مەولەوی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
ناوی (سەید عەبدولڕەحیمی کوڕی مەلا سەعید)ە. لە نەوەی مەلایوسف جانی مەلا ئەبوبەکری چۆڕییە. نازناوی شیعری (مەعدووم)یە. ساڵی ١٨٠٦ لە سەرشاتەی سەروو لەدایکبووە. سەرەتا لای باوکی و پاشان لە هەڵەبجە و مەدرەسەکانی دەوروپشتی هەورامان، جوانڕۆ و پاوە و سنە و مەریوان خوێندوویەتی. مورشدەکانی، مەولانا خالد و شێخ عوسمان و ئەبولبەها و ئەبولوەفا و شێخ ئەحمەدی سراجەدین و شێخ عومەر و حسامەدین بوون. شافعی مەزهەب و ئەشعەری بووە. لە هەردوو میرنشینی بابان و ئەردەڵان ڕیزلێگیراو بووە، چەندین شوێنیان پێبەخشیوە و فرمانی حەسانەوە و خزمەتیان بۆ دەرکردووە، بەڵام خۆی نەیویستووە. لە مزگەوتەکانی: وەزیر و دارلاحسان لە سنە و مزگەوتی گەورەی سلێمانی دامەزراوە. دۆستایەتی گەلێک میر و پاشا و زانا و شاعیری هاوچەرخی خۆی کردووە و خۆشەویستی شێخانی نەقشبەندیی هەورامان و کاک ئەحمەدی شێخ بووە. بێجگە لە زمانی کوردی شێوە ماچۆ و جاف، عەرەبی و فارسی بە باشی زانیوە و پێی نوسیوە. شارەزایەکی باشی لە زانستە ئیسلامیەکاندا هەبووە و بە تایبەت لە علمی کەلامدا، لە نێو کورد سوێند بە کەلام و مەرقەدی خوراوە و وتراوە و کەلامەکەی مەولەوی. بەسەرهات و قسەی خۆش و ئامۆژگارییەکانی بەسەر زمانی خەڵکەوەن، بێجگە دیوانی شیعرەکان، ئەم کتێبانەی نوسیوە. عەقیدەی ئیسلامی، العقیدە المرضیە، بەکوردی، الفوائح بە فارسی، الفضیلە، بە عەرەبی، نامیلکەی دروستیی رابطة، زوبدەی عەقیدە، پەخشانی مەولەوی و دەوترێت خاتراتی خۆیشی نوسیوەتەوە. وەک ڕاوێژکار و چاکەکار و وەفد گەلێک سەفەری کردووە. متمانەپێکراوی شێخانی نەقشبەندی بووە. لەناو کۆڕی ئەدەبیی سەردەمەکەی خۆیدا شوێنی شایستەی گرتووە و نزیکەی ٥٠ کەشکۆڵ بایەخیان بە نوسینەوەی شیعری داوە، لەوانە: کەشکۆڵی مەحمودپاشای جاف، مەحموود یاروەیس، سەیدەکانی باینجۆ، شێخ حسامەدین،... هتد. مینۆرسکی بە گەورە شاعیری ڕۆژهەڵات ناودێری کردووە. لە دنیای مەعنەویاتدا بە توجارباشی سەرقافڵەی ئەدەب ناسراوە. پیرەمێرد لە ڕێگەی ڕۆحی مەولەوییەوە بە دەرەوەی ماچۆ گۆیانی، ناساندووە. لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا زۆری لەسەر نوسراوە و مەولەویناسی وەک ڕشتەیەکی ئەدەبیاتناسی کوردی بایەخی پێدراوە و چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرای لەسەر نوسراوە و چەندین دیداری ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە باشور و خۆرهەڵات بۆ گیراوە. دیوانەکەی و هەندێک لە کتێبەکانی چەندینجار لەچاپ دراونەتەوە وەرگێڕراون. لەلایەن دەنگبێژانەوە شیعرەکانی خوێنراونەتەوە و بەشێوەی سیدی، فلاش تۆمارکراون و لەلایەن گۆرانیبێژانی کۆن و سەردەمەوە کراون بە گۆرانی. خێزانداربووە و عەنبەر خاتوونی ژنی لە ئەوغانییەکانی هەڵەبجە بووە و چەند کوڕ و کچی لێى بووە. ساڵی ١٨٨٦ کۆچیدواییکردووە و لە سەرشاتە بەخاکسپێرراوە. مەزارەکەی بە شێوەیەکی جوان هەڵبەسراوە و شەیدایانی سەردانیدەکەن.
سەرچاوەکان:
- دیوانی مەولەوی، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و لەسەرنوسینی: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، چاپخانەی النجاح، بەغدا، ١٩٦١ ل: و، ن.
- مەولەوی لێکۆڵینەوە پشکنین شیعری بڵاونەکراو، حەکیم مەلا ساڵح، چاپی یەکەم، ئینتیشاراتی سەلاحەدینی ئەیوبی، ١٣٧٦، ل٧-١١.
- یادی مەردان، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، انتشاراتی کردستان، ١٣٨٥، ل٣٦٧، ٣٧٩.
- دیوانی مەولەوی، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی: محەمەد عەلی قەرەداغی، بەرگی یەکەم چاپی یەکەم، ٢٠١٥، ل١٥٨-١٦٤.
- میهرەجانی مەولەوی، بابەتەکانی میهرەجانی مەولەوی، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، سلێمانی ٢٠٠٠ لە چاپدانەوەی دیداری مەولەوی، ٢٠١٠، ل١١.
- مجموعە مقالات و اشعار، کنگرە بزرگداشت مولوی کرد، چاپ اول ١٣٧٥هەتاوی، وتاری (مولوی کرد و علم کلام عبدالقادر زاهدی)، ل٣١٣.
- کەشکۆڵی حاجی مەحموودی یاروەیس، لێکۆڵینەوە و ساخکردنەوەی: عوسمان موحەممەد هەورامی، چاپخانەی ئۆفسێتی بابان، ١٩٩٨، ل٥٥.
- کەشکۆڵی مەحموود پاشای جاف، ئامادەکردن و لێکۆلینەوە: د. حەسەن جاف، بەیرووت، ٢٠١٤، ل٣٣.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم