بەرمەڕان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12


لاپەڕەی 323

دۆڵ

کەوتووەتە باکور و باکوری خۆرئاوای هەورامان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان بانی بەرمەڕان و بانی سێتەپان لە خۆرئاوا و بانە وانە لە خۆرهەڵات و بانی سێ داران و بابازەردەڵە لە باکور و تەوەنە قایمێ لە باشور، دروستبووە. لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، تاوەکو دەگاتە دۆڵی خەنەق. بانی بەرمەڕان و بانی سێتەپان و بان وانە و دۆڵی دارچەقاڵە و دەرە سولان و لوتکەی سێداران دەکەونە بەشی باکوریەوە. دەرە فێڵان و دۆڵی کۆڵیت و لوتکەی ملەی قڕاڵ و گوڕستانی گوندی گوڵپ دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە، تەوەنە قایمێ و تەپی تلەوەر و دۆڵی نسار و شەمێ و دۆڵی باخەتازە و کارێز، دەکەونە باشوری. دۆڵی کەمتارەوڵە و گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی(٧٠٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر و پانییەکەی (١٦٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی خەندەق و خورماڵ. ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی گوندی سەرگەت و هانەیدن و دەرەیمەڕ و باخەکۆن و گەچێنە لێرەدا کۆدەبێتەوە و تێکەڵی دۆڵی سەرچاوەی ئاوی زەڵم و گەنجان دەبن و یەکدەگرن و بە نێو شاری خورماڵدا تێپەڕدەبن و دەچنەوە پردی کۆنی زەڵم و پاش بڕینی دەشتی شارەزوور، دەڕژێتە نێو ڕوباری سیروان. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا لانکەی شۆڕش بووە. بە ڕووپۆشی ڕووەکی دەوڵەمەندە و چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایە وەکو بنەسوورە و گیلاغە و ڕوسقە و کنگر و تاڵیشک و پسڵ و تۆڵەکە.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٣ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (سۆران لوقمان مستەفا)، لەدایکبوو: ١٩٨٥، پیشە: مامۆستا، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ٢٥ی ٣ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

زەردەگڵ

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (بامۆک). گڵێکی زەردباوی هەیە و بەو ناوە ناونراوە. بە گا کێڵراوە و کراوەتە گەنم و جۆ و لە ئێستەش بە مەکینە دەکێڵرێت. لە دوو بەش پێکهاتووە زەردەگڵی سەروو خواروو. شاخێکی مامناوەند لەیەکیان جیادەکاتەوە، داربەڕوویەکی گەورەی تێدابووە بەناوی دارەکێ ناوبراوە.

زەردەهاڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەردەهاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان پێدەشتەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٤٥کم٢) و درێژیی (٢,٢٧کم) و پانییەکەی (٣٧٠م)‌. دەچێتەوە سەر دۆڵی خارگێڵان و بە خڕی بیارە بە ناوبانگە. لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەردەهاڵ و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

زەردۆڵ

کەوتووەتە ‌باشورى خۆرئاواى گوندى (قەڵپ). (٩٥٨م) لـەئـاستـى ڕووى دەريـاوە بەرزە.

زەلەکێ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (تریفە) لە نێوان گوندەکە و گوندی پریسی سەروو. شوێنێکی لەبارە بۆ لەوەڕگای مەڕوماڵاتی دانیشتوانی گوند. درێژییەکەی نزيکەى (٥٠٠م)ـە.

زەڵم

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی چیای هەورامان لێژدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوا، لوتکەی (داڵانی و لوتکەی ئاوگە و ڕاگاو دەوراری) دەکەونە خۆرهەڵاتی و لوتکەی(مڵەخورد و پلەکێ مەلا مسەفای و تکەکە) دەکەونە باکوری، لە چەند دۆڵێک پێکهاتووە لەوانە دۆڵێ(پلا، سەختە، ولا، وەروێ، ڕیقنەچەرمێ، کەڕەجاڵ، مەسناوی، گۆڕیچەی، بنی پەڵگ، وشکەناوی سەرو و خواروو)، درێژی(٨,١٢کم) و پانی(٥٢٠م)دەبێت. گوندەکانی (زەڵم، ئەحمەدئاوا، ناوباخان) دەکەونە ناوییەوە، هەروەها(تاڤگەی زەڵم و هانە قولقولە و چەمی وێشەی) بەنێودا تێپەڕدەبێت، کە ڕوباری زەڵم دروستدەکەن و دەڕژێتە نێو دەریاچەی دەربەندیخانەوە، بەتایبەتی بونی تاڤگەی زەڵم و هاوینەهەوارەکەی وایکردووە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەردانیبکەن. دۆڵێکی قوڵە و خاوەنی چەندین پەناگە و ئەشکەوته، بە باخی گوێز و هەنجیرو هەنار داپۆشراوە، لە بەشی خوارەوە لەگەڵ دۆڵی وشکەناو یەکدەگرێت، کە دوو بەشە (وشکەناوی سەروو و خواروو)، درێژییەکەی (٣,٥٧کم) دەبێت، کە ژمارەیەک ئەشکەوتی تێدایە وەکو ئەشکەوتی (چاڵگە، بەرەسەرا، سەختە، دووەنهۆمێ، کاو و هەچکوچا، هاری، بوڵینا، کچ و کوڕ)، هەروەها چەمی وشکەناوی بەنێودا تێپەڕدەبێت، دواتر لەبەشی بنی پەڵگ ئەشکەوت و شوێنەواری قەڵای زەڵم و خان ئەحمەدخان هەیە، کە ناوچەیەکی مێژویی دێرینە و کەوتووەتە دۆڵی زەڵم، ناوچەیەکی گەشتوگوزاری بەناوبانگە و چەندین خزمەتگوزاری وەکو کابینەی گەشتیاری و بازاڕ و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران و گەراج و خواردنگەی تێدایە، کە کارئاسانی کردووە بۆ هاتنی گەشتیاران، خاوەنی ڕێگایەکی دوو ئاڕاستەیە، ئاڕاستەیەکیان بەنێو دۆڵی زەڵمدا تێپەڕدەبێت و ئەوی دیکەیان بەنێو گوندی ئەحمەدئاوا و سێداران بۆ پشتی بابازەردەڵـە و دەگـاتەوە دۆڵی زەڵـم و لـەسـەر پـردی هـاوینـەوارەکـە یـەکـدەگـرنەوە.

زهۆران

کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان) لە پشت تەپەخەزێنەوە بەرامبەر گۆڕی شێخ موئمین و کەمەرەسوور. لە لاپاڵەکانیدا و بە درێژاریی (٥,. کم) چەندین پارچە زەوی بەپیت هەیه،‌ کە لە ڕابردوودا کراون بە دەغڵودان.