فەلاح جەمیل جەعفەر
ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شارەدێی تەوێڵە و هەڵەبجە تەواوکردووە. لە مەدرەسەى گەیلانی و ئوسامە بۆ زانستە شەرعییەکان، خوێندوویەتی. پەیمانگاى وتاربێژانی لە سلێمانی و دواتریش کۆلێژى کوردستان، بەشى بنەماکانی ئاینی تەواوکردووە و بڕوانامەى بەکالۆریۆسی وەرگرتووە. لە ئۆردۆگاى سەقز لە وڵاتی ئێران، لە مزگەوتی گێڵدەرە، لە تەپی سەفا وتاربێژ بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا لە مزگەوتی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە پێشنوێژی و وتاردان بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییش دەزانێـت.
فەلاح کەیخەسرەو عەبدوڵا
ساڵى ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە. قۆناغى سەرەتایى لە هەڵەبجە تەواوکردووە و خوێندنى ئیسلامى خوێندووە و مۆڵەتی مەلایەتى وەرگرتووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسى لە زانستە ئیسلامییەکان بەدەستهێناوە. لە چەندین مزگەوت پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى گوندى (خاکوخۆڵ) بەردەوامە.
کاروان ڕەشید محێدین
پێشنوێژ و وتاربێژ، نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٨٣ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە خورماڵ و پەیمانگای مامۆستایانی لە هەڵەبجە تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. مۆڵەتی عیلمی لە زانستە شەرعییەکان وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. ساڵی ٢٠١٨ بووە بە وتاربێژی مزگەوتی (دێکۆن). بەرنامەی ئاینی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پێشکەشدەکات. خاوەنی ١١ کتێبی چاپکراوە، لەوانە (کەمینەکان و ڕۆڵیان لە ئاژاوە و کەوتنی دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا، خۆرئاواییەکان چییان لە پێغەمبەر (د.خ) دەوێت، ئیسلام و داهاتووی مرۆڤایەتی، ئەزموونی من، منارەی ونبوو).
کەمال نەجمەدین ئەوڕەحیم
ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و پەیمانگای ئیسلامی لە هەڵەبجە خوێندووە. ماوەی پێنج ساڵ لە ئۆردوگای (گلیاران) لە مزگەوت وانەی بە قوتابیانی وتووەتەوە. مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتی (بیلالی حەبەشی) لە شاری هەڵەبجە بەردەوامە. ماوەی هەشت ساڵ لە مزگەوت و حوجرەکانی هەڵەبجە وانەی وتووەتەوە.
کەیوان مەحموود سەعید
پێشنوێژ و وتاربێژ و وەرگێڕە. بە (دکتۆر عومەر زەڵمى) ناسراوە. ساڵى ١٩٧٢ لە گوندى (زەڵم) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى چوار منداڵە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی موسڵ و ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. لە چەندین مزگەوت پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى (حاجى فارسى بێسەرى) لە شارى سلێمانى بەردەوامە. خاوەنی دوو کتێبى وەرگێڕان بە ناوەکانی (ئەلەپەشە، پێشەوایەک بۆ مرۆڤایەتى).
لوقمان سادق محەممەد
ساڵى ١٩٦٩ لە گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی تەواوکردوە. لە وڵاتی ئێران و شاری هەڵەبجە درێژەی بە خوێندن داوە و مۆڵەتی مەلایەتی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە مزگەوتی گوندی زەڵم بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژ و تا ئێستا بەردەوامە.