بەڕێکردنی مردوو لای یارسانەکان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەسی مردوو لە ئایینی یارسانیدا بە گوێرەی ئەرک و نەریتی ئایینی یارسان، چەند قۆناغ و ڕەسمێکی هەیە. لەوانە:
١- سروودی مردووشتن (دوعای غوسڵی مەیت): پەیوەندی بە مردووشتنەوە هەیە. ئاماژە بە ئاوی پیرۆزی تەشار کراوە و لە ڕووی ڕاستییەوە پاکبوونەوەی مردووەکە بەستراوەتەوە بە ئاوی تەشارەوە. سەرئەنجام ئەم دوعایەی بە ناوی پیربنیامینەوە تۆمارکردووە: سەرەتاکەی بەم جۆرەیە: پاکیان پاک با، جەی جامە و جەستە پاکیان پاک با، ئی ئاوە پەی نیەت حەیات بۆ ئەحیا، ئی پۆستەو سیفات زندەگیش ئارا، ئی ئاومان مجی وەسەر سیفاتی، پەی قاپی ڕۆحش باقیش حەیاتی، جە هەزارویەک دۆن بونیش نەجاتی، ئاسودەگیش بۆ جەی ڕای مەماتی.
٢- دوعای تەلقینی مردوو: پاککردنەوەی باوەڕداری مردووەکە و شایەتیدان لەسەر ئاییندار بوونی. نزاکردن و داوای هیممەت بۆی. بەم جۆرەیە: ئامین ئەو باقی، ئینا قاپ ڕۆح ئامین ئەوباقی، سەسپەردەی شەرت کەوسەر ساقی، ڕۆحش نە عالەم زەڕی بی باقی، وەکردار پاکی وەیەقین ساف، نەی فانی پڕ فەن نەکەردەن خیلاف، نەژێر بەیداخ هەفت لالە نوری، پیرش بنیامی نە گرد ئومووری، چون کردەش هەنەن نە لەوح ئەخزەر، بە یان وە ئیمداد داودەو ڕەهبەر، حازرەن وە حزور سوڵتان سەروەر، خەڵات باقیش جەیگا کەردنەوەر...
٣- دوعای خاکسپاری مردوو: یادخستنەوەی مردوەکە و چۆنیەتی وەڵامگۆیی لە خاکدا و لاڵانەوە و تەیکردنی ڕێگە و تەجەلا و دووبارە هاتنەوەی بۆ دونیا و پۆشینی پۆشاکی نوێی.. هتد. بەم جۆرەیە: وەشەرت و ئیقرار، بەرگت پۆشەنان وەشەرت و ئیقرار، بلە وە پابوس سوڵتان سالار، نازەو ناز ڕەوا جە پەروەردگار، و ئەرکان خاس وە گەردەت لار، وە غوسڵ باتن تەیب و تەیار، وە سەر سپردە دەست وە کردار، بلاڵە وەعجز بواچە وە زار، بگێرە دامان پیر بوردەبار، سەلام دە وە نویر شای خاوەندگار، دەهەن بشکاوە زوان کەر وە مار، ئیقرارت باوەر جە لای ساحێبکار، پەرێ ویەردەت بلاڵە ژ ئەو، هەتا وەکردەی وێت بکەرۆ سەوەو.
سەرچاوەکان:
- سرانجام مجموعه کلامهای یارسان، گرداوەری تحقیق و ویراسته: طیب طاهری، چاپخانەی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٧، ص٢٨١-٢٨٢.
- یارسان، ئەیوب ڕۆستەم، چاپی سێیەم، سلێمانی، ٢٠١٣، ل٢٠٨.
- کاکەیی، محەمەد ئەمین هەورامانی، بەغدا، ١٩٨٤، ل١٤٠.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم