زەردەهاڵ
کەوتووەتە سنوری گوندی (زەردەهاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان پێدەشتەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٤٥کم٢) و درێژیی (٢,٢٧کم) و پانییەکەی (٣٧٠م). دەچێتەوە سەر دۆڵی خارگێڵان و بە خڕی بیارە بە ناوبانگە. لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەردەهاڵ و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.
زەردۆڵ
کەوتووەتە باشورى خۆرئاواى گوندى (قەڵپ). (٩٥٨م) لـەئـاستـى ڕووى دەريـاوە بەرزە.
زەلەکێ
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (تریفە) لە نێوان گوندەکە و گوندی پریسی سەروو. شوێنێکی لەبارە بۆ لەوەڕگای مەڕوماڵاتی دانیشتوانی گوند. درێژییەکەی نزيکەى (٥٠٠م)ـە.
زەڵم
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی چیای هەورامان لێژدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوا، لوتکەی (داڵانی و لوتکەی ئاوگە و ڕاگاو دەوراری) دەکەونە خۆرهەڵاتی و لوتکەی(مڵەخورد و پلەکێ مەلا مسەفای و تکەکە) دەکەونە باکوری، لە چەند دۆڵێک پێکهاتووە لەوانە دۆڵێ(پلا، سەختە، ولا، وەروێ، ڕیقنەچەرمێ، کەڕەجاڵ، مەسناوی، گۆڕیچەی، بنی پەڵگ، وشکەناوی سەرو و خواروو)، درێژی(٨,١٢کم) و پانی(٥٢٠م)دەبێت. گوندەکانی (زەڵم، ئەحمەدئاوا، ناوباخان) دەکەونە ناوییەوە، هەروەها(تاڤگەی زەڵم و هانە قولقولە و چەمی وێشەی) بەنێودا تێپەڕدەبێت، کە ڕوباری زەڵم دروستدەکەن و دەڕژێتە نێو دەریاچەی دەربەندیخانەوە، بەتایبەتی بونی تاڤگەی زەڵم و هاوینەهەوارەکەی وایکردووە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەردانیبکەن. دۆڵێکی قوڵە و خاوەنی چەندین پەناگە و ئەشکەوته، بە باخی گوێز و هەنجیرو هەنار داپۆشراوە، لە بەشی خوارەوە لەگەڵ دۆڵی وشکەناو یەکدەگرێت، کە دوو بەشە (وشکەناوی سەروو و خواروو)، درێژییەکەی (٣,٥٧کم) دەبێت، کە ژمارەیەک ئەشکەوتی تێدایە وەکو ئەشکەوتی (چاڵگە، بەرەسەرا، سەختە، دووەنهۆمێ، کاو و هەچکوچا، هاری، بوڵینا، کچ و کوڕ)، هەروەها چەمی وشکەناوی بەنێودا تێپەڕدەبێت، دواتر لەبەشی بنی پەڵگ ئەشکەوت و شوێنەواری قەڵای زەڵم و خان ئەحمەدخان هەیە، کە ناوچەیەکی مێژویی دێرینە و کەوتووەتە دۆڵی زەڵم، ناوچەیەکی گەشتوگوزاری بەناوبانگە و چەندین خزمەتگوزاری وەکو کابینەی گەشتیاری و بازاڕ و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران و گەراج و خواردنگەی تێدایە، کە کارئاسانی کردووە بۆ هاتنی گەشتیاران، خاوەنی ڕێگایەکی دوو ئاڕاستەیە، ئاڕاستەیەکیان بەنێو دۆڵی زەڵمدا تێپەڕدەبێت و ئەوی دیکەیان بەنێو گوندی ئەحمەدئاوا و سێداران بۆ پشتی بابازەردەڵـە و دەگـاتەوە دۆڵی زەڵـم و لـەسـەر پـردی هـاوینـەوارەکـە یـەکـدەگـرنەوە.
زهۆران
کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان) لە پشت تەپەخەزێنەوە بەرامبەر گۆڕی شێخ موئمین و کەمەرەسوور. لە لاپاڵەکانیدا و بە درێژاریی (٥,. کم) چەندین پارچە زەوی بەپیت هەیه، کە لە ڕابردوودا کراون بە دەغڵودان.
زورێن
کەوتووەتە باکوری شارۆچکەی (خورماڵ) و باکوری چیای سورێن و ئاڕاستەی درێژبوونەوەی باکوری خۆرهەڵات بۆ باشوری خۆرئاوایە و لە بەرزیی (١٣٧١م) دەستپێدەکات و درێژییەکەی دەگاتە چوار کیلۆمەتر، زۆرترین قوڵیی دۆڵەکە کەوتووەتە بەشی ناوەڕاست و هەروەها پانیی دۆڵەکە لە بەشەکانی باشوری خۆرئاوادا بەرەو زیادبوون دەڕوات، سنوری دۆڵەکە لە گوندی نەوێ کۆتاییپێدێت و دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات.