خەزێنە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە گوندی ناوباخان لە شارۆچکەی (خورماڵ). دانیشتوانی ناوچەکە پێیانوایە بۆ پاراستن و هەڵگرتنی گەنجینە و خەزێنە بەکارهاتووە و ناویان لێناوە ئەشکەوتی خەزێنە. هیچ کارێکی هەڵکۆڵینی زانستی بۆ ئەم شوێنەوارە ئەنجامنەدراوە. ئەم جۆرە هەڵکۆڵینانە تایبەتمەندی بیناسازی ماددەکانە، کە بەشێوەی هەڵکۆڵین لەناو دڵی بەرد و چیاکاندا دروستکراون. تاوێرە بەردێکی گەورە بەشێوەیەک لەناو زەویەکەدا هەڵکەوتووە ناوەکەی هەڵکۆڵراوە، لەسەرجەم لاکانیەوە لە ئاستی زەویەکەدایە و لە دیوی ڕووی سەرەوەی سەرنجبدەین بەردێکی تەختی لاکێشەییە و نزیکەی سێ مەتر پانی و چوار مەتر درێژییەکەیەتی. ئیمپرتۆریەتی میدیا لە (٧٠٠-٥٥٠ پ. ز) کە دروستبووە، لەبەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردستانی گەورە و سەر زەمینی ئێراندا بڵاوبووەتەوە. ماددەکان بەم ناوچەیەش گەیشتون و شوێن دەستی خۆیان نەخشاندووە. سەرەتای هەڵکۆڵینەکە بە دەرگایەک یان (دەلاقەیەک) دەستپێدەکات و شێوەیەکی ئەندازەییی چوارلای ڕێکی هەیە و پێوانەکەی (٦٠سم) پانی و(٦٠سم) بەرزییەکەیەتی. دەرگاکەی بەشێوەیەک داتاشراوە، کە بەئاسانی هەست بەوە دەکرێت لەلاتەنیشتەکانی دەرگاکەدا داتاشینێک هەیە بۆ ئەوەی بەردێکی تر بەشێوەیەکی ڕێک و پڕاوپڕ لەسەر دەرگاکە دابنرێت و دەرگاکەی پێ دابخرێت، بەڵام بەردی سەرقەباغەکەی شکێنراوە و لەشوێنەکە دوورخراوەتەوە. لەپاش دەرگاکە دەچینە بەشی ناوەوەی شوێنەوارەکە لەشێوەی ژورێکی چوارگۆشەدایە و بە شێوازێکی ئەندازەیی زۆر جوان داتاشراوە، بریتییە لە ژورێکی هەڵکۆڵراوی شێوە چوارگۆشە بەپێوانەی (دوو مەتر پانی و دوو مەتر درێژی و دوو مەتر بەرزی). بەشێوەیەکی ڕێک و هونەریی زۆر جوان داتاشراوە، دەگونجێت لەبەشی خوارەویدا شوێنی دانیشتن ساز کرابێت بۆ ئەوکەسانەی، کە چونەتە ناوشوێنەکەوە، بەڵام لەئێستادا لەبەر پڕبوونەوەی بەشەکانی خوارەوە، دیار نەماون.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی توێژەر بۆناوچەی توێژینەوە، چەندین جار، کۆتاجار ڕێکەوتی (١٧ی ٢ی ٢٠٢٣) کاتژمێرچواری ئێوارە.
- خورماڵ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆ ئەنثرۆپۆلۆجی، ئیبراهیم حاجی زەڵمی، بەرگی یەکەم، ٢٠٠٨، ل١٧.
- پەیامی هەورامان، هادی ڕەشید بەهمەنی، چاپی دووەم، بەدرخان، سلێمانی، ٢٠٠٣، ل١١- ١٢.
ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر,ئیکرام محەممەد زەڵمی