ڕیقنەچەرمێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ە. دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان هەرسێ دۆڵی ملەوکەوچێ و گڵوەووەزەرەی لە خۆرهەڵات و دۆڵی وەروێ لە باکور و خۆرئاواوە درێژ بووەتەوە و کەوتووەتە دامێنی چیای داڵانی و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەڵم و خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و هانەیقوڵ و باکوری گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان و شاری خورماڵ و باکوری گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن. لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، تاوەکو دەگاتە بانە پەڵمینێ و دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی زەڵم، دۆڵەوەروێ و دۆڵی وڵاو دەکەونە بەشی باکوریەوە، گڵوەووەزەرەی و لوتکەوکەرەسی دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە، لوتکەی بەخشە دەکەوێتە باشوری، دۆڵی وەروێ دەکەوێتە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی(١٤٧٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. درێژیی (٣٧کم) و پانییەکەی (٢٤٠م) دەبێت. ئاوی باراناو و تواوەی بەفرەکەی دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری دۆڵی زەڵم و بوژاندنەوەی کانیاوە سروشتیەکانی دۆڵەکە، ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆ حەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەکان. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و یەک پارچە دارستانی سروشتییە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بەختیار حەبیب زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٤، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: کاسب، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠. ٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا