قولەی تلی کوڕ
کەوتووەتە بەرانبەر شاخی داڵەڕێ لە گوندی (بۆین). بەرزترین لوتکەی شاخی مەڕمانگانە. لە دوو بەش پێکهاتووە بەشی خواروو بەشی ژووروو، بەهۆی سەختیەکەیەوە، کەم کەس توانیویەتی بگاتە لوتکەکەی. لە قەدپاڵەکانیدا چەندین ئەشکەوت و شوێنەواری مێژوویی پێوە دیارە.
کەسنەزان
به دووریی نزیکەی نیو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ) و بەرامبەر لوتکەى کونەقير لە باشورى دەشتى نێرگسەجاڕەکۆن. بەهۆى چڕیی دارودەوەنەکەيەوە، که گوتوويانە هەرکس بڕواتە ناوی نازانێت چى بەسەردێت و بەهۆيەوە ئەو ناوەى لێنراوە.
کونەقير
بە دووریی نزیکەی نیو کیلۆمەتر، کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ) بەرانبەر لوتکەى کەسنەزان لە باشورى دەشتى نێرگسەجاڕەکۆن. بەهۆى بوونى قيرى سروشتييەوە، کە وەک ئارەقە لە نێو چينە بەردەکانەوە هاتووەتەدەر، ئەو ناوەی لێنراوە.
گردە
کەوتووەتە پشت گوندی (ئەحمەد ئاوا). دەڕوانێت بەسەر دۆڵی زەڵم و کەڕەجاڵ و شارەزووردا. دوو شورەی بەردینی بەهێز بە سێ لایدا شۆڕدەبێتەوە. پێدەچێت ئەم لوتکەیە بۆ بەرگریکردن لە قەڵای زەڵم لە سەردەمی ساسانیەکاندا، بەکارهێنرابێت. هۆکاری ناونانەکەی دەڵێن لە وشەی جردەی عەرەبیەوە هاتووە. بەوپێیەی لە شیوەکەی خوار ئەحمەدئاوادا، کۆمەڵێک سکەی کۆن دۆزراونەتەوە، کە بۆ سەردەمی یەزدی گورد گەڕاونەتەوە. پێدەچێت یەکێک لە پاشاکانی ساسانی بەناوی یەزدی گورد لەم قولەیەدا ژیابێت. ڕێگەی سەرکەوتنی ئەم قولەیە پێیدەوترێت پلە سوور، کە کەوتووەتە بەشی خـوارەوە و بەواتـای هێڵی سـوور دێت.
مازووە ڕێ
یەکێکە لە لوتکە بەرزەکانی زنجیرە چیای سورێن. سنوری گوندی کانی ئاسکانە و میلەی مەرزیی بۆ جیاکردنەوەی سنوری خۆرهەڵات و باشوری کوردستانی تێدا جێگیرکراوە. بەهۆی بوونی داری مازووەوە ئەو ناوەی لێنراوە. خەڵکی ناوچەکە سوودیان لەو دارانە بۆ کاروباری جیاواز وەرگرتووە.
ملەگورگان
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ) لە چیای خۆشک. (١٠٢٠م) لەئاستی دەریاوە بەرزە. پیادەڕێگەیەکی پێدا تێپەڕدەبێت بۆ سەر چیای خۆشک، پێیدەوترێت (ملەگورگان).