ڕەنگینی بچووک
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە باکوری گوندی یاڵانپێ و سنوری گوندەکە لەگەڵ چیای سورێن و وڵاتی ئێران یان هەورامانی خۆرهەڵات پێکدەهێنێت. (٢٢٨٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی هەردوو هەورامانی دیوی عێراق و ئێران، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ساڵانە ڕێژەیەکی باش باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین و بە هۆی سەختی و زۆریی بەرزییەکەیەوە، هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، بۆیە گەشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتوویی جەستەیی هەیە، بەڵام لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگای تێکەڵە ڕێژکراو نزیک دەبێتەوە و تەنها (٦٤٠م) دوورە لێیەوە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٦ی ٣ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (محەممەد غەفار حەمەزەمان)، لەدایکبوو: ١٩٦٨، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٦ی ٣ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا