دەرەولێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (سەرگەت)ى ناحیەی (بیارە)یە لە نێوان دۆڵی شەڵواندڕ و دۆڵی هەربەدۆڵ و دۆڵی سەرگەت لە باکور و دۆڵی ئاوێزە لە باشور و لوتکەی خۆرەتاوەگەرمە لە خۆرهەڵات و دۆڵی نساری پیروەساڵ لە خۆرئاواو دروستبووە و کەوتووەتە نێوان چیای چیچەخەنینە و سەرکۆرەگا لە باشور و چیای هەربەدۆڵ لە باکور و چیای شرام لە خۆرهەڵات. لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی نساری پیروەساڵ و ئەشکەوتی حاجی شەهاب و دۆڵی دارچەقالە و بان وانە. نزمترین خاڵی(١٢٣١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,٣٥کم٢)، درێژیی (١,٤٢کم) و پانییەکەی (٣٢٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر نساری پیروەساڵ و دۆڵی دارچەقالە و بانی بەرمەڕان و خەندەق و خورماڵ و ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی لەشکرگا و چیچەخەنینە و ملەی قڕاڵ و هەربەدۆڵ و دۆڵی سەرگەت و دەرەیمەڕ و هانەیدن و دۆڵی شەڵواندڕ و هانەتوتمان دەوروبەری لێرەدا کۆدەبێتەوە و تێکەڵی دۆڵی خەندەقی دەبێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دارستانی سروشتی و چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایه، کە بووەتە لەوەڕگایەکی سروشتی بۆ کاری ئاژەڵداری لە سنوری گوندی گوڵپ و سەرگەت و هانەیدن.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەمین ئەحمەد حەمەعەزیز)، لەدایکبوو: ١٩٧١، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا