دەرەو تەکیەی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەوتووەتە بەشی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (گەچێنە)یە، لە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، چیای ملەگا کۆرێ و بانی گمەی مەیدان بەشی باکوری دۆڵەکەن، قاسمخان لە خۆرهەڵاتیەوەیە و کڵاوەی ئاشوور و گۆڕستانی بیارە و چیای ئاسنەوەرد دەکەونە باشوری، چیای گومەکە و چیای ملەگا کۆرێ دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە، نزمترین خاڵی (١٣٠٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,١٥کم٢)، درێژیی (١,٤٠کم) و پانییەکەی (١٩٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی نارنجڵە و دۆڵی مەڵاڵە و هانە کەمەڵە و باخەتازە و کارێز و پاشان لە دەرەیاو لەگەڵ ئاوی دۆڵەکانی بنجەودڕەی یەکدەگرن و دەڕژێنە دۆڵی خارگێڵان و بە دەشتی شارەزووردا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەڕژێتە ڕوباری سیروانەوە. دەوڵەمەندە بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێویی. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بوونەتە پەناگە بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایە. بووەتە لەوەڕگایەکی سروشتی بۆ کاری ئاژەڵداری لە سنوری گوندی نارنجڵە و باخەکۆن و گوڵپ.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (جەمال گەچێنەیی) ناسراو بە (جەمالی جەڕاح)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، پیشە: مامۆستا، ئاستی خوێندەواری: پەیمانگا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا