بیارە
بە دەستپێشخەری مامۆستا (کەریم عەبدوڵا نۆدشی) پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ى تەمووز، لە (بیارە) دامەزراوە. دەستەی بەڕێوەبردنی بریتیبوون لە (کەریم عەبدوڵا نۆدشی، هادی وەستا مەحموود، عەلی میرزا عارف، عەلی سەعید گوڵپی، حەمە جەمال فەریدوون). چەند بەرهەمێکی هونەریان لە (بیارە) پێشکەشکردووە. تا ساڵی ١٩٧٠ بەردەوامبووە.
پەیمانگای ئیسلامی
تیپێکی بێناوە و لە پەیمانگای ئیسلامی دامەزراوە و بەو هۆیەوە هەر بە ناوی پەیمانگاکەوە ناوی هاتووە. قوتابیانی پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە دروستیانکردووە. لەوانە (حەکیمی مەلا ساڵح، حەسەنی شێخ نووری، حەسەن عەلی حسێن، ڕزگار شێخ نووری، ئازاد عەلی حسێن و چەند کەسێکی دیکە). یەکەم بەرهەم و دوابەرهەمیان شانۆیی (ئەدیبێکی دیل)بووە. لە نوسین و دەرهێنانی (حەکیم مەلا ساڵح). ئەم بەرهەمە سەرەتایەک بووە بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان و دروستکردنەوەی تیپی نواندنی هەڵەبجە، کە دوای نسکۆ، هەڵوەشابوویەوە.
تەوێڵە ١
لەلایەن کۆمەڵێک لە هونەردۆستی تەوێڵەوە، لە ساڵی ١٩٧١دا، دامەزراوە. دەستەی بەڕێوەبردنی بریتیبوون لە (ئەیوب ڕۆستەم: سەرۆکی تیپ، تایەر عەبدوڵا (د. تایەر هەورامی)، جەعفەر عەبدوڵا، ئادەم محەممەد، حەمەساڵح تۆفیق). بەهۆی هاندانی مامۆستایان و ڕێکخراوی تەوێڵەی (پ. د. ک)ەوە، لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی ئەندامانی گەشتووەتە ٢١ ئەندام. چەندین چالاکیی شانۆییان لە تەوێڵە و دەرەوەیدا، ئەنجامداوە.
تیپی پێشڕەوی شانۆ
بە بیرۆکەی (فەرهەنگ محەممەد ئیسماعیل) لە ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە. لە ژوورێکی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی جەماوەردا بووە. بۆ دامەزراندنی تیپەکە پەیوەندی کردووە بە (جەلال عازەبانی، سەرهەنگ محەممەد، تارا نووری، ڕێبوار حەمەفەرەج)ەوە. جەلال عازەبانی نەیتوانیوە بێتە تیپەکەوە. ساڵی ١٩٨٣ سەکۆی شانۆ لە بینا نوێیەکەی مەڵبەندی لاوان دەکرێتەوە و ١٧ی ٧ی ١٩٨٣ یەکەم بەرهەمیان بەناوی (هاوارێکی تاساو)وەوە پێشکەشکردوووە. دواتریش هەریەک لە (تەهای حاجی حەمەئەمین، شێخ جەمالی موزیع، جەلالی حاجی بابالە، مستەفا حەمەسەلیم هەورامی، عومەر نووری عارف، کاوە عومەر بامۆکی، دیاری محەممەد) بوونەتە ئەندامی. چەندین شانۆگەرییان پێشکەشکردووه، لەوانە: (پێکەنین بە پێی یاسا، فایلی ٦٧، چارەنوسی ئادەمیزاد، پەروانە، گۆرانیی چایکا). دوای ڕاپەڕینیش بەردەوامبوون.
خەبات
تیپێکی نواندنە، ساڵی ١٩٩٤ لە هەڵەبجە وەک نوێکردنەوەی تیپی شانۆیی خەباتی قوتابیان، دامەزراوەتەوە، سەر بە کۆمەڵەی هونەرمەندانی ئەوکات بووە. بە هۆکاری زۆری جموجوڵی هونەری لەو ساڵانەدا. دامەزرێنەرانی بریتیبوون لە: نامق هەورامی، سەریاس عەلی جوانڕۆیی، جەمال حەمەعەلی، کە سەرۆکی تیپەکەش بووە، دواتر چەندین کەس بوونەتە ئەندامیان، لەوانە: تریفە لەتیف، بەهار جەمیل، سەرکەوت مارف، سۆران هادی، شۆڕش نوری، بەفرین جەمال...هتد. بەشداریی چالاکییە شانۆییەکان و فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجەیان کردووە. هەندێک لە کارەکانیان، هەڵەبجە و هێرۆشیما، تەبایی، دیکتاتۆر، ئازادیخوازان، ئەڤگینیا لە ئۆلیۆس یان نێرگزی کوردستان و ..هتد.
زریان
٦ی ٢ی ١٩٩٢ لەسەر دەستی محەمەد عەبدوڵا ئەحمەد، موەفەق جەزا عەلی، جەلال کەمال حەمەفەرەج، گۆران حەمەئەمین ڕەئوف، کە سەرۆکی تیپەکەبووە، دامەزراوە. لە ماوەیەکی کەمدا ئەندامەکانیان بووەنەتە ٣٠ ئەندام و بەشداریی چالاکییە هونەریەکانیان لە هەڵەبجە و خورماڵ و هەورامان و شارەزوور و سەیدسادق و دەربەندیخان و فیستیڤاڵەکاندا کردووە. چەندین بەرهەمیان پێشکەشکردووە. لەوانە، حزبی کەرامەت و سەلامەت، خەونە قەترانییەکان، عەول فیرارە، ئەحەشێت، بۆیاخ، قەل و ڕووتە، من مرۆڤم، شەقاوە، لەم قوتابخانەیەدا،..هتد. زیاتر کارەکانیان کۆمیدی بوون. بە دروستبوونی ڕێکخراوی هونەرمەندان لە هەڵەبجە، هەڵوەشاوەتەوە و هەندێک لە ئەندامەکانیان بوونەتە ئەندام لەو ڕێکخراوە و کارەکـانیان لـە ژێر ناونیشـانی ڕێکخـراودا ئەنجامدەدران.