ھەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی، ئەکادیمی و ڕۆژنامەنوسە. ناوی (ھەڤاڵ ئەبوبەکر حسێن محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەر لە ئەدەب و ڕۆژنامەگەری و ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی ھاوچەرخ و ساڵی ٢٠١٤ پلەی زانستیی پرۆفیسۆری یاردەدەری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤دا سەرۆکی لیست بووە و زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا پارێزگاری سلێمانییە. لە ساڵی ١٩٩٩ تا ئێستا سەرنوسەری گۆڤاری (ڕایەن)ـە بۆ وەرگێڕان و توێژینەوە میدیاییەکان. چەند کتێبێکی چاپکراوی ھەیە، لەوانە (سیستەمی ئەلیکترۆنی، کۆمپیوتەر، باوەڕمان وەک چیا وایە، چەند ھەنگاوێک بەرەو ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنوسی، پڕوپاگەندە و ڕای گشتی، دووربین، چەشنە ئەدەبیی و ڕۆژنامەنوسییەکان و ڕەنگدانەوەیان لە ژیان و ژیندا، پێگەی ڕۆمانتیکیەت لە شیعری کوردیدا، ھەواڵنوسین، تیرۆر و میدیا، سلێمانی و بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی، غەزەل لە ئەدەبی نوێی کوردیدا، ئەدەب و ژیانی مەدەنیییەت...).
نوخشە ناسیح ئەحمەد
پێشتر قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجه بووە. بووەتە پارێزگاری هەڵەبجە و یەکەم پارێزگاری ژنە لە ئاستی عێراقدا. ساڵی ١٩٧٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. بەشی یاسای لە کۆلێژی یاسا و ڕامیاری زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. بۆ ماوەی یانزە ساڵ لە ئاسایشی گشتی کاریکردووە و دوا پلەی ئەفسەر بووە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٥ بەڕێوەبەری شارۆچکەی بیارە بووە. ساڵی ٢٠١٦ بووە بە قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ئێستا پارێزگارە. مەرسومی کۆماری بۆ واژۆکردنی پارێزگای هەڵەبجە و پێنوسی واژۆکردنەکەی هێناوەتەوە بۆ یادگاریی هەڵەبجە. لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کاریکردووە. لە ڕێکخەران و پشتیوانانی ڤیستیڤاڵی هەنارە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ئازاد تۆفیق ڕەحیم
پارێزگاری هەڵەبجە، نوسەر و سیاسییە. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بە (مامۆستا ئازاد) ناسراوە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٧٩ـەوە پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە. ئەندامی دەستەی باڵا و بەشی ڕوناکبیری بنکەی گەلاوێژ، دامەزرێنەری ناوەندی ڕوناکبیریی هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٨٠ یەکەم بەرهەمی شیعری بڵاوکردووەتەوە. چەندین بابەتی ئەدەبی و ڕەخنەیی و سیاسی بڵاوکراوەی هەیە. سکرتێری نوسینی گۆڤاری شارستانی و بەرپرسی ڕادیۆی مەڵبەند بووە. ١٦ بەرهەمی چاپکراوی هەیە، لەوانە: بەهاری عەرەبی و مۆدێلی تورکی، پەیڤەکانم بۆ هەڵەبجە، لە نێوان لە خەوما و مەسەلەی ویژداندا، پیر محەمەو، فڕین بەرەو ماڵی خۆڵەپەتێ، خانووە زەردەکان ماڵی دووەمی تەمەن). لە ٨ی ١٠ی ٢٠١٨ تا مانگی ٣ی ٢٠٢٥ پارێزگاری هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. خانەنشینە.