ئوسامە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
مەدرەسەى زانستە شەرعییەکانە. ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن مامۆستا سەید نەجمەدینەوە لە تەپیسەفاى شارەزوور دامەزراوە. قۆناغی یەکەمی ساڵی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨٨. بە گەڕانەوەی مامۆستا سەید نەجمەدین لە تەپیسەفاوە بۆ کۆمەڵگەی عەنەب، بە ناونیشانی حوجرەی ئوسامەی کوڕی زەید دانراوە. قۆناغی دووەمی پاش ڕاپەڕین و گەڕانەوەی مامۆستا لە ئێرانەوە، لە ساڵی ١٩٩٢دا و لە شێوەی مەدرەسەیەکدا کراوەتەوە و چەندین قوتابی ڕوویانتێکردووە. مامۆستا جەلالەدین نەجمەدین بەڕێوەبەری بووە. مەدرەسە مەرج و مەنهەجی خۆی بۆ قوتابیان هەبووە. لەبەر گەڕانەوەی مامۆستا ئەحمەدی شافعی بۆ سلێمانی، مەدرەسەی گەیلانی و ئوسامە یەکدەگرن ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٨ لە شێوەی مەدرەسەیەکی زانستی ئەهلیدا، دەیان قوتابی مۆڵەتیان وەرگرتووە. مامۆستا سەید نەجمەدین تا ڕۆژی وەفاتی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیکردووە و وانە گرانەکانی وتوەتەوە. تەمەنی ڕێگەی پێنەداوە کاری بەڕێوەبەری مەدرەسەکە لەئەستۆبگرێت. هەر بۆیە ئەم بەڕێوەبەرانەی هەبووە: بورهان هادی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦، محەممەد عەبدولڕەحیم ١٩٩٧، مەلا مستەفا غەفوور ١٩٩٧، مەلا جەلال عەبدوڵڵا تریفەیی ١٩٩٨ بۆ ٢٠٠٣، مەلا ئەحمەد عەزیز ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٥، هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەناوبانگی پێگەیاندووە و دەیان چالاکیی جۆراوجۆری لە هونەر و ئەدەب و وەرزش و خولی فێربوون ئەنجامداوە. لە ٢٠٠٥ـەوە هەتا ئێستا مامۆستا ڕزگار حەمەسەلیم حەیدەر بەڕێوەبەری مەدرەسەکەیە و لە ئێستادا ١٦ قوتابییان هەیە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار (مەودوود جەبار عەبدوڵا) لەگەڵ (عەبدولحەمید حەمەفەرەج فەتاح)، لەدایکبوو: ١٩٧٣، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: وتاربێژ، لە ١٦ى ١٠ى ٢٠٢٣، لە هەڵەبجەى شەهید.
- گفتوگۆی ئامادەکار (مەودوود جەبار عەبدوڵا) لەگەڵ (ڕزگار حەمەسەلیم حەیدەر)، لەدایکبوو: ١٩٧١، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: وتاربێژ، لە ١٦ى ١٠ى ٢٠٢٣، لە هەڵەبجەى شەهید.
- گفتوگۆی ئامادەکار (مەودوود جەبار عەبدوڵا) لەگەڵ (ئەحمەد حەمەعەزیز ئەوڕەحیم)، لەدایکبوو: ١٩٧٠، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: وتاربێژ، لە ١٦ى ١٠ى ٢٠٢٣، لە هەڵەبجەى شەهید.
- نامەیەکی مامۆستا (ڕزگار حەمەسلیم حەیدەر)ی بەڕێوەبەری مەدرەسەکە، بۆ ئامادەکار(هومایون ساحیب کەریم)، لەدایکبوو: ١٩٧١، لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: مەودوود جەبار عەبدوڵا,هومایون ساحیب کەریم