شارەزوور
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە سنوری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. کۆی گشتی ڕووبەرەکەی نزیکەی (٦٧٥.٥کم٢) دەبێت. بەڵام ئەو بەشەی، کە کەوتووەتە نێو سنوری پارێزگای هەڵەبجە، تەنها (٣١٥کم٢)ە. ڕێژەی (٥.٣٠%)ی کۆی گشتیی ڕووبەری پارێزگای هەڵەبجە پێکدەهێنێت. لە هەموو لایەکەوە بە زنجیرە چیای بەرز دەورەدراوە، تەنها بەشی خۆرئاوای نەبێت، کە کەوتووەتە سنوری پارێزگای سلێمانیەوە و بۆ ناو قەزای سەیدسادق و قەزای شارەزوور درێژدەبێتەوە. زنجیرە چیای سورێن کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی، چیای هەورامان کەوتووەتە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتی، چیای باڵامبۆ کەوتووەتە باشوری، چیای شنروێ کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی، چیای نەوەر کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای، دەریاچەی دەربەندیخان کەوتووەتە خۆرئاوا و باشوری خۆرئاوای. چیاکانی چوارتا لە سنوری سلێمانی لە باکوریەوە هەڵکەوتوون. بەرزییەکەی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت. کە لە نێوان (٤٦٠ بۆ ٨٠٠م)ە لە ئاستی دەریا. ئاڕاستەی لێژبوونەوەی بە ئاڕاستەی خۆرئاوا و باشوری خۆرئاوایە. ئەم لێژیە بووەتە هۆی ئاسانی لەبەر ڕۆیشتنی ئاو، بەتایبەت ڕوبارەکانی زەڵم و تانجەرۆ و چەمە وەرزییەکان لە چیاکانی سورێن و هەورامان بە ئاڕاستەی دەریاچەی دەربەندیخان. ئەم چەم و ڕوبارانە ساڵانە لەگەڵ خۆیاندا بڕێکی زۆر لە کەرەستەی خاکی بۆ بەشە نزمەکانی دەشتەکە ڕادەماڵن. بۆیە خاکەکەی لە جۆری نیشتەنییە و بە بەرزیی ئاستی بە پیتییەکەی ناسراوە. چەندین ئاوەدانی لە شێوەی گوند و شاردا دەبینرێن. سەنتەری شارەکانی (خورماڵ و سیروان و هەڵەبجە) (سەیدسادق و زەڕایەن و عەربەت و هەڵەبجەی تازە)ی تێدایە. بە سەرچاوەی ئاوی زۆری سەرزەوی و ژێرزەوی دەوڵەمەندە.
سەرچاوەکان:
- هەڵەبجە یادەوەری و شارستانێتی، محەممەد غەفوور شەریف، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢، ل٢٤٦.
- کاریگەری ئاوهەوا لەسەر بەرهەمهێنانی سەوزەی هاوینە لە پارێزگای هەڵەبجە، مقداد عمر عبدالله، (ماستەرنامە) لە زانکۆی سلێمانی، زانستەمرۆڤایەتییەکان، جوگرافیا، ٢٠١٥، ل١٢.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید