۆرئاوا و باکوری خۆرئاوا لەگەڵ قەزای سەیدسادق، شارۆچکەی بیارە، لە باشوری خۆرهەڵات و شارۆچکەی سیروان لە باشورەوە هاوسنورە. ساڵی ١٢٩٩ هەتا ساڵی ١٨٦٩ لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا قەزابووە. لە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتەوە شاخەکانی هەورامان و سورێن لە شارستانی مەریوانی ئوستانی کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستانی جیادەکاتەوە. لە ٢٠ کەرتی کشتوکاڵی و ٤٨ گوند پێکهاتووە، شەش لەو گوندانە دەکەونە سنوری ناوچەی هەورامان. لە ڕووی تۆبۆگرافیاوە لە شاخی بەرز و هەڵدێرەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی بنار و پێدەشتەکانی شیرەمەڕە و شارەزوور شۆڕدەبێتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ڕووبەرەکەی (٧٢٨کم٢) بووە و ڕێژەی ٢٢%ی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕووبەرەکەی بۆ ٢٤٣.٥ بەرزبووەتەوە و ڕێژەی ٣٠.٦%ی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. لەڕووی ڕووبەرەوە دووەم گەورەترین شارۆچکەی پارێزگاکەیە. لە ئێستادا ڕووبەرەکەی (٢٦٠.٥٧کم٢) و ڕێژەی ٢٤% پارێزگای هەڵەبجە پێکدەهێنێت. بەگشتی دانیشتوانەکەی بە کاری کشتوکاڵی، باخداری، ئاژەڵدارییەوە خەریکن. بەهۆی نزیکیی لە سنوری ئێران لە مەرزە لاوەکیەکانی مڵەخورد و سیپە، کاری بازرگانی و کۆڵبەریشی تێدا دەکرێت. چەندین شوێنی سەرنج ڕاکێشی گەشتیاری و مێژوویی بوونیان هەیە. وەک مزگەوتی گەورەی خورماڵ و قەڵای خورماڵ، سەرچاوەی ئاوی گەنجان و ئاوی گۆگردی، هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا، تاڤگەی زەڵم، ڕیشێن و هتد. لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیەوە دانیشتوانەکەی لە هەورامی، نەورۆڵی، شێخانی سادات، وڵەدبەگی، هارونی، یاروەیسی، بەلەبزانی، کەڵهور و یەزدانبەخشی پێکدێن. سەبارەت بە ناولێنانەکەی چەند بۆچوونێک هەیە، لەوانە: ١-گوڵعەنبەر: زۆرێک لەمێژوونوسان و شارەزایان و خەڵکی ناوچەکە کۆکن لەسەر ئەوەی (خورماڵ)ی ئێستا سەردەمێک (گوڵعەنبەر) بووە، کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر ئەم ڕایە هەن، وەک ئەوەی دەوترێت لە(گوڵعومەر)ەوە هاتووە و مەبەست (عمری کوڕی خەتاب)ـە. یان دەوترێت ناوی ئافرەتێکە بەناوی (گوڵعەنبەر)، کە فەرمانڕەوایی ئەم شارەی کردووە، کچی شا (بدر)ی حەسنەوی بووە، لەپاش نەخۆشکەوتن و چاکبوونەوەی ئەو کچە لەسەر دەستی پیاوچاکێکی ئایینیی ناوچەکە و دواتر مردنی باوکی، خۆی دەبێتە فەرمانڕەوای ناوچەکە و ناوی شارەکەی بەناوەوە دەکرێت، شاری (گوڵعەنبەر)خاتوون، دواتر دەبێتە شاری (گوڵعەنبەر). ٢- خورماڵ: ئەم ناوەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە بنەڕەتدا (گوڵعەنبەر) بوە و گۆڕاوە و بووەتە (خورماڵ)، بەم شێوەیە (گوڵعەنبەر - گوڵەمبەر - گوڵەمار - گوڵمار- خوڵمار - خورماڵ). وەک دەوترێت (هەولێر) یش لە (اربیل)ەوە هاتووە، بەم جۆرە (ئەربیل - ئەڕوێل - ئەولیر - هەولیر - هەولێر). ٣- دزدان: (ئەمین نەقشبەندی) دەڵیت (دزدانە واتە دژدانە)، ئەگەر (دژ) بریتیبێت لە (قەڵا)، ئەوا (دژدان) واتە شوێن قەڵا. بەپێی ئەو وردبونەوەیە، دەکرێت بوترێت هۆی ناولێنانی شاری خورماڵ (بەدژدان) بۆ بونی ئەو قەڵایانە دەگەڕێتەوە، کە لەشارەکە و دەوروبەریدا هەن.
سیروان
سەنتەرى ناحیەی (سیروانە)ـە. کەوتووەتە سەر شاڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجە - سلێمانی). سنوری شارەوانیەکەی لە ئێستادا لە چوار گەڕەکی (ئاشتی، ئازادی، پەرلەمان، شەهیدان) پێکدێت. خەڵکەکەی زیاتر بە کشتوکاڵ و بە خێوکردنی ئاژەڵەوە خەریکن. لە هەلومەرجی سیاسیی ١٩٧٥-١٩٨٠ و بڕیاری ڕاگواستنی گوندەکانی سنور، کۆمەڵگای زۆرەملێ لە بەشی خۆرهەڵاتیدا دروستکراوە، کە بەشێک لە گوندەکانی شەمێران و نەورۆڵی و هەورامان و هەردوو گوندی (ڕەنگینە و ئارووزەر)ی شارباژێڕی تێدا نیشتەجێکراوە. کارگەی پەتاتە و باخ و نەمامگە و سایلۆی تێدا بووە. دیارترین مەرگەساتی سووتانی بینا سووتاوەکەی سیروان بووە، کە لە ئەنجامی بۆردومانی ئێرانەوە ساڵی ١٩٨٦ نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی بوونەتە قوربانی. لە ئێستادا بیناکە وەک مۆنۆمێنتێک بۆ یادکردنەوەی ئەو کارەساتە ئامادەکراوە. لە تۆڵەی بەشداری خەڵکەکەی لە خۆپیشاندانی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧دا ڕژێم چەند هاوڵاتییەکی زیندەبەچاڵ دەکات. بەپێی سەرژمێریی ١٩٧٧ژمارەی دانیشتوانی ١٩٢٩٠کەس بووە و لە ١٩٨١-١٩٩٧ ژمارەکەی بووەتە ٢٩٤٢٢ کەس. لە ئێستادا فەرمانەگەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ و ئاو و کارەبا و کارتی نیشتمانی و مەڵبەندی تەندروستی و کتێبخانەی گشتی و گەلێک قوتابخانە و فەرمانگەی تری حکومی تێدایە.