وشکەناوی خواروو
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەوتووەتە باکور و باکوری خۆرهەڵاتی ناحیەی (خورماڵ). لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە و کەوتووەتە دامێنی چیای مڵەخورد و سێخڕان و بە دامێنی دیووی خۆرئاوای چیاکەدا درێژ دەبێتەوە و دەتوانین بڵێین کەوتووەتە نێوان چیاکانی (مڵەخورد و سێخڕان و سوتنەچەڕ و بانی زەڵم و کەڕەجاڵ)ەوە. دۆڵی وشکەناوی سەروو دەکەونە بەشی باکوری ئەم چیایەوە، لە کاتێکدا لوتکەی ئاساو وایی و سێخڕان دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە، هەروەها لوتکەی بابا زەردەڵە و ئەشکەوتی خان ئەحمەدخان دەکەونە باشوری، لوتکەی کەمەرە سیاو دەکەوێـتە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی(٧٦٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (١,٨٥کم٢)یە، درێژیی (٢,٦٥کم) و پانییەکەی (٥٢٠م) دەبێت. بەشی خوارەوەی باخ و باخاتێکی چڕە بە دار گوێز و هەنار و توو و هەرمێ، قەڵای زەڵم و شوێنەواری میر خان ئەحمەدخان کەوتووەتە سنوری باشوری و لە بەشی ناوەڕاستی دۆڵەکادا هەردوو شوێنەواری قەڵای کچێ و قەڵای کۆشکی کوڕ هەیە، کە شوێنەوارێکی کۆنە، ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆحەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەکان. چەند کانیاوێکی تێدایە، کە پێویستی ئاوی ئاژەڵ و باڵندەکان دابیندەکات، ئەشکەوتەکانی پەناگەی پێشمەرگەی حیزبە جیاوازەکانی ناوچەکە بووە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بەختیار حەبیب زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٤، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: کاسب، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠. ٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا