گاوازگ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (پریسی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)، کە خاکێکی ئەستوری ڕەنگ (سورباو و مەیلەو قاوەیی هەیە)، لە (کۆتاییەکانی سەدەی بیست)دا زەوییەکانی بە کشتوکاڵی بەراو (توتن و تەماتە و سەوزەی هاوینە) چێنراوە، چونکە سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە لەو سەردەمەدا زۆربوون، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان و وشکبوونی هەندێکیان، ئەوا ئەم زەویانە لە ئێستادا زیاتر بەروبومی زستانەیان تێدا دەچێنرێت (دانەوێڵەی گەنم و جۆ و نۆک) و هەندێک ساڵیش بە بەیار دەهێڵدرێنەوە یان دەکرێن بە بێستانی (کاڵەک و ترۆزی). بەرزیی زەوییەکان لەنێوان (٧٣٠ بۆ ٧٨٠م)دایە لە ئاستی ڕووی دەریا، ڕوبەرەکەی نزیکەی ١٨٠ دۆنم دەبێت. چەند گردۆڵکە و بەرزونزمی و بەردەڵانێک لەخۆدەگرێت، کە ناکێڵدرێت و وەک لەوەڕگا بەکاردێت. گردێکی شوێنەواری گرنگ هەبوو لەم ناوچەیەدا و لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە کنە و پشکنینی بۆ کرا، بەمەبەستی دۆزینەوەی پارچەی شوێنەواری و ئاڵتون و چەند پارچەیەکشی تێدا دۆزرایەوە، بەڵام لە ئێستادا تەخت کراوە و کراوە بەزەویی کشتوکاڵی.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەشرەف محەممەد عەزیز)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: ئامادەيى، فەرمانبەر، خەڵکى گوندی (پریسی سەروو)، لە ١٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: ئوسامە ئەشرەف محەممەد