زمناکۆ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
دامەزراوەیەکی حکومییە. لەسـەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و تایبەتە بە و کەسانەى لە خوێندن و فێرکردن دابڕاون و لە ئێستادا گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن و فێربوون و ئاستی (١ بۆ ٤)ی بنەڕەتی بووە. کەوتووەتە گەڕەکی (شارەوانی) لە سەنتەری پارێزگای(هەڵەبجە)، ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە، لە سەرەتادا لەناو بینای قوتابخانەى (زمناکۆی) سەرەتاییدا دەوامیانکردووە. ساڵی ٢٠٠٧ لە قوتابخانەى ناوبراو جیادەبنەوە و دەچنە خانوی هاوڵاتیەک (حاجی زاهیر) لە نزیک مزگەوتی بیلال و بەکرێ دەوامی تێدا دەکەن، لە ئێستادا لە بینای قوتابخانەى (هەکاری)ی بنەڕەتیدا میوانن، کە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن (حکومەتی عێراق)ەوە دروستکراوە. ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن ڕێکخراوی (Giz) ئەڵمانییەوە نۆژەندەکرێتەوە و دەدرێت بە قوتابخانەى (هەکاری)ی بنەڕەتی. بیناکەی لە یەک نهۆم و دوازدە پۆل و دوو ئۆفیـسی کارگێڕی و هۆڵێکی بۆنە و چالاکی و ژووری کۆگا پێکهاتووە، لەسەر ڕووبەری زەوی (٢,٧٠٠م٢) دروستکراوە، مامۆستا (یاسین فەرەج محەممەد) بەڕێوەبەریەتی، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە تەنها شەش مامۆستای میلاکیان هەیە، ٢٢ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (یاسین فەرەج محەممەد) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، لەدایکبوو: ١٩٦٧، بڕوانامە: ئامادەیى، لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٣، لە هەڵەبجە.
- داتا و زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە، لە ١٣ی ١١ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: جەوهەر عەزیز ئەحمەد