هانە وەهارە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 432

دۆڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا لە نێوان چیا بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی (١٨٤٦) و بەرزترین خاڵی (٢٠٤٧م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزی دەگاتە (١٩٤٦م)‌. ڕووبەرەکەی (٠,٠٧کم٢)یە و درێژیی (٥٥کم) ‌و پانییەکەی (٢٧٠م)‌ دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵەکانی (خوێڕسگە و بەڵخە و دێگەو سۆڵێ و جاور) و لەگەڵ دۆڵی وەزەکۆر و دۆڵی تەوێڵە و سۆسەکان و پاڵانیا لە باشوری خۆرئاوای بەڵخە یەکدەگرن و چەمی گەورە دروستدەبێت و پاشان بە گوندی هاوار و هاوارەکۆندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە چەمی گریانەو پاشان ڕوباری سیروانەوە. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢١ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا(بەختیار حەمەخان بەڵخەیی)، لەدایکبوو: ١٩٦٢، پیشە: مامۆستا، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ٢١ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

زەردەگڵ

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (بامۆک). گڵێکی زەردباوی هەیە و بەو ناوە ناونراوە. بە گا کێڵراوە و کراوەتە گەنم و جۆ و لە ئێستەش بە مەکینە دەکێڵرێت. لە دوو بەش پێکهاتووە زەردەگڵی سەروو خواروو. شاخێکی مامناوەند لەیەکیان جیادەکاتەوە، داربەڕوویەکی گەورەی تێدابووە بەناوی دارەکێ ناوبراوە.

زەردەهاڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەردەهاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان پێدەشتەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٤٥کم٢) و درێژیی (٢,٢٧کم) و پانییەکەی (٣٧٠م)‌. دەچێتەوە سەر دۆڵی خارگێڵان و بە خڕی بیارە بە ناوبانگە. لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەردەهاڵ و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

زەردۆڵ

کەوتووەتە ‌باشورى خۆرئاواى گوندى (قەڵپ). (٩٥٨م) لـەئـاستـى ڕووى دەريـاوە بەرزە.

زەلەکێ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (تریفە) لە نێوان گوندەکە و گوندی پریسی سەروو. شوێنێکی لەبارە بۆ لەوەڕگای مەڕوماڵاتی دانیشتوانی گوند. درێژییەکەی نزيکەى (٥٠٠م)ـە.

زەڵم

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی چیای هەورامان لێژدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوا، لوتکەی (داڵانی و لوتکەی ئاوگە و ڕاگاو دەوراری) دەکەونە خۆرهەڵاتی و لوتکەی(مڵەخورد و پلەکێ مەلا مسەفای و تکەکە) دەکەونە باکوری، لە چەند دۆڵێک پێکهاتووە لەوانە دۆڵێ(پلا، سەختە، ولا، وەروێ، ڕیقنەچەرمێ، کەڕەجاڵ، مەسناوی، گۆڕیچەی، بنی پەڵگ، وشکەناوی سەرو و خواروو)، درێژی(٨,١٢کم) و پانی(٥٢٠م)دەبێت. گوندەکانی (زەڵم، ئەحمەدئاوا، ناوباخان) دەکەونە ناوییەوە، هەروەها(تاڤگەی زەڵم و هانە قولقولە و چەمی وێشەی) بەنێودا تێپەڕدەبێت، کە ڕوباری زەڵم دروستدەکەن و دەڕژێتە نێو دەریاچەی دەربەندیخانەوە، بەتایبەتی بونی تاڤگەی زەڵم و هاوینەهەوارەکەی وایکردووە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەردانیبکەن. دۆڵێکی قوڵە و خاوەنی چەندین پەناگە و ئەشکەوته، بە باخی گوێز و هەنجیرو هەنار داپۆشراوە، لە بەشی خوارەوە لەگەڵ دۆڵی وشکەناو یەکدەگرێت، کە دوو بەشە (وشکەناوی سەروو و خواروو)، درێژییەکەی (٣,٥٧کم) دەبێت، کە ژمارەیەک ئەشکەوتی تێدایە وەکو ئەشکەوتی (چاڵگە، بەرەسەرا، سەختە، دووەنهۆمێ، کاو و هەچکوچا، هاری، بوڵینا، کچ و کوڕ)، هەروەها چەمی وشکەناوی بەنێودا تێپەڕدەبێت، دواتر لەبەشی بنی پەڵگ ئەشکەوت و شوێنەواری قەڵای زەڵم و خان ئەحمەدخان هەیە، کە ناوچەیەکی مێژویی دێرینە و کەوتووەتە دۆڵی زەڵم، ناوچەیەکی گەشتوگوزاری بەناوبانگە و چەندین خزمەتگوزاری وەکو کابینەی گەشتیاری و بازاڕ و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران و گەراج و خواردنگەی تێدایە، کە کارئاسانی کردووە بۆ هاتنی گەشتیاران، خاوەنی ڕێگایەکی دوو ئاڕاستەیە، ئاڕاستەیەکیان بەنێو دۆڵی زەڵمدا تێپەڕدەبێت و ئەوی دیکەیان بەنێو گوندی ئەحمەدئاوا و سێداران بۆ پشتی بابازەردەڵـە و دەگـاتەوە دۆڵی زەڵـم و لـەسـەر پـردی هـاوینـەوارەکـە یـەکـدەگـرنەوە.

زهۆران

کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان) لە پشت تەپەخەزێنەوە بەرامبەر گۆڕی شێخ موئمین و کەمەرەسوور. لە لاپاڵەکانیدا و بە درێژاریی (٥,. کم) چەندین پارچە زەوی بەپیت هەیه،‌ کە لە ڕابردوودا کراون بە دەغڵودان.