دەنگی باوەڕ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-10
قوتابخانەیەکی ئەدەبی و هونەری و وەرزشی بووە. ساڵی ١٩٩٤ لە گوندی ئەحمەدئاوا لەسەر دەستی (عەباس محەممەد عەلی، ڕەوشت محەممەد، کاروان عەبدوڵا) دامەزراوە، تاساڵی ٢٠٠١ بەردەوامبووە. پاشان لە ماوەی تەمەنیدا ئەندامانی زیادیان کردووە. لەوانە: (عەبدولعەزیز حەمەسەلیم، کارزان عەبدوڵا، محەممەد سابیر، ماجد خەلیل، وەلید عەبدولکەریم). تیپی سروود و تیپی وەرزش و تیپی شانۆ و ستافێکی ڕۆژنامەنوسییان هەبووە. چەندین چالاکییان لە گوندەکە و شارۆچکەی خورماڵدا ئەنجامداوە. لەوانە: شانۆیی (ئەوکاتەی دایک تفباران دەکرێت)، لە نوسینی (عادل باخەوان)، (خواتان لەگەڵ) لە نوسینی (کاروان عەبدوڵا و ڕەوشت محەممەد). بڵاوکراوەیەکی دیواریی هەمەڕەنگیان بە ناوی قوتابخانەکەوە بەدەست نوسیوە و لە ئەحمەدئاوا هەڵواسراوە و پاشان مزگەوتەکانی سلێمانی پێکراوە. بڵاوکراوەیەکی تری پێشکەوتوویان لەسەر قەبارەی گۆڤار بە ملەوەن و بەدەست نوسیوەتەوە و بڵاویانکردووەتەوە. بەرنامەیەکیان بەناوی (کامێرای خامە) بە ناوی قوتابخانەکەوە لە ڕادوێی هەورامان/شارەزوور ئامادە و پێشکەشکردووە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (ڕەوشت محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٧٩، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: دیزاینەر، لە ٢٧ی ١ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد سابیر "حەمەسابیر")، لەدایکبوو: ١٩٦٨، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٧ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بەهجەت ئەبوبەکر یونس)ی یەکێک لە قوتابیانی قوتابخانەکە، لەدایکبوو: ١٩٨٥، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: فەرمانەبەر، لە ٢٦ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم