مامۆستا مەلا حەمەئەمینى سەراو
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
ناوى (محەممەد ئەمین قادر مەحموود ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٣١ لە بنەماڵەی (خێڵی کوردە)ى گوندی سەراوی ناوچەی نەوڕۆڵی لەدایکبووە. ساڵى ١٩٤٠ بۆ خوێندنی کتێبە سەرەتاییەکانی فەقێیەتی هاتۆتە گوندی پریسی سەروو لەوێ خوێندویەتی. لە گوندی باوەکۆچەک، گوندى ئەحمەد بڕنە و گەرمیان، وانەى خوێندووە. ئیجازەتى مەلایەتى وەرگرتووە. ساڵى ١٩٥٧چووەتە گوندی بەشارەتی خواروو و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ خزمەتی کردووە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ گوندى سەراو و قوتابخانەیەکى ئایینى دروستکردووە. ساڵى ١٩٧٤ بە فەرمی کراوە بە پێشنوێژ و وتاربێژ لە شاری دهۆک. دواتریش بۆ ماوەی دوو ساڵ لە مزگەوتی سەیدحەسەن لە گەڕەکى سابونکەران لە سلێمانی ئیمامەتی کردووە. لەسەر داوای خۆی هاتووەتەوە بۆ هەڵەبجە و لەمزگەوتی دارالاحسان بۆماوەی چەند ساڵێک لە شوێنی مامۆستا مەلا محەممەدی عەبابەیلێی تا کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ ئیمامەتی کردووە و دوای ئاوارەبوون دەگەڕێتەوە بۆ شاری هەڵەبجە و تا خانەنشینبوونی لە ساڵی ٢٠٠٢ لە مزگەوتی غەزالی بووە. دوای خانەنشینبوونی دەبێت بە ئەندامی لیژنەی فەتوا لە شاری هەڵەبجە و سەیدسادق. ئیجازەى مەلایەتى بە چوار مامۆستا داوە. خاوەنى چەندین دەستنوس و نامیلکەى چاپکراوی(هەڵەبجە شارى زانایان)ە. ساڵی ٢٠٢٤ کۆچیدواییکردووە.
سەرچاوەکان:
- مەلا حەمەئەمین، هەڵەبجە شارى زانایان (ژیاننامەى گەورە مامۆستاى هەڵەبجە مامۆستا مەلا حمە ئەمینى سەراوى)، چاپى یەکەم، هەڵەبجە، ٢٠١٧، ل٣-٨.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (سەڵاحەدین حەمەئەمین قادر)، لەدایکبوو: ١٩٥٧، بڕوانامە: مۆڵەتی مەلایەتى، پیشە: لێپرسراوى ناوچەى زانایانى ئاینی سیروان، لە ١٩ى ١ى ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: حەمزە محەممەد ساڵح