مەلا عەبدوڵاى چروستانى
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
پێشنوێژ و وتاربێژ و نوسەرە. ناوى (عەبدوڵاى کوڕى مەلا عەبدولڕەحیمى چروستانی)یە. لە سەرچاوەکاندا بە (العالم الربانى، الشیخ ملا عبدالله جروستانى) ناونراوە. ساڵى ١٨٩٧ لە گوندى (ئابڵاغ)ی نزیک شاری سلێمانى لەدایکبووە. دایکى ناوى ئامینە خانى کچى مەلا محەممەدى زەندانە. باوکی لە بنەڕەتدا خەڵکى گوندى چروستانەیە لە عەشیرەتى نەوڕۆڵى و دواتر چووتە گوندى ئابڵاغ. مەلا عەبدوڵا لە تەمەنى چوار ساڵییەوە لاى باوکى وانەى خوێندووە. دواى مردنى باوکى لە ماوەیەک لە مزگەوتى حاجى خان دەمێنێتەوە. بۆ وەرگرتنى وانە ئاینییەکان چەندین ناوچەى وەک: (مەرگە، ڕانیە، خۆشناوەتى، شەقڵاوە، بەحرکە، هەولێر، پردێ، کەرکوک، قادرکەرەم، تاڵەبان، لەیلان...) دەکات و لە خزمەت چەندین مامۆستاى وەکو:(مەلا محەممەدى براى، مەلا ئەحمەد ڕۆژبەیانى، مەلا ئەحمەدى تورجان لە بۆکان، مەلا محەممەدى دەڵگەیی، مەلا سلێمانى هیندى لە ماوەت، مەلا ئەحمەدى ڕەش لە هەولێر، مەلا عارفى چنگیانى، مەلا عەلائەدین لە لەیلان، شێخ عومەر قەراداغى لە سلێمانى، حسێنى پیسکەندى، ..) وانەى خوێندووە. لە ساڵى ١٩١٧ و لەسەر دەستى مەلا حسێنى پیسکەندى لە گەڕەکى جولەکەکان مۆڵەتی مەلایەتى وەرگرتووە و لە مزگەوتى شێخ سەلام بووە بە پێشنوێژ. وەکو پیرۆزى و لە ساڵى ١٩٣٢ لە خزمەت مەلا عومەرى قەرەداغى ئیجازەى دووەم وەردەگرێت. لە چەند مزگەوتێک پیشنوێژ و وتاربێژ بووە. ڕۆژانى دووشەممە و سێشەممە وانەى تەفسیرى قورئانى بە هەموو مەلاکانى سلێمانى وتووەتەوە. پەیوەندییەکى بەهێزى هەبووە بە شێخانى تەریقەتى نەقشبەندى و بە تایبەت شێخ عوسمانى سەراجەدیینى دووەمەوە. دووجار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٥ منداڵە. مەلا عەبدوڵا ماوەى ٦٠ ساڵ لە هەردوو مزگەوتى خانەقا و شێخ سەلام خزمەتیکردووە و نزیکەى ٤٠ جار کتیبى (جمع الجوامع) وتووەتەوە. لە هەڵبژاردنى سەرۆکى یەکێتى زانایاندا لەگەڵ ئەوەى لەسەدا ٧٠ى دەنگەکانى بەدەستهێنا، بەڵام وازى لێهێناوە. مەلا عەبدوڵا نزیکەى ٣٠ کتێبى دانراوى هەیە، بەڵام سێ دانەیان چاپکراوە. جگە لەوەش دەستى نوسینی شیعرى هەبووە و بە زمانەکانى کوردى، عەرەبى و فارسى شیعرى نوسیووە. ساڵی ١٩٨٨ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى حاجى شێخ عەوڵا بەخاکسپێرراوە.
سەرچاوەکان:
- پوختەیەک لە ژیاننامەى موفتى و زاناى گەورە مەلا عەبداللەى چروستانى، نوسینى: هەردى سابیر، چاپى دووەم، چاپخانەى ڕێنوێن، سلێمانى، ٢٠١٨، ل٢٨-٣٠-٤٣-٥٦-٦٤-٧٠-٧١-١٠٢.
- چەند وانەیەک لە زانستەکانى فەرموودەناسى، دانانى: عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵا چرۆستانى، وەرگێڕان و ڕاڤەى: عەبدوڵا مەلا ئەحمەد ئەحمەدئاوایی، چاپخانەى چوارچرا، سلێمانى، ٢٠١٨، ل١٤-٢٩.
- مێژووى زانایانى کورد - بەرگى دووەم، مەلا تاھیر مەلا عبدالله بەحرکەیی، چاپى یەکەم، چاپخانەى ئاراس، هەولێر، ٢٠١٠، ل١٧٥-١٧٧.
ئامادەکردنی: حەمزە محەممەد ساڵح