ئاریا
ڕاگەیاندنی دەڤەری هەڵەبجەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە مانگی ١ی ٢٠١٨ دایمەزراندووە. زمانحاڵی خۆیەتی. پەخشی بەرنامەکانی لە ٩ی بەیانییەوە هەتا کاتژمێر ١٢ بەردەوامبووە و بەنامەکانی هەمەجۆر و سیاسی و هونەری بووە و بارەگای سەرەکی لە گەڕەکی مامۆستایان بووە. نیاز نەجمەدین (ئەڵمانی) بەڕێوەبەر بووە. پەخشەکەی گەشتووەتە سنوری هەڵەبجە و شارەزوور و ناحیەی عەربەت. ڕادوێی ئاریا لە ناوەڕاستی مانگی ٩ی ٢٠١٨ بە هۆی کشانەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانیەتییەکە و گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتیی، داخراوە.
دەنگی ئازادی
زمانحاڵی لیژنەی ناوچەی هەڵەبجەی حزبی شیوعی بووە. ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە. بارەگاکەی ناو بارەگای لیژنەی ناوچەی حزب بووە لە گەڕەکی جولەکان. سنوری پەخشی هەڵەبجە بووە و هەشتی بەیانی بۆ حەوتی ئێوارە کاتی پەخشی بەرنامەکانی بووە. بەرنامەکانی هونەری و کلتوری و سیاسی و هەمەڕەنگ بوون. سنوری پەخشی هەڵەبجە بووە. هاوار نەجمەدین سەرپەرشتیکردووە. دوو ساڵ بەردەوامبووە و داخراوە.
دەنگی ئیسلام
ڕادوێیەکی ناوەندی دەنگی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە. سنوری پەخشی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی گرتووەتەوە. بەرنامەکانی سیاسی و ئایینی و بوون و بە کوردی پەخشکراون. ماوەی پەخشی ڕادوێکە ١٠ سەرلەبەیانی بۆ شەشی ئێوارە بووە. بارەگای ئەم ڕادوێیە لە گەڕەکی سەرادا بووە. تا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوامبووە. بەرێوەبەرەکەی محەممەد بنگردی بووە. بەهۆی شەڕی ناوخۆ و چۆڵکردنی هەڵەبجە لەلایەن بزووتنەوەی ئیسلامییەوە، بۆ ماوەی سێ مانگ داخراوە. پاش گەڕانەوەی بزووتنەوە دیسان بەهەمان ناو و ناوەڕۆکەوە دەستی بە پەخش کردەوە. ناسیح مەجید بووەتە بەڕێوەبەری. لەم قۆناغەدا سنوری پەخشی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان بووە. دوای شەش مانگ لە شوباتی ٢٠٠٣ بەهۆی کێشەی داراییەوە داخراوە.
دەنگی لاوان
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی هەڵەبجەوە لە ٩ى ١١ى ٢٠٢١ دامەزراوە پەخشەکەی گەشتوەتە سنوری هەڵەبجە و شارەزوور و ناحیەی عەربەت. "ئەریوان سەڵاح"، کە هاوکات بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی هەڵەبجە بووە، سەرپەرشتی ڕادوێکەیشی کردووە و چەند کەسێکیش بە خۆبەخشی و چەند کارمەندێکی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەیش ڕۆڵیان لە بونیادنانیدا هەبووە. پەخشی ڕادوێکە ٢٤ کاتژمێری بووە و ناوەڕۆکەکەی هونەری بووە، بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم و خراپیی دۆخی داراییەکەی، ئەم ڕادوێیە لە ماوەی ئەو ٨ مانگەی تەمەنی تەنها گۆرانی پەخشکردووە، وەکو پەخشی ئەزموونی، لە مانگی ٦ی ٢٠٢٢ داخرا.
دەنگی نوێ
ڕادوێیەکی کۆمەڵگایی سەربەخۆیە. بیرۆکەکەی بۆ ساڵی ٢٠٠٤ و چەند کەسێک دەگەڕێتەوە. لەلایەن ڕێکخراوی (A.C.D VOCA) ئەمریکییەوە پێداویستی دامەزراندنی بۆ کراوە. ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە. ڕێکخراوی (وادی) پاڵپشتی دارایی دەکات. ستافی دامەزراندنی ١٠ کەس بوون و قەیسەر ڕەحمان بەڕێوەبەری بووە. بەشی (کارگێڕی، بەرنامەکان، پەیامنێر، مۆنتاژ)ی هەیە. بەرنامەکانی سەبارەت بە هوشیاکردنەوە و بابەتەکانی ژنان و لاوان بووە. ئێستا سەر بە ڕێکخراوی نوێیە و (ڕەنگین سەلام) سەرپەرشتی بەرنامەکانی دەکات و سێ کارمەندی هەیە. ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕادوێ سەربەخۆکانی جهانە (a.m.a.r.c). ساڵی ٢٠١٥ بەشێکی تایبەتی بە پەنابەران کردەوە، بە زمانی عەرەبی و کرمانجی. خاوەنی خەڵاتی (ڕایڤ بەدەوی)یە بۆ ئازادی و بوێریی ڕۆژنامەوانی. ئۆفیسەکەی لە گەڕەکی شارەوانیی هەڵەبجەیە.
ڕادوێی شارەزوور
زمانحاڵی مەڵبەندی ٩ی شارەزووری (ی. ن. ک)ـە. ١ى ٦ى ١٩٩٦ لەلایەن مەڵبەندەکەوە دامەزراوە. بەرنامەکانی سیاسی و هونەری و ڕۆشنبیری و هەمەڕەنگ بوون. دوای ساڵێک پەخش، بارەگاکەی گوازراوەتەوە بۆ عەربەت و سەیدسادق. لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ئێستا لە هەڵەبجەیە و لەناو بارەگای مەڵەبەندە. خاوەنی مۆڵەتە. سنوری پەخشی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانە. سەرەتا عەلی حاجی فەرەج بەڕێوەبەری بووە. ١٩٩٧ تا ١٩٩٩ سەڵاحەڕەش کراوە بە بەڕێوەبەر. ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٢ کەمال هەورامی و ٢٠٠٣ ئیمام حاجی بابالە و ٢٠٠٩ بۆ ٢٠٠١ سیروانی حاجی غەفور. لە ٢٠١٢وە (ژیان قاسم، هاوکار محەممەد) کراون بە بەڕێوەبەری. لە ئێستادا ئارام عەبدوڵا بەڕێوەبەری ڕادوێکەیە. هۆی شەڕەکانی ناوخۆوە چەند جارێک پەخشەکەی ڕاگیراوە، بەڵام ساڵی نەخایاندووە و دەستی بە پەخش کردووەتەوە.