قەیسەریی وەسمان پاشا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ئەم قەیسەرییە دەکەوتە چەقی ناوبازاڕی هەڵەبجە، لەلایەن وەسمان پاشای جافەوە دروستکرابوو. مێجەرسۆن ساڵی ١٩٠٩ بەم شێوەیە باسیدەکات: لە گۆڕەپانێکەوە بە دەرگایەکی نزمی پەرپووتدا، کە دەچووە سەر کۆڵانێکی بنبەست و لەوێشەوە بۆ شەقامێکی تەسک و پیسوپۆخڵ، چووینە دەرەوە. ئەوەش گۆڕەپانێکە (مەیدان شار)، کە لە لایەکییەوە ڕیزێک کۆشک کراوە بە دووکانی کەباب برژاندن و مەڕ سەربڕین و میوە کڕین لە جوتیاران، کە لە باخەکانەوە دەیهێنن. ئەوە بازاڕی خواردەمەنی بوو لە هەڵەبجەدا، مەنسوور پێی گووتم بەر لە حەوت ساڵ (مەبەستی ساڵی ١٩٠٢وە) لەمەوبەر، ئێرە شوێنی زبڵ و خۆڵ و خاشاک بووە. لە دەروازەیەکی گەورەوە دەچوویتە بازاڕەکەوە سەقف و دیوارەکەی زۆرباش و توندوتۆڵە و لە باشترین خشت دروستکراوە. دەروازەکە ڕادەبوێرێ بەلای ڕاڕەوێکی قوبەیی درێژدا، هەرلایەک بە دووکان گیراوە و بە ماوەیەکی کورت لە دەروازەی سەرەکییەوە بە گۆشەی ڕاستدا دەگەڕێتەوە. نەخشەی بازاڕەکە لەلایەن عادیلەخانمەوە کێشراوە، شێوەی بازاڕەکە بەتەواوی چوارگۆشەیە، لەگەڵ دەروازەیەک لە ناوەڕاستی هەر لایەکدا. ڕێگا لە دووکانەکانەوە بەناو دیوارەکاندا دەڕوات و ڕێڕەوێکی تر دوو دەروازە بەیەکتر دەبەستێتەوە، دوو تەریبی هاوڕێک دەکات بە دوونیوەی یەکسانەوە. دووکانەکان لەسەر سەکۆی خشت دروستکراون، بە چوارمەشقی لەسەری دادەنیشن یان شتومەکی لەسەر دادەنێن. دووکانەکە خۆی سەرەڕای ئەوەی دۆڵابێکی گەورەیە، پێشەکەی، کە دەڕوانێت بەسەر دەرەوەدا، لە تەختەدار دروستکراوە، لەناویدا ڕەفەیەک، کە شتومەکی لەسەر دادەنرێت و ئەگەر خاوەن دووکانەکە جولەکە بێت، سندووقێکی ئاسنی بەهێز لە بەردەم شتەکاندا هەیە. لە بازاڕی هەڵەبجەدا (٥٢-٥٤) دوکانی هەیە. لەوانەیە بیستیان بازرگانی کوتاڵ و جلوبەرگی کەتان بێت، زۆربەشیان جولەکەن، کە بەشێکی سەرەکیی بازرگانەکانن. بەپێی گێڕانەوەکانی مێجەرسۆن هەر دووکانێک مانگانە بە دوو قران داویەتی بە کرێ بە هاوڵاتیان. بازاڕەکە هەموو هەواڵی شارەکە و ناوچەکەی بۆ دێت، هەواڵی گەیشتنی منیان بیستبوو بە هەڵەبجە، بۆیە کاتێک لەگەڵ مەنسووردا چوومە ژوورەوە لەلایەن کورد و جولەکەکانەوە وەک یەک پێشوازیکرام.
سەرچاوەکان:
- ئی.بی.سۆن(مەیجەرسۆن): گەشتیک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لە بەرگی نادیاردا، و.مینە، لەبڵاوکراوەکانی کتێبخانەی یادگار، ٢٠٢١٨، ل٢٣٥-٢٣٦.
- مەیجەرسۆن: سلێمانی ناوچەیەک لە کوردستان، و.مینە، چ١، لەبڵاوکراوەکانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٥٢-٥٣.
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی