شێخ نوری شێخ ڕەشید
ناوی (شێخ نوری شێخ ڕەشید شێخ مەحموود)ە. ساڵی ١٩٢٧ لە (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ناوەندیی لە سلێمانی و ئامادەیی سەربازیی لە بەغداد تەواوکردووه و به پلەی نائیب زابت لە کەرکوک دامەزراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ١٩٤٨ بەشداری شەڕی فەڵەستینی کردووه. ئەندامی ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازاد بووە، کە ڕۆڵیان هەبووە لە بەرپاکردنی شۆڕشی ١٤ی تەمموزدا. ساڵی ١٩٦٨ بەڕێوبەری گشتیی چیمەنتۆی سەرچنار بووە. ساڵی ١٩٧٤ پارێزگاری سلێمانی بووە و هەمان ساڵ کراوە بە بەڕێوبەری گشتیی دارایی و ئابوری لەشاری هەولێر. سأڵی ١٩٧٧ خۆی خانەنشین کردووه. ساڵی ١٩٩٩ لەشاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
ھەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی، ئەکادیمی و ڕۆژنامەنوسە. ناوی (ھەڤاڵ ئەبوبەکر حسێن محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەر لە ئەدەب و ڕۆژنامەگەری و ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی ھاوچەرخ و ساڵی ٢٠١٤ پلەی زانستیی پرۆفیسۆری یاردەدەری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤دا سەرۆکی لیست بووە و زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا پارێزگاری سلێمانییە. لە ساڵی ١٩٩٩ تا ئێستا سەرنوسەری گۆڤاری (ڕایەن)ـە بۆ وەرگێڕان و توێژینەوە میدیاییەکان. چەند کتێبێکی چاپکراوی ھەیە، لەوانە (سیستەمی ئەلیکترۆنی، کۆمپیوتەر، باوەڕمان وەک چیا وایە، چەند ھەنگاوێک بەرەو ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنوسی، پڕوپاگەندە و ڕای گشتی، دووربین، چەشنە ئەدەبیی و ڕۆژنامەنوسییەکان و ڕەنگدانەوەیان لە ژیان و ژیندا، پێگەی ڕۆمانتیکیەت لە شیعری کوردیدا، ھەواڵنوسین، تیرۆر و میدیا، سلێمانی و بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی، غەزەل لە ئەدەبی نوێی کوردیدا، ئەدەب و ژیانی مەدەنیییەت...).
نوخشە ناسیح ئەحمەد
پێشتر قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجه بووە. بووەتە پارێزگاری هەڵەبجە و یەکەم پارێزگاری ژنە لە ئاستی عێراقدا. ساڵی ١٩٧٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. بەشی یاسای لە کۆلێژی یاسا و ڕامیاری زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. بۆ ماوەی یانزە ساڵ لە ئاسایشی گشتی کاریکردووە و دوا پلەی ئەفسەر بووە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٥ بەڕێوەبەری شارۆچکەی بیارە بووە. ساڵی ٢٠١٦ بووە بە قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ئێستا پارێزگارە. مەرسومی کۆماری بۆ واژۆکردنی پارێزگای هەڵەبجە و پێنوسی واژۆکردنەکەی هێناوەتەوە بۆ یادگاریی هەڵەبجە. لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کاریکردووە. لە ڕێکخەران و پشتیوانانی ڤیستیڤاڵی هەنارە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.