گورگەچیا

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 188

گرد

بە دووریی دوو کیلۆمەتر و نیو کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گورگەچیا)وە. بەرزییەکەی لە باکور (١٥م) و لە باشور (١٠م)ە. شێوەکەی هێلکەییە. بە نزیکەیی سێ دۆنم داگیردەکات. مێژووەکەی بۆ ٥٠٠٠ ساڵ پ.ز دەگەڕێتەوە. تاوەکو ٨٠ ساڵ پێش ئێستا، لادێیەک بووە، بەڵام بەهۆی دوژمنایەتیەوە چونەتە گوندەکانی بەکراوا و پریسی خواروو. لە ڕۆژنامەیەکی تورکیدا بە گوندی جای ئاغا ناوی هاتووە. سەرچاوەی ئاوی پریسی ژوور و خواروو بەبەردەمیدا دەڕوات، کە پێیدەوترێت چەمی ئاوبڵاو. تا ساڵی ٢٠١٢ هیچ کنە و پشکنینی بۆنەکراوە. بەڵام دواتر تیمێکی بەریتانی بە هاوکاری پرۆفیسۆر دەیڤید وینگرۆ، لەگەڵ کۆمپانیایەکی قەتەریدا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، پێنج ساڵ پشکنینیان بۆ کردووە. مۆری بەردین و پەیکەری گای تێدا دۆزراوەتەوە. تیمەکە نزیکەی ٨٥ گوێنی خۆڵیان بردۆتەوە لەگەڵ خۆیان. ساڵانە نزیکەی ٢٠ قوتابی لە بەریتانیاوە هاتونەتە سەر ئەم گردە بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەرکان عەبدولڕەحمان عەبدووڵڵا)، لەدایکبوو: ١٩٧١. پیشە: مامۆستا. بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ٢٣ی ١٠ی ٢٠٢٣، لە هەڵەبجە.
  2. David Wengrow, R.Carter, G.Brereton, M. Shepperson. Gurga chiya and Tepe Marani: new excavations in the Shahrizor plain, iraqi Kurdistan. Published by IRAQ Cambridge University Press. Volume ٧٨ , December ٢٠١٦ , pp. ٢٥٣ – ٢٨٤.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وسوو

کەوتووەتە سنوری گوندی (گورگە چیا). بە نزیکەی (٢٥٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای گردی قۆرتاسەوە. بەرزیەکەی نزیکەی دە مەتر بێت. لە ڕۆژنامەی سۆمەر لە ساڵی ١٩٦١ بە وصو ناوی هاتووە. ناوەکەی پێدەچێت لە یوسفەوە هاتبێت، کە لەسەر زاری خەڵکی ناوچەکە بەو ناوە دەوترێت وێسو. ڕووبەرەکەی نزیکەی دۆنم و نیوێک دەبێت. بە گردی ئاشەکەش ناودەبرێت، کە لە زەمانی حامد بەگدا دروستکراوە. بە ئاوی جۆگەی قۆرتاس و کانیی بەهارە، ئاشەکە ئیشیکردووە. بە گردە ماتەکەش ناودەبرێت، چونکە لە چاو گردی قۆرتاسدا بچوکترە. بە بڕوای نوسەر کۆنترە لە گردی قۆرتاس، چونکە جۆرە بەردێکی تێدایە، کە تیژ و نوکنن لە جۆری بەردە چەخماغە.

قوتە کەوە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). نزيکەى (٤٥٧م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. لەکاتى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى دەرياچەى دەربەنديخان، ئاوى دەرياچەکە چواردەورى دەگرێت و لەشێوەى دورگەيەکى بچووکدا دەردەکەوێت.

قوتەى دارە سێ قاچە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى (١٣٠٠م) لە سەنتەرى گوندەکەوە دووره. نزيکەى (٤٩٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە و بەهۆى بوونى دارێکـى سـێ قاچـەوه،‌ ناونـراوە گـردى دارە سـێ قاچە.

قووتى چياخوان

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندی (گڵێجاڵ). (١٠٥٠م) له ‌ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. لە باشورى خۆرهەڵاتييەوە (گردى ملە کەوته)‌ و شانى (کەڵەگا کەنان) و لە باکوريشيەوە گردەکانى (ڕەحمان مردوو، قوتى بلێلان) هەيە.

قۆرتاس

بە دووریی دوو کیلۆمەتر و نیو کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گورگەچیا)وە. یەکێکە لە گردە بەناوبانگەکانی ناوچەکە. بە چوار گردی دیکە دەورەدراوە. پێدەچێت بۆ پارێزگاریکردن لەم گردە سەرەکییە دروستکرابن. لە ١١ی ٥ی ١٩٤٦ لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عراقیدا بە شوێنەوار تۆمارکراوە. مێژووەکەی بۆ ٤٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. شێوەکەی هێلکەییە و بەرزییەکەی نزیکەی (١٥م) دەبێت. ڕووبەرەکەی زیاتر لە پێنج دۆنمە. دەڕوانێت بەسەر دەریاچەی دەربەندیخاندا و ئاو چواردەوریداوە. لەدوای گردەکانی بەکراوا و یاسین تەپە، لەڕووی گرنگی و بەرزیەوە، بە سێیەم گرد دادەنرێت. بە درێژایی مێژوو ئاوەدانی تێدابووە. لە ساڵی ١٩٦١ تیمێکی پشکنەری عێراقی بەناوەکانی تەها باقر و فواد سەفەر و باقر بەسمەجی بۆ پشکنین سەردانیانکردووە.

کانى گوێزێ

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى (١٦٥٠م) لە ناوندى گوندەکەوە دوورە. (٥٣٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. بەهۆى هەبوونى کانيیەک بەناوى (کانى گوێز) لە نزيک گردەکەدا ئەو ناوەی لێنراوە.