هەڵەبجە لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
١- دروستکردنی سابوون: لە بەڵگەنامەی ژمارە ١٤٧، کە لە ٧ی شەوالی ١٣٠٩ / ١٨٩١ز تۆمارکراوە، هاتووه: (حەسەن زوهدی ئەفەندی لە دانیشتوانی سەنجەقی سلێمانی و هۆزی هەورامی لە ئەدرنە نیشتەجێ بووە، لەبەرئەوە سابوونی مسکی دروستکردووە، جەنابی شاهەنشاهی هومایۆن میهرەبانی نیشان داوە و مەدالیای شانازی لەگەڵ پاکانەی عالی پێ داوە...).
٢- تەلەگرافێکی ولایەتی موسڵ لەسەر مەحموود پاشا: لە ٧ی محرم ١٣٠٨ /١٨٩٠ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (عوسمان بەگ قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر و سەرۆکی هۆزە سەرکەشەکانی جاف، چ لەلایەنی ئێران و چ لە لایەنی ئێمە، بە ئەنجامدانی خراپەکاری ناوبانگیان دەرکردووە. لەم چەتانە بەناوی میکە و ١٢ کەس لە هاوەڵانی دەستگیرکردووە و ڕادەستی حکومەتی سلێمانی کردووە...).
٣- دەستگیرکردنی مەحموود پاشا: لە ٢٩ی سەفەری ١٣٠٩ /١٨٩١ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (هەواڵی بڕواپێکراو هاتووە، کە مەحموودپاشای جاف لە پاشکۆی ویلایەتی موسڵ چووەتە گوندی ئەباعوبەیدە "عەبابەیلێ" لە قەزای گوڵعەنبەری سەر بە سەنجەقی سلێمانی، لە ویلایەتی ناو هاتوو، نوسراو کراوە، کە دەستگیر بکرێت. ٢٢ی ئەیلول ١٠٣٧. حەسەن والی بەغداد...)
٤- گومانکردن لە عوسمان بەگ: لە٤ی ڕەجەبی ١٣٠٩ /١٨٩١ز تۆمارکراوە و و تێیدا هاتووە: (عالی ڕەزا پاشا موتەسەڕیفی پێشووی سەنجەقی سلێمانی لەگەڵ عوسمان بەگ قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر هەوڵ و کۆششیان نەبووە... قایمقام جموجوڵی گومانلێکراوی هەبووە...).
٥- دەستبەسەراگرتنی موڵک: لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە: (بۆ موتەسەریفی شارەزوور، ڕەفعەت ئەفەندی موعەلیمی مەکتەبی ڕوشدیە، لە گوندی کلکنی سەر بەسەنجەقی سلێمانی پاشکۆی ئەیالەتی بەغداد، لە باوکییەوە زەوی کشتوکاڵی بۆ ماوەتەوە و ئاوی شیرین بە ناویدا تێدەپەڕێت، بەڵام هەندێک کەس وتوویانە هی ئێمەیە و دەستیان بەسەریدا گرتووە، لەبەرئەوەی ئەمە بەزوڵم هەژمار دەکرێت، داواکراوە هەر لە شوێن خۆی ڕێگە بەمە نەدرێت...).
٦- ڕێزگرتن و شاباش: لە کۆتایی شەوال ١٢٨٢ (١٨٦٥ز) تۆمارکراوە و تێیدا هاتووە: (محەممەد بەگ، لەگەڵ قادر بەگ و بەهرام بەگ، لە سەرۆکەکانی هۆزی گەورەی جافی سەنجەقی سلێمانین. زیانی چەتەکانیان دوورخستووەتەوە و بۆ حکومەت هەوڵ و کۆششیان داوە، بۆیە شایانی ڕیزگرتنن...).
٧- بۆ والی بەغداد، داوای دامەزراندن: لە ٥ی شەوالی ١٢٨٣ /١٨٦٥ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (بۆ والی بەغداد، لە قەزای گوڵعەنبەری سەنجەقی سلێمانی، جامیعی سوڵتان سەلیم خان غازی دروستکراوە و زیندوکراوەتەوە، لەبارەی فەرمانی دروستکردن و ئەرکی خزمەتگوزارەکانی و گشت کارەکانی تر بڕیاردراوە و لەسەر فەرمانی پاشا لە مێژووی ٢٧ی ڕەبیعی یەکەم ١٢٨٣ نوسراو کراوەتەوە، کەچی هەتا ئێستا وەڵامەکەی نەهاتووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە، لێرە بریکار شێخ محەممەد سادق ئەفەندی داوای کردووە ئەرکەکە جێبەجێ بکرێت، هەرچی بابەبەتەکەیە لە کاروبارە خێرخوازییەکانە، ئارەزوو دەکرێت هەرچی زووە جێبەجێ بکرێت. بە گوێرەی ئاماژەی پێشوو پەلە لە جێبەجێکردنی بکرێت و کۆتایی پێ بێت، لەم بابەتە فەرمان بۆ ئەفەنیمانە...).
٨- قەرەبووکردنەوە و هاوکاری: لە ١٣ی سەفەری ١٣٠٥ /١٨٨٧ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووە: (١٣ی سەفەر ١٣٠٥، ١٨ی تشرینی یەکەم ١٣٠٣، پوختەی دارایی. بۆ دانیشتوان و هەژار و دەسکورتی سەنجەقەکانی موسڵ و سلێمانی سەر بە ویلایەتی موسڵ، وەک قەرەبووکردنەوە خواردن و دانەوێڵە دابەش دەکرێت، بە کۆکردنەوەی ٢٥٠٠٠٠ قیە زەخیرە بەسەریاندا دابەش دەکرێت و پێیان دەدرێت، لەمبارەیەوە لەلایەن والی ولایەتی ناوهاتووە و تەلەگرافنامە هاتووە لەسەر ئەم تەلەگرافنامەیە لەگەڵ نەزارەتی دارایی قسە کراوە و دوای پرس و ڕا، نوسراوی نەزارەتی ناوخۆ لە ٧ی سەفەری ١٣٠٥ خوێندنەوەی بۆ کراوە...).
٩- خەرجی تەکیە و مەدرەسەی ئەحمەدئاوا: لە ١٠ی جمادی ١٣٠٥ /١٨٨٧ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (کۆشکی یڵدزی هومایۆن، فەرمانگەی باش کیتابەت: شێخ عوسمان ئەفەندی زادە ئەحمەد شەمسەدین ئەفەندی تەوێڵەیی ئەو تەکیە و مەدرەسەیەی کە لە گوندی ئەحمەدئابادی قەزای گوڵعەنبەری سەر بە سەنجەقی سلێمانی دروستی کردووە، بۆ بەڕێوەچوونی مورید و فێرخوازەکانی لە سنوری ئێران بە بڕی ٤٠-٥٠ هەزار قروش ترێ و دە یەکی شەرعی زەوی باوەکۆچەک و پریس کە خاڵییە، پێی بدرێت...).
١٠- ڕێزگرتن و پلەبەرزکردنەوە: لە ١١ی زیلقەعدەی ١٣١١ /١٨٩٣ز و ٤ی مایسی ١٣١٠ تۆمارکراوە و تێیدا هاتووە: (کوڕەکانی سەرۆکی هۆزی جاف، مەجید بەگ و تاهیر بەگ، لەگەڵ عوسمان بەگ قایمقامی گوڵعەنبەر، کە سەر بە سەنجەقی سلێمانین لە بارەی کاروبارەکانی هۆزی ناوهاتوو، کارە تایبەتمەندییەکان و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە حکومەت، کاری باش و خزمەتی باشیان ئەنجام داوە، هەربۆیە پایەی ئیستەبڵی عامیرەیان پێ بدرێت...).
١١- دابینکردنی مووچە بۆ خانەقاکان: لە ٥ی زیلقەعدەی ١٣١١ /١٨٩٣ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووە: (بۆ نەزارەتی دارایی جەلیلە. لە قەزای گوڵعەنبەری سەنجەقی سلێمانی و ناوچەکانی سەرسنوری ئێران بەناوی تەوێڵە و بیارە و پێنجوین، خۆیان تەرخان کردووە بۆ تەریقەتی نەقشبەندی، هەروەها بەردەوام شوێنی چەندین تەریقەت بووە. تەکیەیەکی دوودەرگایی لەگەڵ مەدرەسەیەکی دوودەرگایی هەیە. بۆ یەک ڕۆژیش بێت ئەمانە دەرماڵەیان نەبووە، شێخ و مودەریسەکانیان بەهۆی خزمەتە شایستەکانیان وەکو خۆراکی تەکیە و مەدرەسەکە موچەیەکی گونجاویان بۆ دابین بکرێت...).
١٢- داواکاری مووچە و ڕوونکردنەوە: لە ٢٨ی موحەرەمی ١٣١٢ /١٨٩٤ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووە: (نەزارەتی دارایی جەلیلە لە قەزای گوڵعەنبەری سەنجەقی سلێمانی و ناوچەکانی سەرسنوری ئێران بە ناوی تەوێڵە و بیارە و پێنجوین، تایبەت بە تەریقەتی نەقشبەندی دوو تەکیە و دوو مەدرەسە هەیە، بۆ خۆراکی ئەمانە بڕێکی گونجاو مووچە دابین بکرێت...).
١٣- دامەزراندنی هێڵی تەلەگراف: لە ٢٨ی زیلحیجەی ١٣١٣ /١٨٩٥ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (بە پێویست زانراوە هێڵی تەلەگراف لە قەزایەکانی مەرگە و گوڵعەنبەر و شەهربازار "شارباژێر"ی سەر بە سەنجەقەی سلێمانی دابمەزرێت، خەرجیەکەشی لەلایەن نەزارەتی تەلەگراف و پۆستەی بەهیە دابین دەکرێت...).
١٤- هێرشکردن بۆ مووچە لە قەزای گوڵعەنبەر: لە ٢٩ی ڕەمەزانی ١٣١٦ (١٨٩٨ز) تۆمارکراوە و تێدیدا هاتووە: (لە قەزای گوڵعەنبەری سلێمانی، سەربازی شاهانە موچەی ڕەمەزانیان وەرنەگرتووە، هەربۆیە هێرشیان کردووەتە سەر خانەی ئەفسەر و قایمقام و لە مەرکەزی سلێمانیش بە گشتی پۆلیسی پاراستن هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەی حکومەت...).
١٥- پەڕینەوەی ئێرانییەکان لە لایەن مەحموود پاشای جافەوە: لە ٢٦ی شەعبان ١٣١٦ /١٨٩٨ز تۆمارکراوە و وا هاتووه: (لە موتەسەریفیەتی سلێمانی ڕاگەیەنراوە مەحموود پاشا سەرۆکی هۆزی جاف ١٥٠ ئەسپسواری ناردووە هەتا ٦٠٠ هاووڵاتی ئیرانی لە سنورەوە بپەڕینێتەوە، ئەگەر وابێت لە نێوان هۆزەکان ئاژاوە دروست دەبێت، پێویستە ڕێگە لە دروستبوونی ئەم حاڵەتە بگیرێت...).
١٦- مەسەلەی مەحموود پاشا/ بەڵگەنامەی ١: لە ٢٢ی زیلقەعدەی ١٣١٦و ٢٢ی مارتی ١٣١٥ (١٨٩٧ز) تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (سەید مستەفا ئەفەندی نەقیبی سەنجەقی سلێمانی چووەتە لای هۆزی جاف، بۆ خەرجکردنی ڕۆژانە و خەرجی ڕێگای و گشت فەرمانبەرانی، لە نەزارەتی عاجیزانە نوسراو نوسراوەتەوە، لەو سەنەدانەی کە وەرگیراوە دەرکەوتووە، تۆماری نوسراوەکانی مێژووی ٢٣ی تشرینی دووەم ١٣٠٧ نەدۆزراوەتەوە. هەربۆیە ناردنی وێنەی پەسەند کراوی باسکراو، هیمەتی عالی پێویستە).
١٧- مەسەلەی مەحموود پاشا/ بەڵگەنامەی ٢: لە ١٣ی سەفەری ١٣١٧/١٨٩٩ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووە: (سەید مستەفا ئەفەندی نەقیبی سەنجەقی سلێمانی لەگەڵ ئەحمەد کەمال بەگ ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کارگێڕی شارەزوور چوونەتە لای هۆزی ناو هاتوو "جاف" و گەڕاونەتەوە، لە خەزینەی جەلیلەی ویلایەتی موسلیش خەرجییەکانی ڕێکخراوە و جێبەجێکراوە...).
١٨- مەسەلەی مەحموود پاشا/ بەڵگەنامەی ٣: لە ٢١ی ڕەبیعی یەکەم ١٣١٧/ ١٨٩٩ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (بڕی پارەی خەرجکراوی نێو بەڵگەنامەی دووەم ٤٢٦٠ قروش کە باسکراوە، لە موازنەی ئەمساڵدا زیادکراوە و زانیاریش دراوەتە نەزارەتی عالی، لە خەزێنەی جەلیلە لە دەرماڵەی ناوەخۆی ساڵی ١٣٠٨ هەژمارکراوە. بڕەپارەی باسکراو لە دەرماڵەی ئەم ساڵەدا زیاد کراوە و خراوەتەسەری، چۆنیەتی کارەکەش ڕاگەیەنراوە بە وتەی ژمێریاری پەلەکراوە لە ڕاگەیاندنی...).
١٩- لابردنی مەحموود پاشا و دانانی عوسمان بەگی برای بە قایمقامی گوڵعەنبەر: لە ٢١ی ڕەبیعی یەکەم ١٣٠٦ /١٨٨٨ز تۆمار کراوە و تێیدا هاتووه: (بە پشتبەستن بە یاسا و ڕێسا و لەگەڵ قەزاکانی شارەزوور و گوڵعەنبەر و بازیان، ناحیەی سەلاحیەش "کفری"، ئەو زەویوزارانەی پاشا هەیە بە پەرش و بڵاوی تیدا نیشتەجێ بکرێن، لە هەموو لایەک سوودی هەیە، بەڵام مەحموود پاشا یەکێک لە میرەکانی هۆزی ناوهاتوو قایمقامی قەزای گوڵعەنبەرە، بەهۆی سەرپێچی و زوڵمەکانی، هەروەها بە کارەکانی والییەکانی فریو داوە، هەربۆیە مانەوەی لەوێ گونجاو نییە، بە وەرگرتنی پلەی میری میران یا لە موتەسەریفی حەما، یاخود ئورفە لە یەکێک لەوانە دابمەزرێت...).
٢٠- پلەبەرزکردنەوەی مەحموود پاشا: لە ١٧ی ڕەبیعی کۆتایی ١٣٢١/ ١٩٠٣ز تۆمارکراوە و تێیدا هاتووە: (بەهۆی دڵسۆزی و ئەم هەوڵ و کۆششانەی کە مەحموود پاشا سەرۆکی هۆزی جاف بۆ پاراستنی سنور و بەرقەرارکردنی ئاساییش و جێگیرکردنی ئەمنەیەت داویەتی پلەکەی بۆ پایەی میری میرانی ڕوم ئیلی بەرزبکرێتەوە و لە کوڕەکانیشی عەلی بەگ بە پلەی سێیەم و حسێن بەگ و ئەحمەد بەگیش سەرلەنوێ بە پلەی سێیەم بەرزبکرێتەوە...).
٢١- خەرجکردنی پارە بۆ لێکۆڵینەوە: لە ٢١ی شەوالی ١٣٢١ /١٩٠٣ز و ٢٨ی کانونی یەکەمی ١٣١٩ تۆمارکراوە و تێیدا هاتووە: (حاجی حەسەن ئەفەندی بەڕێوەبەری تۆماری سەنجەقی سلێمانی ٢٠٠٠ قروش کرێی پێ بدرێت تاوەکو بچێتە قەزای گوڵعەنبەر و لێکۆڵێنەوە لەسەر بەهەدەربردنی داهات و خراپ بەکارهێنانی بکات...).
٢٢- عوسمان پاشای قایمقامی گوڵعەنبەر: لە ١٦ی سەفەری ١٣٢٥ (١٩٠٧) و ١٧ی مارتی ١٣٢٣ تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (عوسمان پاشا قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر لە بەرامبەر خەڵکی هەژار دەستی بە زوڵم کردووە و خەڵکەکە لەمە بێزاربووە. زەوی و زار و موڵکی ئەم و ئەو بە مامەڵەی ساختە و بە زۆرە ملێ تاڵان دەکات. لەگەڵ خزمەکانی بە ناوی پەیوەندیدار تاپۆکانی دەستکەوتووە. هەروەها داهاتی قەزاکەی خواردووە بە مۆری جۆراوجۆر لە خۆجێی داواکاری هاتووە بە ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی تکا لە پاشای ملوکانە کراوە. لەم بابەتەدا بە فەرمانی پاشای جەنابی پەیوەندیداری خەلافەت فەرمانکراوە کە لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدرێت و ئەنجامەکەی ڕابگەیەنرێت...).
٢٣- کێشەی پۆستە و گەیاندن: لە ١٠ی موحەرەمی ١٣٢٦ /١٩٠٨ز و ٣١ی کانونی دووەمی ١٣٢٣ تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (لە نێوان سەنجەقی سلێمانی و قەزای گوڵعەنبەر بۆ گەیاندن و دەستاودەستکردنی جانتای پۆستە لە نێوان ئەندامانی پۆلیسی پاراستن کێشەی تێکەوتووە. چونکە دەرکەوتووە لەناو قایمقامیەتی قەزای ناوهاتوو ئەندام کەمە. لەم حاڵەتەدا لە ناردن و هێنانی پۆستە و جێبەجێکردنی مامەڵەکان لە خۆجێی و مەکتەبەکانی فەرمی سنوردار کراوە. پۆستەخانەی گوڵعەنبەر داهاتی ڕێگای سێ مانگ لە ٤٥ قروش پێکهاتووە. ئەمەش وای کردووە و تەنها بۆ هەواڵی فەرمی سنوردارکراوە...).
٢٤- هێرشکردن: لە ٢١ی ڕەمەزانی ١٣٢٦ /١٩٠٨ز و ٤ی تشرینی یەکەمی ١٣٢٤ تۆمار کراوە و تێیدا هاتووە: (لەلایەن هۆزی جاف هێرشکراوەتە سەر هێڵی تەلەگرافی گوڵعەنبەر، وا بڕیارە بۆ چاککردنەوەی ٧٥٠٠ قروش لە سلێمانی وەربگیرێت، هەروەها لەبەر ئەوەی ئامادەکاری پێویست نەکراوە تا ڕێگە لەم جۆرە هێرشانە بگیرێت، بۆیە سەرپێچی کردن بەردەوامە، بەمەش هەواڵگری پەکی کەوتووە...).
٢٥- حاکمی ئۆرامانی ئێران/ بەڵگەنامەی ١: لە لە ٣٨ی ڕەجەبی ١٣٢٦ /١٩٠٨ز ١٢ی ئۆغستوس ١٣٢٤ تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (لەلایەن حاکمی ئۆرامانی ئێران سەرپێچی لە زەویەکانی گوندی دەیمەجۆی سەر بە قەزای گوڵعەنبەری سەنجەقی سلێمانی کراوە و دوای گفتوگۆ نوسراو لە نەزارەتی خەزینەی تایبەتی شاهانەی جەلیلە وەرگیراوە بە ناردنی ئەم نوسراوانە و جێبەجێکردنی کارەکە...).
٢٦- حاکمی ئۆرامانی ئێران/ بەڵگەنامەی ٢: لە ٢٦ی ڕەبیعی کۆتایی ١٣٢٦ (١٩٠٨) و ١٤ی مایسی ١٣٢٤ تۆمار کراوە و تێیدا هاتووە: (ساڵی ڕابردوو زەوی و زاری موڵکی میری دەیمەجۆی قەزای گوڵعەنبەری سەر بەسەنجەقی سلێمانی لە لایەن حاکمی ئۆرامانی ئێران هێرشی کراوەتە سەرو داهاتەکەیان تاڵان کردووە...).
٢٧- دامەزراندنی کارگێڕی تەلەگراف: لە ٣ی ڕەبیعی یەکەم ١٣١٣ک تۆمارکراوە و تێیدا هاتووه: (لەبەر ئەوەی زۆربەی قەزاکانی کەوتووەتە سەرسنوری ئێران و ڕووداوی زۆر گرنگ ڕوو دەدات، هەواڵی ئەم بابەتانەش درەنگ دەگاتە شوێنی مەبەست، بە هۆی ئەم ڕووداوانەوە ویلایەت باجەکەی وەرگرتووە. لە ئەنجامدا کێشە و ڕووداوی مەترسیدارتر ڕوو دەدات، بۆئەوەی ڕێگە نەدرێت ئەم جۆرە بارودۆخانە سەرهەڵبدات، بەڕێوەبردنی کارگێڕی تەلەگرافی قەزایەکانی گوڵعەنبەر، شاربازاڕ و مەرگە، دابمەزرێت، لەگەڵ ئەمەش هێڵەکان درێژبکرێنەوە. تکایە پێویستمان بە هاوکاریتانە).
٢٨- دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری قەزای گوڵعەنبەر: لە بەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا کە لە ٢٠ی شەعبانی ١٢٧٢ک نوسراوە، وا هاتووه: (جەنابی بە میهرەبانی ئەفەندم. لەناو سەنجەقی سلێمانی ئەحمەد ئەفەندی بەڕێوەبەری قەزای گوڵعەنەبەر لەبەر لێنەهاتوویی لە ئەرکەکەیدا دوور خراوەتەوە و لە شوێنی ئەو عەبدوڵا ئاغا لە خانەدانی لیوای ناو هاتوو و ئەندامی ئەنجومەن لە خۆجێی هەڵبژێردراوە و وەکالەتی پێدراوە، تا نوسراو دێت نیوە و دوای نوسراویش مووچەی تەواو وەردەگرێت. بۆ ئەم مەبەستەش بە ئاماژەی جەنابی پاشای والی شارەزوور، لە خەزێنە کارەکە ڕێکخراوە تا حەواڵەی نەزارەتی دارایی جەلیلە بکرێت، بڕیارنامە لە ئەنجومەنی واڵا دراوەتە قەڵەم، بۆ ئەوەی عالی بفەرموێت ئەم بڕیارنامەیە لەگەڵ ڕاپۆرتی هاوپێچ ڕاگەیاندراوە و پێشکەشکراوە، ئەمڕۆ فەرمانی جەنابی ملوکانە چی بفەرموێت جێبەجێ دەکرێت).
٢٩- ئاماری گرتووخانەی قەزای گوڵعەنبەر: لە بەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا و لە خشتەی ئاماری چوار مانگی کۆتایی ساڵى ١٣٣٠و ١٣٣٣ی گرتووخانەی قەزای گوڵعەنبەر لە ٢٨ی جەمادی کۆتایی ١٣٣٤ و ١٠ی سەفەری ١٣٣٦ تۆمارکراوە مۆری مەحموود ڕەمزی قوماندانی ژاندارمەی گوڵعەنبەریان بەسەرەوەیە، وا هاتووە: (بۆ نەزارەتی ناوخۆی جەلیلە جەنابی نازربەگی ئەفەندی نێرراون. جۆری تاوان و ژمارەی سزادراوان و دەستبەسەرکراوانیان لەخۆگرتوە. ساڵی ١٣٣٠ چوار کەس بە تاوانی ئاژاوەنانەوە سزادراون و سێ کەسیش بە تاوانی کوشتن دەستبەسەرکراون، ساڵی ١٣٣٠ یەک پیاو بە تاوانی کوشتن و یەک پیاویش بە تاوانی کاری بەد دەستبەسەر کراوە).
٣٠- بەردبارین لە خورماڵ: لە بەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا کە لە ٢٢ی ئابی ١٨٨٨ی تۆمارکراوە و لەولایەتی موسڵ، قەڵەمی تۆمارکردن بە ژمارە ٨١ بۆ لایەنی عالی لە نەزارەتی ناوخۆی جەلیلە نێرراوە وا هاتووە: (جەنابی پایەبەرزی ئەفەندم، لە ١٠ی ئابی ڕۆژی پێنج شەممە کاتژمێر ٨:٣٠ لە گوندی جیشانە و دەوروبەری سەر بە ناحیەی سەرچناری ڕۆژئاوای سلێمانی لەسەر گردێک لە شێوەی ئەهرام ئاگرێک داگیرساوە، بە سووتاندنی ماددەی خۆڵ و بەرد لەگەڵ هەوا تێکەڵ بووە و بەرز بووەتەوە، ئەم دوکەڵە لە ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ لای گوندی دیلەور ڕۆیشتووه، لەبەرئەوەی ئەم گوندە لەسەر پردێکە و لەژێر ئەم پردە دوو کەس هەبووە، یەکێکیان مردووە و ئەوی تریان بووەتە دیلی سەر جێگا، هەروەها لە قەزای گوڵعەنبەر لە گوندی خورڵمار شتێکی وا ڕوویداوە لەجیاتی بارانبارین نزیکەی ٥ تا ١٠ خولەک بەرد باریوە، ئەلحەمدولیللا کەس زیانی پێ نەگەیشتووە و زیانی نەبووە، تەنیا زیانی بە کشتوکاڵ گەیاندووە، نموونەیەک لە بەردەکانیش نێرراوە بۆ موتەسەڕفیەتی سلێمانی بە نوسراو ئاماژەی پێ کراوە. نموونەکەش بۆئەوەی بدرێتە پەیوەندیدارانی نەزارەت ڕادەستی پۆستە کراوە، لەم بابەتەدا ئەمر و فەرمان بۆ جەنابی ئەو کەسەیە کە فەرمان دەردەکات، لە ٧ی موحەڕەم ١٣٠٦ و لە ١ی ئەیلولی ١٣٠٤ والی ویلایەتی موسڵ).
سەرچاوەکان:
- سلێمانی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، بەرگی هەشتەم ١٢٦٣-١٣٣٦ک، ١٨٤٧-١٩١٨ز، د. نەوزاد یەحیا باجگر، وەرگێران: ئاشتی ڕەحمان، بڵاوکراوەی زانکۆی جیهان، چاپی یەکەم، چاپخانە؟، هەولێر، ٢٠١٩، ل٣٦ – ٣٠٥.
- سلێمانی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، بەرگی نۆیەم ١٢٢٧-١٣٣٩ک، ١٨١٢-١٩٢٨ز، د. نەوزاد یەحیا باجگر، وەرگێران: ئاشتی ڕەحمان، بڵاوکراوەی زانکۆی جیهان، چاپی یەکەم، چاپخانە ؟، هەولێر، ٢٠١٩، ل٣٤، ١٣٦، ٢١٥.
- بازیان و چەمچەماڵ لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، بەرگی پێنجەم ١٢٩٨-١٣٣٦ک، ١٨٨١-١٩١٨ز، د. نەوزاد یەحیا باجگر، وەرگێران: ئاشتی ڕەحمان، بڵاوکراوەی زانکۆی جیهان، چاپی یەکەم، چاپخانە ؟، هەولێر، ٢٠١٩، ل٢٣٦.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم