ئەکبەر موحسینی
فۆتۆگرافەرە، ساڵی ١٩٦٧ لە ئێژیەی ئەسفەهان لەدایکبووە. دبلۆمی بەدەستهێناوە. ڕۆژی ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ بۆ وێنەگرتن و گواستنەوەی تاوانی کیمیاباران دێتە هەڵەبجە. لە ناوجەرگەی بازاڕ و مزگەوتی پاشا و گەڕەکی سەراو ڕێگەی عەنەبدا، کاتژمێرێک فلیم و ٩٠ وێنەی قوربانیان و شوێنەکان دەگرێت، دوو ڕۆژ لە هەڵەبجە دەمێنێتەوە. لەگەڕانەوەدا دووفلیم، کە ٣٠ وێنە بوون، وندەکات. وێنەکانی تری لە کتێبی شیوەنی هەڵەبجەی نەسرەتوڵڵای مەحمودزاددا چاپکراون و لە یادی هەڵەبجەش لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٤ لە ئەمنەسورەکە و ڕۆژانی دواتریش لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە پیشاندراون. لەپاڵ گرتنی وێنەدا، ماڵیکی هەڵەبجەیی ڕزگار دەکات و دوای ٣٥ ساڵ سەردانی هەڵەبجەی کردووەتەوە و لەگەڵ ڕزگارکراوەکاندا ئاشنا دەبێتەوە، خۆی بە هەڵەبجەیی دەزانێت و بەهیوایە وەک هاوشارییەکی هەڵەبجە وەربگیرێت. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، نیشتەجێی ئەسفەهانە.
ئیحسان عەلی ڕەجەبی
فلیمساز و فۆتۆگرافەرێکی ئێرانییە. لە ساڵی ١٩٦٦ لە تاران لەدایکبووە. دەرچوی بەشی سینەمایە. لە جەنگی هەشت ساڵەدا و لە ساڵی ١٩٨٥ وەک فۆتۆگرافەری جەنگ دەستیبەکارکردووە و تا ساڵی ١٩٨٩کاری بۆ تۆڕی جیهان و گروه ڕوایت فتح کردووە. بەشداری زۆربەی بەرەکانی جەنگی کردووە و وێنە و هەواڵی شەڕگەکانی گواستووەتەوە. تا فەجری هەشت و کۆتایی جەنگ لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا بەشداربووە. لە١٦ی ٣ی ١٩٨٨بە یاوەری جانبزرگ و فەلاحەتپور، سەردانی هەڵەبجەی کردووە. یەکێکە لەو فۆتۆگرافەرانەی بایەخی بە دیمەنە دڵتەزێنەکان داوە و وێنەی زۆربەی تەرمی بەکۆمەڵی گرتووە. ئەمانەیش وەک ئاماژە بۆ کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەییەکان، بوونەتە بەڵگەی زیندوو. وێنەکانی لە دووتوێی دوو کتێبدا چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
پێشڕەو مەهدی جەمیل
ساڵی ١٩٨٩ لە شاری (سەقز)ی خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە کارگێڕیی کاردا هەیە. زیاتر لە دە ساڵە لە بوارەکانی فۆتۆگرافی وەک پەیامنێر و فۆتۆگرافدا، کاری بۆ چەندین کەناڵ و ڕۆژنامە و ئاژانسی ڕاگەیاندنی ناوخۆ و دەرەوە کردووە. ئەندامی کارای کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان و عێراق و ئەندامی images east middle ئەمریکی و ئەندامی ڕێکخراوی کوردستان فۆتۆیە. چەندین دیکۆمێنتاری لە بوارەکانی ژینگەی سروشتی و ژیانی کێوی بەرهەمهێناوە. لە زیاتر لە پەنجا پێشانگای هاوبەشدا بەشداریکردووە و چەندین بڕوانامە و خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە: خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێی فۆتۆگرافی لە لایەن کونسوڵخانەی ئەمریکا. براوەی خەڵاتی یەکەمی فۆتۆگرافی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێشبڕکێی کوردستان لە چاوی ئێمەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا. خەڵاتی یەکەمی کونسوڵخانەی ئێران لە پێشبڕکێی گەورەی شوێنەواری و ڕۆشنبیری و مێژوویی شوێنە گەشتیارییەکانی ئێران ساڵی ٢٠٢٠، خەڵاتی دووەمی دووەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەلایەن ناوەندی حەوت ڕەنگ ساڵی ٢٠٢١. هەروەها فۆتۆکانی لە ڕیزبەندیی باشترینەکاندا گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی لە پێشبڕکێی نەشناڵ جیۆگرافیک بەناوی (لحظات) و خاچی سووری نێودەوڵەتی. زیاتر لە ٢٠ خەڵاتی ڕێزلێنانی لە نێو شاری هەڵەبجە و لە بوارەجیاوازەکاندا وەرگرتووە، فۆتۆکانی لەنێو کەناڵ و وێبساتی ناوخۆ و ئاژانسەکانی دەرەوە بڵاوبوونەتەوە، بەشێوەی پەیامنێری فۆتۆگراف، کاری بۆ دامەزراوەی (یەڵڵا) و میدیای (ناس کورد) و دەیان دامەزراوەی دیکە بەشێوەی ڕۆژنامەوانی ئازاد و فریلانس، کردووە.
تاهیر حەمەساڵح عەلی
فۆتۆگرافەر و شاعیرە. ساڵی ١٩٧١ لەگوندی (غوڵامی) لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی یەک ساڵیەوە هاتونەتە هەڵەبجە، هەر لەوێ و لە (قوتابخانەی سەرکەوتن) پاشان (باڵامبۆی سەرەتایی)دەستى بەخوێندن کردووە. پۆلی یەکەمی ناوەندى لە (قوتابخانەی مەولەوی) خوێندووە. ساڵی ١٩٩٩ دەستى بە نوسینی شیعر کردووە. بەشێوازى (ليرک) دەنوسێت. لەساڵی ٢٠١٢ەوە دەستى بە وێنەگرتن کردووە و وەک فۆتۆگرافەر بەشدارى زیاتر لە پێنج پێشانگاى کردووە و پێشانگایەکى فۆتۆگرافيى تایبەت بەخۆى هەيە.
تەیفور تەها فەتاح
یەکەم کامێرامانی کوردە وێنەی ڤیدیۆیی کیمیابارانی هەڵەبجەی تۆمارکردووە. بە (مەلا فەتاحی چەمچەماڵ) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٩ لە شاری کەرکوک لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنۆلۆژیای بەغدای تەواوکردووە. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە کامێرایەکی پاناسۆنیکی ١٦ملمی ڤیدیۆیی، وێنەی کارەساتەکە تۆماردەکات. بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە هەڵەبجە و هەورامان ماوەتەوە و نزیکەی دوو کاتژمێر وێنەی گرتووە. ڕۆڵی لە بڵاوکردنەوەی کارەساتەکە و ڕاکێشانی سەرنجی گشتی بۆ کارەساتەکەدا هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.
ستیڤان یەریتین
فۆتۆگرافەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٤١ لە وڵاتی سوید لەدایکبووە. بۆ هەردوو کەناڵی سویدیش و تەلەفزیۆنی ئیرنا کاریکردووە. لەسەر بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران لە سوید، بۆ ڕووماڵکردن و گواستنەوەی هەواڵەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەگەڵ گروپێکی ڕۆژنامەوانی بیانیی تردا لە ٢٢ی ٣ی ١٩٨٨ هاتووەتە هەڵەبجە و چەندین وێنەی کارەساتەکەی گرتووە و ڕاپۆرتی ئامادەکردووە. بە مەبەستی پارێزگاریکردن و هێشتنەوەی کامێراکەی، وەک بەڵگەنامەیەکی زیندوو، بەخشیوەتى بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە.