قورئانە دەستخەتەکەی وەستا فەرەجی پەسەک چەرمە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
بچوکترین قورئانی دەستنوسییە، لەشێوەی خڕی هەشت گۆشەیی، بە خەتی نوسخ لە ٥سم بە ٥سم دا نوسراوە. لاپەڕەکانی سەرەتا و کۆتایی بە ڕەنگی گوڵ و گەڵای جوان و ئاوی تەڵا زەڕکەفتکاری کراون. کاغەزەکەی لە کاغەزی پەڕەسیغار تەنکترە، ئایەتەکانی جیانەکراوەتەوە و ناونیشانی سورەتەکان بە مەرکەبی سور نوسراونەتەوە و تەختەکەی و ئەستورییەکەی هەر نزیکەی ٥سم دەبێت. ژمارەی لاپەڕەکانی ٢٤٠ لاپەڕەیە و کێشەکەی نزیکەی ٢٠٠ گرامە. مێژووی نوسینەوەی بەجیا لەسەر پارچەکاغەزێک نوسراوە ٣٥٧-٨١٦. دێڕەکانی خراونەتە نێو جۆگەلەی تەڵاییەوە. ناوی نوسەرەوەی لەسەرنییە، لە هەندێک شوێندا هەڵە و لەبیرچوونی هەیە و بە خەتی تر چاککراون. لەناو سێ پێستی یەک لەناو یەکدایە. لە داگرتنی گوندەکانەوە ساڵی ١٩٧٨ تا ڕاپەڕین لە ژێر داروپەردوی گوندی ئەحمەدائاوادا بەجێماوە و تا ساڵی ٢٠٠٩ عبدالرحمان نەوەی وەستا فەرەج لە کاتی خانوکردنەوەدا دەیدۆزێتەوە و ئێستە لای نەوەکانی پارێزراوە. بۆ خویندنەوە و دەورگرتنەوە بەکارنەهاتووە و تەنها وەک تەبەڕوک و بردنی بۆ سەر نەخۆش سودیلێوەرگیراوە. بنەماڵەی وەستا فەرەجی پەسەک چەرمە پێشتر لە شاری پاوە و هەورامانی تەخت و دزڵی بوون. بە شەفیعی ناسراون. وەستا فەرەج ساڵی١٨٩٠ لە دزڵی لەدایکبووە و لەگەڵ مەحمودخانی دزڵیدا بەشداری شۆڕشی شێخ مەحمودی کردووە و بەو هۆیەوە لە ڕۆژهەڵات هەڵکەنراون و هاتونەتە گوندی ئەحمەدئاوای نزیک خورماڵ و ساڵی ١٩٦٤ کۆچیدواییکردووە.
سەرچاوەکان:
- قورئانەکە لەبەر دەستی ئامادەکاردایە.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار( عبدالرحیم سعید-گۆڵکار لەگەڵ عەلی عەبدوڵا فرج، لە دایکبووی ١٩٥٦، بکالۆریۆس، خانەنشین، ١٢ی٢ی ٢٠٢٥ خورماڵ.
- بوژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد لەڕیگەی دەستخەتەکانیانەوە، محەمەد عەلی قەرەداغی، بەرگی نۆیەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر ٢٠١١ ل ٢٤-٢٩.
ئامادەکردنی: عبدالرحيم سعيد فرج