دەرەو کێڵا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی گەچێنە و هەمزەیی. لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا درێژدەبێتەوە، لە دوای چیای قۆڵی بلچ دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە گوندی گەچێنە. درێژیی چیاکە (٠,٩٣کم) دەبێت، لە باکورەوە چیای شرام و لە باشورەوە چیای کەمەرە سور و لە خۆرهەڵاتەوە چیای قۆڵی بلچ و لە خۆرئاواوە چیای گەچێنە. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو (لوتکەی مەڕەو شابازی و دەرەوکێڵا). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە لەوانە وەکو (دۆڵی دەرەوکێڵاو نسارە سور و خۆرەتاوە گەورە). بەسەر گوندی گەچێنە و باخەکۆن و سروشتی جوانی ناوچەکەدا دەڕوانێت و ئەمە وایکردووە وەک هاوینەهەوار و ناوچەیەکی گەشتیاری سەردانیبکرێت، بە تایبەتی لە وەرزی بەهاردا. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستانی سروشتی، بەڕوو گۆیژ و ترش و هەنجیرە کێوی و هەرمێلە کێوی. لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارەی وەک گیلاغە و ڕوسقە و کنگر و بنەسوورە و بەڕەزا و پسڵ و سوورەبنە سەردانیدەکەن. بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی وەک کەروێشک و پۆڕ و کەو ڕێوی کەمتیار و سوچەڕ و ژیژک و کەنەسمە و سوێسکە و داڵ و خشۆکەکان دەوڵەمەندە. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان وەکو ئەشکەوتی شابازی، بەڵام مەخابن هەندێک شوێنی تاوەکو ئێستاش بەدەست هەبوونی مینەوە گیرۆدەن. ئەمەش کێشەی بۆ خەڵکی دروستکردووە و چەندین کەسی دوچاری مەرگ و کەمئەندامی کردووەتەوە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (جەمالی جەڕاح)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی(Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا