گڵێجاڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
کەوتووەتە بەشى خۆرهەڵاتى گوندى (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). فراوان و بەپيتە و چەندين کانياوى تێدايه، کە هەندێکيان هەمیشەیین. (٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەشتێکی تا ڕادەیەک تەخت و فراوانە، لەبارە بۆ کشتوکاڵ. دەشتەکە لە کەرتی کشتووکاڵی ٤٦، ڕووبەرەکەی ١١٩٨ دۆنمە. بەپێى بۆچوونە مێژووييەکان لەسەر ئەم پێدەشتە قەڵايەک هەيە بەناوى (قەڵاى کالۆس)، کە مێژووى ژيانکردن تێيدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى (لۆلۆييەکان). گوندى گڵێجاڵى لەسەر بونيادنراوە. خاکەکەى بۆ کشتوکاڵ بەپيتە و مادەى ئەندامى تێدا زۆرە و دەگاتە(٣%)، خاکەکەيشى لەجۆرى چيرۆنيزم و کەستانەييە.
سەرچاوەکان:
- دابەشبوونى شێوەکانى ڕووى زەوى و کاریگەرييان لەسەر بەکارهێنانى زەوى له ناحيەى بەمۆ، گەرميان محەممەد ئەحمەد، کۆلێجى زانستە مرۆڤايەتيیەکانى زانکۆى سلێمانى، نامەى ماستەر(بڵاونەکراوە)، ٢٠٢٢.
- گڵێجاڵ ناوەندی ناحیەی بەمۆ لە بەڵگەنامە و بیرەوەرییەکاندا، کۆمەڵێک توێژەر، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، ل٨٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (عەفان ئەحمەد عەلی) لەگەڵ (حەمید فایەق حسەین)، لەدایکبوو: ١٩٨٦، پیشە: کاسب، لە ١ی ٧ی ٢٠٢٣، لە زەڕایەن.
ئامادەکردنی: گەرميان محەممەد ئەحمەد,عەفان ئەحمەد عەلی